پێنج ساڵه‌ سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان دانه‌مه‌زراون

پێنج ساڵه‌  سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان دانه‌مه‌زراون
2023-01-14T06:55:15+00:00
شەفەق نیوز/ پێنج ساڵ بەسەر دەرچوونی  یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی  هەرێمی کوردستان تێپەری، بەڵام ئەوان تا ئەم ساتەش بێبەشن لە مافی ڕەوای خۆیان کە دامەزراندنە لەسەر میلاکی زانکۆ وپەیمانگاکان،  کە بەهۆی خەراپی بارودۆخی ئابووری هەرێم ئەم چینەش هەوڵ و تێکۆشان و شەونەخونیەکانی چوار ساڵی خوێندنیان بوەتە قوربانی خەراپی بارودۆخی ئابووری.

 هەرچەندە لە ئێستادا بارودۆخی ئابووری هەرێم گەشاوەتەوە، بەڵام سەرەرای   ساڵانێک خۆراگری  و چاوەڕوانی حکومەتی هەرێم  بێ هەڵویستە و تا ئێستا بە دەم داواکاریەکانیانەوە نەچووە و  بەپێی قسەی نوێنەری سێ یەکەمەکان " تا ئێستا 30 خۆپیشاندان  ئەنجامدراوە بەڵام هیچ وەڵامێکی یەکلا کەرەوەیان دەستنەکەوتووە تەنیا ئەڵین؛  بەڵی ئەولەویەت بۆ ئێوەیە بەبی ئەوەی ئاوڕدانەوەیکی جدی لە کەێسەکە هه‌بێ.

لە ئێستادا دەرچوانی پێنج ساڵ بەسەریەکەوە ( 2017-2018  تا 2021-2022) کەڵەکە بووە و دانەمەزراون و لە چاوەڕوانی کردنەوی دەرگای  دامەزراندن بە رویاندا هەرچەندە ئەوان لەبارودۆخیکی دەرونی ناخۆشدان و تەنانەت هەندێکیان لەبەر بێ هیوایی وڵاتیان بەجێهێشتووە و رویان لە هەندەران کردووە و لە نێوان ئەو کەسانەش هەر لەو رێگایە توشی کارەساتی دڵتەزێن بوون.

 ‏تەنانەت بەهۆی دانەمەزراندیان کەلێنێکی گەورە لە زانکۆ و پەیمانگاکان دروست بووە،  هەر وەک فەرمانبەرانی زانکۆش گلەیی و گازندەیان هەیە و ئەڵێن بەرێوەچونی  کارەکانیان سەخت بووە  وکاتێکێ زۆرتریان پێ ئەچێت لە راییکردنی ئەرکەکانیان بەهۆی کەمی فەرمانبەرانەوە چونکە ساڵانە ژمارەیک لە موعیدەکان لە دوای تەواو بونی خزمەتی زانستیان رو لە   خوێندنی ماستەر  ئەکەن.

"ماوەی پێنج ساڵە چاوەڕێ دامەزراندنم کە مافی سەرەتایی هەموو یەکەمێکە"

زەینەب رەمەزان یەکیکە لە دەرچووە یەکەمەکانی ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ بە ئاژانسی شەفەق نیوزی وت: " من وەک یەکێک لە دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم  ماوەی پێنج ساڵە چاوەڕوانی دامەزراندنم کە مافی سەرەتایی هەموو یەکەمێکە، ئەبوایە ساڵێک دوای دەرچونمان دابمەزراباین، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارای و چەندین گرفتی ناوخۆی هەرێم دامەزراندنمان دواکەوتووە".

 زەینەب باسی لەوەکرد، " ئێستا کە ئەو کێشانە نەماوە داوای  مافی خۆمان دەکەین، چونکە هیچ پاساوێک نییە بۆ دانەمەزراندنمان ، نوێنەرو هاورێیانمان هەمیشە لەسەر خەتن و ماندوو نەناسانە داوای مافەکانمان ئەکەن، کە پێویست بوو بەبێ هیچ داواکردنێکی خۆمان ئەو مافەمان بۆ بگەرایەتەوە".

"زانکۆکان پێویستیکی زۆریان بە دامەزراندنی سێیەکەمەکانە"

پرۆفیسۆر ئاسۆ لەتیف عەزیز سەرۆکی زانکۆی خانەقین بەئاژانسی شەفەق نیوزی  وت، " ئێمە نەک هەر  پێویستمانە بەڵکو پێویستیێکی زۆرمان  بە دامەزراندنی سێ یەکەمەکانە بەڵام دامەزراندنیان لە دەسه‌ڵاتی حکومەتی هەرێم کوردستان و حکومەتی عراقە، ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمە بووە ئەنجامدراوە و ناوەکانیان بۆ وەزارەت بەرزکراوەتەوە بە مەبەستی دامەزرانیان ئەوەی دەمێنێتەوە لە دەسەڵاتی ئەوان دایە".

" فەرمانبەرانی زانکۆ زیاتر لە توانای خۆیان کار ئەکەن"

مامۆستا عوسمان بەرێوبەری سەرچاوە مرۆیەکان لە زانکۆی گەرمیان لە لێدوانێكدا  بە ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاند "  سێ یەکەمەکان تاکو ساڵی خوێندن 2016-2017 دا مەزراون، بەشێوەیکی گشتی زانکۆکان هەرهەموویان پێویستیان بە دەرچووه‌  یەکەمەکان هەیە بەتایبەتی لە زانکۆ نوێیەکان کە بریتین لە (هەڵەبجە، ڕاپەرین و چەرمۆ، گەرمیان).

ئێمە وەکو زانکۆی گەرمیان که‌ لە هەشت کۆلێج پێکهاتووە دوو بەشی زانستیمان  هەیە،  کەمی میلاکی  زۆرمان هەیە تەنانەت هەندیک کات   فەرمانبەرمان زیاتر لە تواناکانی خۆی کار ئەکات، ئەیخەێنە چەند لیژنەێکەوە بۆ چەندین شوێنی ئەنێرین بۆئەوەی کاری ئەو بەش و کۆلێژە بکات ئەمە بەڵگەیە بۆ هەبونی بۆشایی لە میلاکی زانکۆدا، جا ئەو یەکەمانەی کە دانەمەزراون لە 2017_2018  دەست پێئەکات تا 2021_2022، من خۆم داوای ناوەکانیانم کردووە سەرجەمیان بۆیان ناردووم  منیش بۆ وەزارەتم ناردووە کە پێشتر خۆیان داوایان کردبوو، ئیتر دیار نییە ئایا هەر هەموویان دا ئەمەزرێنن یاخوود تەنها دەرچووی 2017-2018  دا ئەمەزرێنن.

مامۆستا عوسمان وتیشی؛ بەڵێ لە زانکۆکان پێویستییان بە فەرمانبەرە ، ئەوانەی کە دائەمەزرێن هەرچەندە موعیدن کە یەکەمەکانن بەڵام بە فەرمانبەر دائەمەزرێن و کاری ئیداریان پێ ئەدرێت  یان کاری زانستیان پێ ئەدرێت لەگەڵ مامۆستایان، دوای ئەوەی  ساڵی خزمەتیان تەواو ئەکەن دەس ئەکەن بە خوێندنی ماستەر،   لە پێشتر حکومەت  بیانۆی خەراپی باری ئابووری هەبوو کەچی ئێستا باری ئابووری باشە و نرخی نەوتیش بەرزە، ئیتر ئەوەی بۆ دایان نامەزرێنن لای حکومەتە.

"ئێمە لەبارودۆخێکی دەرونی ناخۆشدا ئەژین"

نوێنەری دەرچووە سێ یەکەمەکان "کاروان عەلی"  بەشێوەیکی باسی لە گیروگرفتەکانیان و ئەو چالاکیانەی ک لەماوەی ئەم پێنج ساڵە ئەنجامیان داوە کرد و به‌ شه‌فه‌ق نیوزی راگەیاند: " هەڵبەتە ئێمە بۆ 30مین جارە خۆپیشاندانی دەرچووە یەکەماکانمان ئەنجامداوە، خۆپیشاندانەکانمان لەسەرجەم ناوچە جیاوازەکانەوە بووە لە سلێمانی و هەولێر و کۆیە و ...، خۆپیشاندانەکانی ئێمە روون و ئاشکرایە کە بۆ مەبەستی دامەزراندنە، ئێمە لە سۆنگه‌ی ئەوەوە داوا ئەکەین ئەمە مافێکی سەرەتای سەرجەم دەرچووە  یەکەمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەناو ناوەندەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان، چونکە ئێمە بە داتا لەلامانە لێکۆڵینەوەمان کردووە لەناو زانکۆ و پەیمانگاکان کە ئێمە پێویستییەکی زۆر گرنگی ناو ناوەندەکانی زانکۆو پەیمانگاکانین، چونکە لە ساڵانی  پێشووتر زۆربەی هەرە زۆری موعیدەکان رۆشتوون بۆ خوێندنی ماستەر و بۆشاییەکی زۆر دروستبووە، هەر بۆیە ئەمە وایکردووە زانکۆ وپەیمانگاکان  خۆیان داوا بکەن ئەوانەی ماستەر و دکتۆرایان لە وڵاتانیتر تەواوکردووە  بە وانەبێژی یاخود بە عەقد بیانهێننەوە، ئەمەش جارێکیتر ستەمکردنە لە دەرچووە یەکەمەکان، چونکە  ئه‌وان جێگای یەکەمەکانیان گرتووەتەوە.  ئەوەی کە ئێمە ئەمجارە داوامان کردووە و تیشکمان خستەسەری ئەوەیە بەزووترین کات دامانمەزرێنن، هه‌ڵبه‌ت  لە 17/9/2022 ئەم کەێسە  لەلایەن حکومەتی عراقی جولێنراوە، و لە 30/10  نوسراوی فەرمی هاتووە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کەوا داوای ناوی سەرجەم دەرچووە یەکەمەکان ئەکات بۆ بابەتی دامەزراندن.

کاروان بەردەوام بوو لە قسەکانی و وتی:  لە هەرێمی کوردستانیش ئێمە چەندین جارخۆپیشاندانمان کردووە و چوینەتە  به‌رده‌ركه‌ی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و چوینەتە لای وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، و هەموو لاێک بە دەنگ پاڵپشتن بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری نەگیراوەتەبەر"،  ئێمە داوامان کردووە بەزووترین کات دابمەزرێین چونکە پێویستیەکی ناو ناوەندەکانی زانکۆ و پەێمانگاکانین، جگە لەوەش داوامان کردوە ئەمە بکرێت بە یاسا لە هەرێمی کوردستان هەر وەکو حکومەتی فیدراڵی عراق چونکە هیچ پێویست ناکات رۆڵەی هەژار بە چڵەی زستان و بە چلەی هاوین بڕژێنە سەر شەقام و داوای سەرەتایترین مافی خۆیان بکەن.

نابراو گوتی، ئەوەی کە پێمخۆشە تیشکی بخەمەسەر ‌ تاوەکو ئێستا ئەو نوسراوەیە کە لەلایەن حکومەتی عراقەوە نێردراوە هیچ دەنگۆیەکی له‌سه‌رنییە و بزره‌، ئەم جارەش  له‌گه‌ڵ دکتۆر سانا کە بەرێوبەر گشتی ئەنجومەنی وەزیرانە  و لەگەل مامۆستا محەمەد کارگێری ئەنجومەنی وەزیران  قسەمان کرد  بةڵام هیچ زانیاریکی ئەوتۆیان پێ نه‌داین و هیچ کاتێکیان  دیاری نه‌كرد  بۆ بابەتی دامەزراندنمان، کە ئەمەش جێ نیگەرانیکی زۆرە لەلای یەکەمەکان.

ئەگەر  ئەم جارە وەڵامی کەیسەکەی ئێمە نەدرێتەوە لەماوەیکی نزیکدا دەرگاکانمان بۆ واڵا نەکەن یاخوود زانیاری تەواومان  پێ نەدەن کەوا بەنیازی چین، ئەوە بە دڵنیاییه‌وە  سه‌رجه‌م ئێمەی دەرچووە یەکەمەکان هەڵوێستی خۆمان ئەگۆرین، ئێمەی یەکەمەکان کەسانیکی ئەکادیمین هەرگیز نەمان ویستووە بشێوی لە شارەکان دروستبکەێن، ئەمە هەرگیز  لە پرەنسیپ و ویستی ئێمە نەبووە وەکو چین و توێژەکانیتر پێمان خۆش نەبووە جادە و شەقامەكان بگرین و کێشە بنێینەوە بەڵام کە " جام پڕ بوو لێی ئەرژێت"، سەرجەم دەرچووە یەکەمەکان داوای خۆپیشاندان ئەکەن داو ئەکەن بڕژێنە سەر شەقام ئێمەی دەستەی نوێنەرایەتی ئەوانمان راگرتووە، ک نەخێر ئێمە لەگەڵ توندوتیژیدا نین و نامانەوێت بشێوی لە هیچ ناوچەیكی هەرێم کوردستان دروست بێت، وتیشی "ئەگەر وا بێت پێنج هەزار یەکەم ئەرژێتە سەرشەقام و مان ئەگرێت، بویە ئێمە بە کورتی و بە پوختی داوا ئەکەێن دامەزراندنی ئێمە رابگەێنن".

ئێمە پێشووتر دەمانزانی کە وا بابەتی داعش و قەیرانی دارایی و نەوت و کۆمەڵێ کێشە کە لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵدابوو هۆكارو  بیانوویک بوو دەیانوت کاتەکەی گونجاو نییە،  ئەو بیانوه‌شمان لە هەرێم بڕیوە،  ئێستا نرخی نەوت بەرز بووە و بابەتە توندوتیژیەکانی داعش لە هەرێم بوونی نەماوە و ناوچەکە سەقامگیرە و لەرووی ئابووریەوە دۆخی حکومەتی هەرێم بەرەو باشتر رۆیشتووە، بۆیە بەراستی پێویسته‌  ئاوڕ لە ئێمە بدرێتەوە.

ئێمە کۆنتاکتمان لەگەڵ حکومەتی عراقی و ئەندام پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران هەیە بەڵام ئەم هەوڵانە هەمووی بێ ئەنجامە، ئەم هێنان و بردنەی یەکەمەکان لەپای چی؟  ئەم ناشەفافی و وەلام نەدانەوەی ئانجومەنی وەزیران و وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی حکومەت لەپای چی؟ 

بۆچی دکتۆر ئارام ناێتە ناو خۆپیشانداناکان؟  بۆچی خۆەی رونکردنەو نادات؟ 

  کاروان بەم شێوەیە کۆتایی بە لێدوانەکەی هێنا و وتی: "بەراستی ئێمە لە بارودۆخیکی دەرونی زۆر ناخۆشدا ئەژین، ئێمە چاوەرێی هەواڵی دڵخۆشکەرین، و چاوەڕێین حکومەتی عراق سەرجەم یەکەمەکان دامەزرێنێت هەرچەند ئەگەر ئەو ئەگەرە بوونی هەبێت ئەگەر نا چاومان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

 جێی باسە دامەزراندنی سێ یەکەمه‌كان لە زانکۆو  پەیمانگاکان نەک بە تەنها ماف و پاداشتی شەونەخونی و ماندووبوونی ئەو کەسانەیه‌ بەڵکو هۆکاریکە بۆ بزواندنی هەستی پێشبڕکێ کردن لە خوێندن و بەرزبوونەوەی ئاستی زانستی لە نێو خوێندکاران، بە بێ بەشکردنیان لەو مافە کێبڕکی زانستیش بەرەو کزبوونەوە ئەڕوات.

Shafaq Live
Shafaq Live