ئاینده‌یه‌كی باش له‌ ئامێزی په‌چه‌ی شه‌رمدا

ئاینده‌یه‌كی باش له‌ ئامێزی په‌چه‌ی شه‌رمدا
2020-12-30T20:06:43+00:00

عه‌لی حسێن فه‌یلی/ له‌ كاتێكدا هیچ رێگا‌یه‌ك بۆ ده‌رباز بوون  له دۆخی ئێستای  ئه‌م وڵاته‌  ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه‌،  ساڵ كۆتایی هات  و له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی  میلله‌ت  هاریكاری یه‌كترنين ،  ته‌نیا خێرخوازيی ده‌ره‌كی به‌سه‌نده‌ نییه‌  گشت كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان‌  له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا چاره‌سه‌ر بكات.

كارنامه‌ی عيراق بۆ ساڵی 2020  خاڵی لاوازو تراژدیكی گه‌لێك زۆربوو‌ و وه‌ها بچێته‌ پێش له‌ ساڵی داهاتوودا مه‌ترسییه‌كی مه‌زن  هه‌ره‌شه‌ له‌م وڵاته‌ ده‌كات چونكو  چاره‌سه‌ری  گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و بێهیوایی ، ‌ هه‌ڵاتن  له‌ به‌رپرسیاریه‌تی نییه‌ و  پێویستی به‌ زۆر شتی دیكه‌ هه‌یه‌.

ئه‌و ئازادییه‌ی ‌ بنیاتنه‌ری  مێژووه‌،  گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ رابردوو مه‌حاڵ كردووه‌ ! هه‌رچه‌ند هه‌ندێك جار  رێگه‌ی روو له‌ ئاینده‌ دژواره‌ و پاشه‌كشێ‌  ئاسان دێته‌ به‌رچاو به‌ڵام ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ به‌ رواڵه‌ت ئاسانه‌  له‌ عیراقدا مه‌حاڵه‌ و هیچ رێكارو بڕیارێك بۆ درێژه‌دان به‌ ته‌مه‌نی  قۆناغێكی مێژوویی به‌سه‌رچوو كاریگه‌ری ئیجابی نابێ  .

له‌م كۆتاییه‌ی ساڵی 2020 ئه‌گه‌ر كه‌سێك  بخوازێ سه‌باره‌ت به‌ مێژووی سه‌د ساڵی دوایی عیراق و دۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی  زانيارى  دروست به‌ده‌ست بهێنێ و له‌ فه‌لسه‌فه‌ی بیرو ئه‌ندێشه‌و سیاسه‌ت و ململانێی ناوخۆیی و ریشه‌ی قه‌یرانه‌ دوانه‌هاتووه‌كانی به‌ئاگا بێ، پشتبه‌ستوو به‌ سه‌رچاوه‌كۆنه‌كان حه‌یران  ده‌بێ و  به‌ دروستی نازانێ  ده‌بێ روو له‌ كوێ بكات و چ كتێب و سه‌رچاوه‌یه‌ك  بخوێنێته‌وه‌. 

به‌رنامه‌ رێژی بۆ ئاینده‌ی وڵاتێكی فره‌ نه‌ته‌وه‌و ئایین و ئایینزا  ئاسان نییه‌. ئه‌میان به‌رنامه‌ رێژی كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌خوازێ‌ كه‌ له‌ته‌ك گیان و ژیانی مه‌ردم و ئیمكانه‌ مێژووییه‌كان بگونجێ‌. دیاره‌ له‌ گشت سه‌رده‌مێكدا ئه‌و سیاسه‌تانه‌  به‌  ژیرانه‌و عاقلانه‌ ناوبراوه‌ كه‌ پێگه‌و هێزیان به‌ حكومه‌ت به‌خشیوه‌ و یه‌كیه‌تی و هاوبه‌ستگییان له‌ نێوان چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌  به‌دیهێناوه و هه‌لومه‌رجی ژیانیان باشتركردووه‌.

پاش ئه‌و گشته‌ ساڵه‌  وه‌ختیه‌تی له‌  سه‌فه‌ری سه‌وداو خه‌یاڵی خۆش و ئاسووده‌ رزگار بین و رێگه‌ی سیاسه‌ت به‌ تێبینی و ناسینی دۆخی جیهان و بارودۆخی ناوخۆی عيراق   پێوشوێن بگرین.

سیاسه‌ت قسه‌یه‌كی نوێ نییه‌. رێگاكانی   ده‌رچوون له‌و زیندانه‌ مێژوویی و سیاسیه‌ی ‌كه‌ ته‌ژییه‌ له‌ قه‌یران  ده‌بێ گونجاو له‌ته‌ك هه‌لومه‌رج و ئیمكاناتی به‌رده‌ست بێ. راسته‌ كارنامه‌ی هه‌ر حكومه‌تێك وێنای  تێگه‌یشتنیه‌تی له‌  سه‌رده‌می  خۆی ، لێ ئه‌گه‌ر له‌ روانگه‌ی سیاسی و ئه‌خلاقی   له‌ پشتیوانی مه‌ردم بێ به‌ش بوو ، ده‌بێته‌  حكومه‌تێكی سست و لاواز كه‌ گوفتار و بڕیارو كرداره‌كانی فره‌تر بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی زه‌مه‌نی خاڵیه‌ نه‌ ‌ هێوركردنه‌وه‌ی  دۆخه‌كه‌ و ئاسایی كردنه‌وه‌ی  ژیان. 

چه‌ند ده‌یه‌ پێش ئێستا ، سه‌دام به‌  جه‌نگ و داگیركردنی  كوه‌یت نه‌يتوانی میلله‌تی عیراق به‌خته‌وه‌ر بكات! به‌ كۆمه‌ڵكوژی نه‌یارو سه‌ركووتی میلله‌ت نه‌یتوانی  عیراقیه‌كان‌  بگه‌ێنێته‌ كه‌ناری ئارام.  تا دونیا له‌ حه‌قیقه‌تی كێشه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ تێنه‌گات و راو پێشنیارو داخوازى  سێ كوچكه‌ی خاوه‌نی كێشه‌كان ‌ ( سوننه‌ + شیعه‌ی عه‌رب‌ و كورد ) نه‌بیستێ و  نه‌زانێ چی رووی داوه‌و چی روو ئه‌دات ،  له‌  ساڵی ئاینده‌ش پێشبینی  دۆخێكی  باشتر بۆ عیراق  ناكرێ چونكو   توندو تیژی و گه‌نده‌ڵی  په‌چه‌ی  شه‌رمی لاداوه‌.

Shafaq Live
Shafaq Live