وه‌رزی خۆشه‌ویستی بۆ خوا

 وه‌رزی خۆشه‌ویستی بۆ خوا
2022-06-29T09:56:41+00:00

شه‌فه‌ق نیوز/ له‌ ژیانی رۆژانه‌دا ئه‌وانه‌ی له‌ گه‌ڵ هه‌واڵ سه‌روكارییان هه‌یه‌، ئنترنێت و سوشیال میدیا بۆ ئه‌وان بژارده‌ی یه‌كه‌مه‌ و له‌ رێی سایت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌ك گریده‌یه‌ك بۆ دڵنیا بوون له‌ راستی و دروستی هه‌واڵ و زانیارییه‌كان روو له‌ سه‌رچاوه‌ی جێ متمانه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن.       

په‌یوه‌ست به‌ باوه‌ڕو ئایین ئه‌و بژارده‌یه‌  ئاسان نییه‌ و زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان نه‌گۆڕن و ته‌فسیرو ته‌ئویله‌ به‌رده‌سته‌كانیش گۆڕانی بنه‌ره‌تییان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ . 

پشتبه‌ستوو به‌ هه‌ندێ  له‌و سه‌رچاوه‌و ته‌فسیرانه‌  ‌ كۆمه‌ڵگای مرۆفایه‌تی تووشی ده‌یان كاره‌سات و  كوشتوبڕی ملیۆنه‌ها كه‌س بووه‌ بێ ئه‌وه‌ی  له‌ ئه‌نجامدا   هیچ زیاده‌یه‌كی بۆ خۆشه‌ویستی و خواپه‌ره‌ستی تێدا بێ‌.       

خۆشه‌ویستی خوا   سیماێكی تایبه‌تی نییه‌ و  هه‌ندێ شێوازیشی به‌ دڵی  هه‌موان نییه‌.  ره‌نگ دانه‌وه‌ی ته‌عبیری ‌ خۆشه‌ویستی بۆ خوا  لای بڕوادا‌ڕه‌كان    ده‌توانێ له‌ كۆمه‌ڵگادا  شوێنهاتی ئه‌رێنی هه‌بێ.      

له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام و رۆژانه‌ ملیونه‌ها وشه‌ و ره‌سته‌ له‌دایك ده‌بن بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ئه‌م خۆشه‌ویستییه، ئایا خوا پێویستی به‌و هه‌موو گوفتاری بێ كرداره‌ هه‌یه‌؟‌  دوعا ‌ خوازین  ئه‌و وشانه‌ هه‌ڵگری په‌یامی ئه‌رێنی بن تا  شوێنهاته‌كانیان  كاره‌ست نه‌خوڵقێنێ.      

كه‌س  خوای  له‌و كه‌سه‌ زیاتر خۆش ناوێ كه‌ خێرو خۆشی  بۆ هه‌موان ده‌خوازێ،   كه‌س له‌و كه‌سه‌  ئیماندارتر نییه‌ كه‌ بیر له‌ خراپه‌كاری  ناكات،  له‌و كه‌سه‌ نزیكتر له‌ ئافرێنه‌ری خۆی نییه‌ كه‌ گیانی به‌نده‌یه‌كی ئافرێنه‌ری رزگارت ئه‌كات، كه‌س له‌و كه‌سه‌   زیاتر خواپه‌ره‌ستتر  نییه‌ كه‌  غه‌درو خیانه‌ت ناكات وبۆ پاساوی زوڵم و زۆرداری  درۆو بوختان هه‌ڵنابه‌ستێ و...        

خۆشه‌ویستی خوا ته‌نیا به‌دروشم نییه‌ و هه‌موان ده‌توانن خۆشیان بوێ ، هێدی هێدی وله‌ سه‌ره‌خۆ و  به‌رده‌وام و  له‌ هه‌موو وه‌رزو بۆنه‌و رۆژو ساته‌كاندا ، له‌ هه‌موو شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌دا  ده‌توانن دڵداری له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.        

له‌ عیراقدا كه‌م نین پیاوانی سیاسه‌ت كه‌ توخنی ئایین ناكه‌ون به‌ڵام زۆرن پیاوانی ئایین كه‌ له‌ پێگه‌ی به‌رزدا  سیاسه‌ت ده‌كه‌ن .

له‌ ئێستادا كه‌ بازاڕی نه‌فره‌ت گه‌رمه‌ و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات هه‌موو ئاقارێكی ئه‌م وڵاته‌ی ته‌نیوه‌ته‌وه‌  پیاوانی ئایین ده‌توانن به‌ ناوی خوا شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ لێك هه‌ڵوه‌شێنن  و هه‌موو چه‌شنه‌ بڕوادارییه‌ك  بخه‌نه‌ ناو مه‌زادی بێ باوه‌ڕی یان به‌ پێچه‌وانه‌ تاوێك پشوو رابگه‌ێنن تا میلله‌ت له‌سای فه‌رمانی به‌زه‌یی خوادا بحه‌سێته‌وه‌.       

ئه‌وانه‌ی جاڕی  خۆشه‌ویستی بۆخوا و گوێڕایه‌ڵی بۆ فه‌رمانه‌كانی  ده‌ده‌ن  كه‌ نه‌توانن فێری خۆشه‌ویستیمان بكه‌ن لانی كه‌م له‌م وه‌رزه‌دا  بازاڕی  نه‌فرت  دابخه‌ن تا ئه‌و هه‌موو دروشمه‌  ماوه‌ به‌سه‌ر چووه‌  به‌ ناوی  باوه‌ڕ نه‌فرۆشرێ و ‌ تاوێك پشوو به‌ ناوی خۆشه‌ویستی له‌ نێوان به‌نده‌كانی خوادا  رابگه‌ینن .

Shafaq Live
Shafaq Live