بەختیار عەلی بەرەو خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات
بەکر شوانی/ دوێنێ لە خوێندنەوەی ڕۆمانی "بەندەر فەیلی" کە نوێترین شاکاری ڕۆماننووسی لێهاتوو کاک بەختیار عەلی-یە، بوومەوە. هەر لە لاپەڕەکانی سەرەتاوە هەستێکم لەکن دروست بوو کە لەگەڵ تەواوکردنی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا گەیشتە ترۆپک؛ هەستی ئەوەی شاکارێک دەخوێنمەوە کە لە زمانێکی ترەوە وەرنەگێڕدراوە، بەڵکو زادەی بیر و هزری نووسەرێکی کوردە و بەرهەمێکی ناوازەیە بە زمانی کوردی لە دایک بووە.
نووسەر لە ڕێی گێڕانەوەی بەسەرهاتی ژیانی بەندەر فەیلییەوە مێژووی تاریک و پڕ لە خوێن و جەور و ستەمی نزیکەی چل ساڵی ڕابردووی دەوڵەتی بەناو عێراقمان بۆ دەگێڕێتەوە و بە وشە تابلۆیەکی ڕەشی ئەو سەردەمە ترسناکەمان بۆ دەکێشێت. ڕۆمانی "بەندەر فەیلی" ئەگەرچی بە ڕواڵەت گێڕانەوەی بەسەرهاتی منداڵێکی کوردی فەیلییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بابەتێکی تەواو مرۆیییە و ختووکەی هەستی هەموو مرۆڤایەتی دەدات.
پێشتر هەندێک لە خوێنەران بۆچوونیان وا بووە گوایە هەندێک لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی درێژن، بەڵام ڕۆمانی "بەندەر فەیلی" بەلای منەوە وەک ئەوە وایە نووسەر هەموو نەهامەتی و ئازارەکانی چل تا پەنجا ساڵی ڕابردووی میللەتانی عێراقی لە فلاشمیمۆرییەکی زۆر بچووکدا خەزن کردبێت.
بەختیار عەلی ساڵی 2021 بە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی "داگیرکردنی تاریکی" لە هونەری ڕۆماننووسیندا گەیشتە ئەو قۆناغەی کە نەجیب مەحفوز ساڵی 1962 بە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی "کوڕانی گەڕەکەکەمان" و ئۆرهان پاموک ساڵی 2022 بە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی "بەفر" پێی گەیشتن. ڕۆمانی "بەندەر فەیلی" درێژەپێدەر و تەواوکەری "داگیرکردنی تاریکی"یە و بە خوێندنەوەی ئەو دوو ڕۆمانە بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئێمە لەبەردەم ڕۆماننووسێکداین کە بە پێی ستانداردە جیهانییەکان دەنووسێت و لە بەجێگەیاندنی ڕێساکانی هونەری نووسینی ڕۆماندا گەیشتووەتە لووتکە.
من، وەک خوێنەرێک کە هەموو بەرهەمەکانی بەختیار عەلیم بە شیعر و ڕۆمان و فیکرییەکانەوە خوێندووەتەوە و هاوکات سەرجەم بەرهەمەکانی ئۆرهان پاموکیشم بە زمانی تورکی خوێندووەتەوە و چوار ڕۆمان و کتێبێکی ویم وەرگێڕاوە، پاش خوێنەوەی ڕۆمانی "بەندەر فەیلی"، دەبینم هەموو ئەو مەرجانەی کە لە پاموکدا هەبوون بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات لە ساڵی 2006، بە زیادەوە لە بەختیار عەلیشدا هەن. تا ئێستا دوو دانە لە چوار زمان و کولتوورە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کەسایەتیی مەحفوز "عەرەبی" و پاموکدا "تورکی" خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتیان وەرگرتووە. ئێستا ماوەتەوە سەر کوردی و فارسی. لە کوردیدا، بە بۆچوون و قەناعەتی من، تاقانە نووسەری شایانی ئەو خەڵاتە بەختیار عەلی-یە. ئەگەر بەختیار عەلی لە ماوەی 5 تا 10 ساڵی داهاتوودا خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات وەرنەگرێت، ئەوا ڕێگر تەنیا کوردبوونێتی و هیچی تر.