دیاردەی جەنگ لە نێوان ڕەهەندە مێژووییەکان و شیکاریی سۆسیۆ - فەلەسەفیدا

دیاردەی جەنگ لە نێوان ڕەهەندە مێژووییەکان و شیکاریی سۆسیۆ - فەلەسەفیدا
2026-04-16T08:34:25+00:00

وەرگێڕان و هەڵسەنگاندنی وتارەکەی ڕەعد موسا جبووری

وەرگێڕان و ئامادەكردنی: د. ئەحمەد حەمەدئەمین

ڕەعد موسا جبووری لە ڕۆژنامەی (طریق الشعب) ژمارە (99) لە 12ی نیسانی 2026 وتارێك بە ناونیشانی: جەنگ وەک دیاردەیەک لە مێژوودا و لە ئێستادا "الحرب ظاهرة في التاریخ والان" ناوەرۆكی بابەتەكە لەم ڕووداو پێشهاتە سیاسییانەی ئەمڕۆی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت مایەی سەرنجە، لەبەر ئەوەی بە پێویستمان زانی هەم وەرگێڕان بۆ دەقی وتارەكە بكەین، هەمیش هەڵسەنگاندنێكی زانستی. 

دەقی وتارەكە بە زمانی كوردی

جەنگ وەک دیاردەیەک لە مێژوودا و لە ئێستادا

هیچ کەسێک ئەوەندە بێ ‌ئەقڵ نییە کە جەنگ لەبری ئاشتی هەڵبژێرێت؛ چونکە لە ئاشتیدا کوڕان باوکانیان دەسپێرنە خاک، بەڵام لە جەنگدا باوکان کوڕانیان دەسپێرنە خاک. ئەمە ئەو وتەیەیە کە هێرۆدۆت زیاتر لە 2400 ساڵ پێش ئێستا لە کتێبی "مێژووەکان"دا نووسیویەتی.

کاتێک بیر لە بابەتی جەنگ دەکەینەوە، هەندێک دەڵێن ئەمە دیاردەیەکە گەردوون دوای دەرکەوتنی ژیان لەسەر زەوی ناسیویەتی، تەنها سێ جۆر زیندەوەر هەن کە تێوەگلاوی جەنگ دەبن: مرۆڤ، شەمپانزی و مێرولە.

سەبارەت بە مرۆڤ، جەنگ دیاردەیەکی باو بووە کە هاوشانی مێژووەکەی ڕۆیشتووە. زۆر کەس ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ مەیلی سروشتی بۆ کوشتن و هەندێک جار دەڵێن جینێکە و لە شێوەی هۆرمۆنێکی بکوژدا دەردەکەوێت. کۆنترین بەڵگەی شوێنەواری لەسەر جەنگ بۆ 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، واتە پێش دەرکەوتنی پێکهاتە و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سەرمایەداری، شار و دەوڵەت و پێش سەرەتاکانی ژیانی کشتوکاڵیی جێگیر. ئێمە مەیلی جەنگ لە کۆمەڵگاکانی ڕاوچی و کۆکەرەوە، کۆمەڵگاکانی مەڕدار و جوتیار و دواتر لە کۆمەڵگای پیشەسازی و تەنانەت پاش - پیشەسازی و لە کۆمارە دیموکراسییەکان و دیکتاتۆرییە ئایدیۆلۆژییەکاندا دەبینین، وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیشبینین.

وا دیارە تەفسیرە باوەکە کە پشت بە هۆرمۆنی نێرینە (تێستۆستیرۆن) دەبەستێت، لە ڕواڵەتدا و لە یەکەم نیگادا لەگەڵ ڕاستییەکان دەگونجێت، بەڵام ئەگەر بە قووڵی تێبفکرین، دەبینین جەنگ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی یەکجار ئاڵۆزە و ناکرێت تەنها بە غەریزەیەکی جەنگیی شاراوە لای مرۆڤ لێکبدرێتەوە. ئەو جەنگانەی توندوتیژییان تێدا ڕوودەدات تەنها بەشێکن لە پرۆسە ئاڵۆزەکانی جەنگ. گرنگترین پرۆسەکانی جەنگ پێکدێن لە چالاکییەکانی ئامادەکاری و کۆکردنەوەی هێز بۆی؛ وەک ڕێکخستنی سوپا، ئامادەکردنی هۆشیاریی شەڕکەران لە ڕووی فکرییەوە، کۆکردنەوەی سەرچاوەکان، پلانی پیشەسازیی چەک و کۆکردنەوەی جەماوەری و سیاسی و تاد. لێرەدا تەنها پیاوانێک نابینین کە ماڵەکانیان بەجێدەهێڵن و قژیان کورت دەکەنەوە و چەک دروست دەکەن و ڕادەهێنرێن، تەنها لەبەر غەریزە و هۆرمۆنەکان بێت.

بەپێچەوانەی تیۆرە بایۆلۆژییەکانی جەنگ، هاندانی پیاوان بۆ شەڕکردن کارێکی ئاسان نییە. لە سەدەکانی ڕابردوودا بینیمان کە پیاوان پەنایان بۆ چەندین شێواز بردووە بۆ خۆدزینەوە لە جەنگ، وەک هەڵاتن، بەجێهێشتنی نیشتمان و تەنانەت بڕینەوەی ئەندامانی جەستەیان وەک پەنجە و قاچ، یان خۆپیشاندان بە شێتی. بۆ نموونە، ئاستی بێمتمانەیی بە سەربازان لە سوپای بەناوبانگی پڕۆسیا لە سەدەی هەژدەهەمدا گەیشتە ڕادەیەک کە سەرکردایەتییە سەربازییەکان فەرمانیان دەرکرد کە ڕێگری بکرێت لە خێوەت لێدان لە نزیک دارستانەکان، لە ترسی ئەوەی سەربازەکان لە پشت دارەکانەوە ون ببن (ڕابکەن). تەنانەت کاتێک پیاوان بۆ شەڕ کۆدەبنەوە، کوشتن لای ئەوان کارێکی سروشتی و خۆرسک نییە؛ وەک ئەوەی پێشەنگ دەیڤ گڕۆسمان لە کتێبەکەیدا "سەبارەت بە کوشتن: تێچووی دەروونیی فێربوونی کوشتن لە جەنگ و کۆمەڵگادا" ڕوونی کردووەتەوە، یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەكانی مەشقی سەربازی، هاندانی سەربازەکانە بۆ تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە دوژمنان.

جەنگ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وەک ململانێیەکی چەکداریی توندوتیژ و شەڕێکی ڕێکخراو لەنێوان گرووپەکان و دواتر لەنێوان دەوڵەتەکاندا بە بەکارهێنانی چەک دەرکەوتووە. بەزۆری ناوەندی فەرماندەیی بۆ جەنگ هەیە. جەنگەکان ئامانجیان بەدەستهێنان و سەپاندنی ئامانجی سیاسی، ئابووری و ئایدیۆلۆژییە، زۆرجار وێرانکارییەکی بەرفراوان و مەینەتی و قوربانیی زۆری مەدەنییان لێدەکەوێتەوە.

لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی جەنگ: 

1. بەکارهێنانی هێز لە ململانێیەکی چەکداریی بەردەوامدا کە تەنها لە پێکدادانی کاتی کورت نەکراوەتەوە..

2. ڕێکخستن: بەکارهێنانی گرووپی ڕێکخراو (وەک سوپا، میلیشیا یان ڕاپەڕیوەکان) کە خاوەنی پێکهاتەی فەرماندەیی بن.

3. ئەکتەرەکان: ململانێی نێوان دەوڵەتان (جەنگی نێودەوڵەتی) یان ململانێی ناوخۆیی یەک دەوڵەت (جەنگی ناوخۆ) یان تێکەڵەیەک لە هەردووکیان.

4. ئامانجەکان: وەک وەرگرتنی دەسەڵات، زەوی، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان، سەپاندنی بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیا، یان تێکەڵەیەک لەم ئامانجانە.

زۆرجار جەنگەکان دوای شکستی هۆکارە دیپلۆماسییەکان و چارەسەرنەکردنی ململانێی پەیوەست بە دەسەڵات، سەرچاوەکان (وەک نەوت و ئاو)، زەوی و ناوچە ئیقلیمییەکان، یان هەژموونی سیاسی و جیاوازیی ئایینی ئایدیۆلۆژی هەڵدەگیرسێن، کە تێیدا دەسەڵاتی زاڵ بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی پەنا بۆ توندوتیژی دەبات.

هۆکارە بنەڕەتییەکانی جەنگ بریتین لە:

• ململانێ لەسەر دەسەڵات و هەژموون: ئارەزووی دەوڵەت و گرووپەکان بۆ فراوانکردن یان پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان یان داگیرکردنی زەوی.

• ململانێ لەسەر دابەشکردن یان کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان: وەک ئاو، نەوت و زەوییە کشتوکاڵییە بەپیتەکان.

• گرژییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان: کە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی بەرانبەر ستەم و سەرکوتکردنی ئازادییەکان دروست دەبن.

• جیاوازییە بیروباوەڕی و ئایدیۆلۆژی و ئایینییەکان: ململانێی نێوان توندڕەوە ئایینی یان مەزهەبییەکان کە هەوڵدەدەن بیروباوەڕی خۆیان بەسەر کەسانی دیكەدا بسەپێنن.

• مەترسییە ئەمنییەکان: کاتێک گرووپێک یان دەوڵەتێک چەکدار دەبێت لەبەر ترسی یان بۆ باڵادەستی، ئەمە وای لە دراوسێکانی دەکات هەست بە هەڕەشە بکەن و ئەوانیش چەکدار ببن، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و هەڵگیرسانی جەنگ.

جەنگ لە فکری مارکسیدا

فکری مارکسیی کلاسیک چوارچێوەیەکی تیۆریی گرنگ بۆ شیکردنەوەی هۆکارەکانی جەنگ پێشکەش دەکات. بەپێی گەشەسەندنی کۆمەڵگاکان، ئەم تێڕوانینە پەرەی سەندووە بۆ ئەوەی لێكدانەوەیەكی گشتگیر بۆ جەنگەکانی سەردەم بدات. فکری مارکسیی کلاسیک پێشتر جەختی لەسەر هۆکارە ئابووری و پێکهاتەییەکان دەکردەوە و ڕەچاوی هۆکارەکانی پەیوەست بە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و ململانێی ئایینی و مەترسییە ئەمنییەکانی نەدەکرد.

گرنگترین خاڵەکانی فکری مارکسیی کلاسیک ئەمانە بوون:

• ئیمپریالیزم و کێبڕکێی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان: ئەوەی لێنین پەرەی پێدا کە جەنگ لە سایەی سەرمایەداریدا بەهۆی کێبڕکێی نێوان دەوڵەتە سەرمایەدارەکانەوە لەسەر بازاڕ و کەرەستەی خاو دروست دەبێت.

• ململانێی چینایەتی و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان: جەنگ وەک ئامرازێک بۆ بەتاڵکردنەوەی ناکۆکییە چینایەتییە ناوخۆییەکان و کۆنترۆڵکردنی چینە چەوساوەکان و دابینکردنی قازانجی دامەزراوەکانی چەک بەکاردێت.

• فکری ئایدیۆلۆژیی نەتەوەیی و ئایینیی توندڕەو: لە ڕوانگەی مارکسییەوە، بۆ بەرژەوەندیی چینی دەسەڵاتدار توندڕەویی نەتەوەیی و ئایینی وەک ئایدیۆلۆژیایەک بەکاردێت بۆ هاندانی چینە ڕەنجدەرەکان و تێوەگلانیان لە جەنگدا.

زانستە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکان ئەم چەمکانەیان چەسپاند و زیادکردنی گرنگیان بۆ بیرۆکە بنەڕەتییەکانی مارکس و ئەنگڵس کردووە. قووڵتر بوونەوە لە ڕۆڵی هۆکارە بیروباوەڕی و ئایدیۆلۆژییەکان؛ چونکە زۆر جەنگ ڕوویانداوە و ڕوودەدەن کە پاڵنەرەکەیان نەتەوەیی یان ئایینی یان ڕەگەزییە نەک تەنها هۆکاری ئابووری و قازانج، هەروەها تێگەیشتن لە دەوڵەت قووڵتر بووەوە؛ دەوڵەتە دیموکراسییە هاوچەرخەکان نوێنەرایەتی بەرژەوەندیی توێژێکی فراوانتر دەکەن و جەنگەکان لەبەر بەرژەوەندیی جیۆپۆلیتیکی ئاڵۆز هەڵدەگیرسێن، هەروەها ڕۆڵی تاک و دەروونیی بڕیارەدەستەکان وەک هۆکارێک لەبەرچاو دەگیرێت.

وەک پوختەیەک، مارکسیزمی کلاسیک ئامرازێکی کاریگەری بۆ شیکردنەوەی پاشخانە ئابوورییەکان پێشکەش کرد، بەڵام گەشەسەندن و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکانی دوای شۆڕشی پیشەسازیی سێیەم و چوارەم و دیاردەی جیهانگیری، بوونە هۆی پەرەپێدانی ئەم تێڕوانینە زانستییە، بەڵام بنەما و هەڵوێستی شیوعی و مارکسی- لێنینی لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی جەنگە. لێنین چەمکی "جەنگی دادپەروەرانە"ی تەنها بۆ جەنگەکانی ڕزگاریی نیشتمانی و بەرگری لە "نیشتمانە سۆسیالیستییەکان" دیاری کرد. بۆیە ڕاست نییە ئەم سیفەتانە بدرێتە پاڵ جەنگێکی نێوان لایەنەکان کە هەموویان بۆ فراوانخوازی و چەوساندنەوە و سەپاندنی بیروباوەڕی توندڕەوی ئایینی و مەزهەبی شەڕ دەکەن.

دیدگای فکری زانستی مارکسی بۆ ئایین

مارکسیزم ئایین وەک هۆکارێکی ڕاستەوخۆی جەنگ نابینێت، بەڵام پێی وایە هەندێک کەس ئایین بەکاردێنن بۆ شاردنەوەی تەماحەکانیان بۆ باڵادەستی. فکری زانستی لە دوو ڕوانگەوە سەیری ئایین دەکات: لە لایەکەوە شێوازێکی ژیانی ڕۆحییە کە بانگەواز بۆ ئاشتی و خۆشەویستی و دڵنیایی مرۆڤ دەکات، بەڵام لە لایەکی دیكەوە چینە سیاسییە دەسەڵاتدارە توندڕەوەکان وەک ئامرازێکی ئایدیۆلۆژیی ساختە بەکاری دەهێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی هۆشیاریی جەماوەر و بردنە ناو جەنگە وێرانکەرەکانەوە.

مارکس جەختی لەسەر لایەنی بەکارهێنانی ئایین بۆ سڕکردنی (تەخدیرکردنی) جەماوەر کردەوە، بەڵام ئەنگڵس سروشتێکی دووفاقیی بۆ بەکارهێنانی فکری ئایینی دەبینی، بەتایبەت لە کتێبەکەیدا "جەنگی جوتیاران لە ئەڵمانیا". لە لایەک هێزە ستەمکارەکان بۆ پاساوی جەنگەکانیان بەکاری دەهێنن، و لە لایەکی دیكە دەکرێت ئایین ببێتە هۆکارێک بۆ هۆشیاریی جەماوەری هەژار لە تێکۆشانیان دژی ستەم و بۆ سەروەریی ئاشتی. نموونەکانی وەک نێڵسۆن ماندێلا، مەهاتما گاندی و مارتن لۆسەر کینگ، تێکۆشانی جەماوەریی ئاشتییانەیان ئەنجامدا کە بە سەرکەوتن کۆتایی هات.

وێرانکاریی ئەنجامی جەنگەکان

جەنگ تەنها وێرانکاری و زیان بۆ نیشتمان و گەلان دەهێنێت، ئەم کاریگەرییانەش تەنها لە کاتی جەنگدا نین، بەڵکو دوای جەنگیش بەردەوام دەبن. زیانەکان لایەنی دەروونی، کۆمەڵایەتی، ماددی، ئابووری، ژینگەیی و مرۆیی دەگرێتەوە. جەنگ دەبێتە هۆی ئاوارەبوون، گۆڕینی دیمۆگرافیا، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، داڕمانی دامەزراوەکان و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی. ئاوەدانکردنەوەی ئەمانەش پێویستی بە سەرچاوەی گەورە و دەیان ساڵ کات هەیە.

بۆیە جەختکردنەوەی فەرمیی عێراق و کۆدەنگیی هێزە نیشتمانییەکانی لەسەر پابەندبوون بە سیاسەتی "دوورەپەرێزی" (النأي بالنفس) لە ململانێ چەکدارییەکان و گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە و هێشتنەوەی بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنها لە دەستی دەوڵەتدا، بڕیارێکی نیشتمانیی ستراتیژیی دروستە. هەر ڕەفتارێک پێچەوانەی ئەم کۆدەنگییە بێت، بە تیرۆر و خیانەت لە نیشتمان و گەل دادەنرێت.

ئاشتی کلیل و مەرجی ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانە و نیشتمانیش پیرۆزە. ئیمام عەلی (سڵاوی خوای لێبێت) فەرموویەتی: "وڵاتان بە خۆشەویستی نیشتمان ئاوەدان بوونەوە."

هەڵسەنگاندنی ناوەرۆكی ئەم وتارە: 

ئەم وتارەی نووسەر (ڕەعد موسا ئەلجبووری) بابەتێکی فرەڕەهەند و قووڵە کە لە تێڕاوانێكی زانستی، مێژوویی و سۆسیۆلۆژییەوە شیکاری بۆ دیاردەی جەنگ کردووە. لەم چوارچێوەیەدا دەكرێت گرنگی ناوەرۆكەی لەم خاڵانەی خوارەوە شی بكرێتەوە: 

یەكەم:  هەڵسەنگاندنی زانستی و میتۆدی 

یەکێک لە خاڵە بەهێزە زانستییەکانی وتارەکە ئەوەیە کە تەنها لە گۆشەنیگایەکی تەسکەوە (وەک هۆرمۆن یان جینات) سەیری جەنگ ناکات، بەڵكو نووسەر بە پشتەستن بە توێژینەوەی دەروونی و سەربازی (وەک ئاماژەدان بە دەیڤ گڕۆسمان)، دەسەلمێنێت کە جەنگ پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییە نەک تەنها غەریزەیەکی ئاژەڵی. ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ زانستی سۆسیۆلۆژیای هاوچەرخ کە جەنگ وەک بەرهەمێکی کولتووری و ڕێکخراوەیی دەبینێت.

وتارەکە بە شێوەیەکی زانستی ئاماژە بەوە دەکات کە جەنگ پێش شارستانییەت و دەوڵەتیش هەبووە (12 هەزار ساڵ پێش ئێستا). ئەمە نیشان دەدات کە جەنگ پەیوەستە بە شێوازی کۆکردنەوەی سەرچاوەکان و ململانێ لەسەر مانەوە، نەک تەنها سیستەمێکی سیاسی دیاریکراو.

وتارەکە تەنها لە چوارچێوەی مارکسیزمی کلاسیکدا نامێنێتەوە، بەڵکو گەشەسەندنی فکری مارکسی بەرەو "نیۆ-مارکسیزم" یان مارکسیزمی هاوچەرخ ڕوون دەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا دان بەوەدا دەنێت کە تەنها ئابووری هۆکاری جەنگ نییە، بەڵکو (ئایدیۆلۆژیا، ناسنامە و دەروونناسیی تاک) ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.

دووەم: گرنگیی ناوەرۆکی وتارەکە

تارەکە گرنگییەکی زۆری هەیە لە تێگەیاندنی خوێنەر کە جەنگ تەنها پێکدادان نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزی ئامادەکاری، پڕوپاگەندە و تێپەڕاندنی بەربەستە دەروونییەکانی مرۆڤە بۆ کوشتن. ئەمەش هۆشیارییەک دروست دەکات کە جەنگ هەمیشە دروستکراوە.

یەکێک لە گرنگترین پەیامەکانی وتارەکە، جیاکردنەوەی ئایینە وەک پەیامێکی ڕۆحی و ئاشتیخواز لە ئایین وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ شەرعیەتدان بە جەنگ. ئەمە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرنگە کە تێیدا هەست و سۆزی ئایینی بۆ ململانێی سیاسی بەکاردەهێنرێت.

وتارەکە لە کۆتاییدا دەگاتە ئەنجامێکی پراکتیکی گرنگ بۆ دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە. ئەویش پشتگیریکردنی دەوڵەتە لە بڕیاری جەنگ و ئاشتیدا و دوورکەوتنەوە لە ململانێی وڵاتانی دیكە سیاسەتی بێلایەنی (النأي بالنفس). ئەمە گوتارێکی عەقڵانییە کە بەرژەوەندیی هاووڵاتی و پاراستنی ژێرخانی وڵات دەخاتە پێش دروشمە ئایدیۆلۆژییەکان.

وتارەکە بەوە کۆتایی دێت کە جەنگ تەنها لە ناو گۆڕەپانەکەدا نییە، بەڵکو کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر ژینگە، دەروونی نەوەکان و ئابووری هەیە. ئەمەش بانگەوازێکە بۆ پیرۆز ڕاگرتنی ئاشتی وەک مەرجی یەکەم بۆ هەر گەشەپێدانێک.

ئەنجام

ئەم وتارە تەنها نووسینێکی سیاسی کاتی نییە، بەڵکو نەخشەڕێگەیەکی فکرییە کە هەوڵ دەدات جەماوەر لە سۆزی کوێر و کاردانەوەی غەریزی، بەرەو تێڕامانی زانستی و بەرژەوەندیی نیشتمانی؛ دوور بخاتەوە. دواجار گرنگییەکەی لەوەدایە کە ئاشتی وەک پێویستییەکی عەقڵانی و زانستی پێناسە دەکات، نەک تەنها وەک دروشمێکی لاواز.

Shafaq Live
Shafaq Live