هێزی هاوپەیمانی کوردی عەرەبی

هێزی هاوپەیمانی کوردی عەرەبی
2021-05-11T08:53:44+00:00

به‌در ئسماعیل شێرۆكی/ فرانکلین روزڤێلێت، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا دەڵێ، لە سیاسەتدا هیچ شتێک رێکەوت نییە، هەموو ئەو شتانەی لە ئێستادا روودەدەن، لە پێشەوە نەخشەیان  بۆ کێشراوە.

هەموو ئەو ریزبەندی و هاوپەیمانی و دەستەسازیەی لە کوردستانی بەر لە هەلبژاردن روو دەدەن، دەرەنجامی کۆمه‌ڵێک ئەنجامگیری بەدیهاتوو لەرووداوە سیاسی و ئیدۆلۆژیە حزبی و گرۆپی و ناکۆکیە ناوخۆییەکانی بێ چارەسەری چوارساڵی رابردووی پڕ لە کێشمەکێش و بەیەکەوە نەسازانی هێزە کورستانیەکانە.

تەڤلی بوون و هاوبەندی کورد- کورد، ئەگەر لەسەر بنەڕەتی کۆنەقین و ئێسقان شکاندنیش بێت، لێ پاساوی نیشتیمانی و بەربەرەکانەی ناوخۆیی و دیموکراسی هەڵدەگرێ و دەشێ لەچوارچێوەی یەکگرتنی کوردی و بەهێزکردن و فراوانکردنی پرۆسەی دیموکراسی دەستخۆشانەی لێبکرێ، لێ ئەگەر هاوبەندی کوردی - کوردی،  تێکەلی ریزبەندی و هاوپەیمانیە عەرەبیەکان بکرێ، ئەوە، مڵشکاندنی بەشێک لە نەتەوەیە، بەهۆی هێزی نەتەوەیەکی دیکە.

ئەگەر ئامانج لەو هاوپەیمانیە عێراقییە، بەدیهێنانی هاوسەنگی هێز، بەهۆی پتانسێلێک کە لەدەرەوەی وزە و هێزی مرۆڤیی خۆیەتی، بەسەر هێز وبەرەی ناوخۆیی کوردستان بێت، ئەوە نە کارێکی لۆژیکی وعەقلانیە، نە ئایەندەیەکی روناک، بۆ هیچ لایەنێک دەستەبەر دەکات.

هاوبەندی و تێکەڵکردنی کارتی کوری عەرەبی، بەهەموو پێوەر ومەرج وفۆڕمێک بێت، پاشکشەی دۆزی نەتەوەیی کوردە و خزانێکی سەربەرەو خواری خێرایە، بەرەو بەعێراقیکردنەوەی پرسی کوردی و گشت ئەو پرەنسیپانەی کە تایبەتمەندیە، هەرێمی وسەرزەمینی و ستراتیژیەکانمان بۆ دەخەمڵێنێ.

لەو سۆنگەوە، کە بەشێوەیەکی نەریتی، وزە و توانای زۆرینە و بەهێزتر وزەو توانای لاوازتر هەڵدەڵۆشێ و دەخاتە خزمەتی خۆیەوە، ئەو پرسیارە دێتە گۆ، کە هێزی هاوپەیمانی کوردی عەرەبی، دەکەوێتە خزمەتی کامە ئامانج و ستراتیژی دژیەکی مێژوویی کورد و عەرەبەوە . ئایا دەبێ کورد بۆ هاوپەیمانی زۆرینەی باڵادەستی عەرەب دەست هەڵبڕێ، یان عەرەب بە قازانجی کورد، لە باڵادەستی و هەیمەنە مێژووییەکەی خۆش دەبێت؟

Shafaq Live
Shafaq Live