یەكەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كورد.. سەرنج و خوێندنەوەی تازە

یەكەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كورد.. سەرنج و خوێندنەوەی تازە
2024-08-17T08:41:39+00:00

پ. د. ئەحمەد حەمەدئەمین

دەمی گۆڕانكاییەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بیركردنەوە لە چارەنووسی ڕەوشی سیاسیی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی گەلی كورد لە باشووری كوردستان، كارەكتەر سیاسییەكانی هێنایە سەر بیركردنەوە لە دامەزراندنی پارتێكی هاوشێوەی حیزبی دێموكراتی كوردستان. ئەنجام لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆبوونەوەكان بە بەشداری هەریەك لە: مەلا مستەفا بارزانی، هەمزە عەبدولڵا، ئەنوەر دڵسۆز، میرحاج ئەحمەد، بەكر عەبدولكەریم حەوێزی، مستەفا خۆشناو، نووری ئەحمەد تەها، محەمەد مەحموود قودسی، عێززەت عەبدولعەزیز، خەیرولڵا عەبدولكەریم، عەبدولڕەحمان موفتی، جەلال ئەمین بەگ، محەمەد ساڵح ژاژەڵە و وەهاب ئاغای جوندیانی بەڕێوە دەچن و پڕۆژەی دامەزراندن پارتی پەسەند دەكرێت و بۆ ئەو مەبەستە هەمزە عەبدولڵا بۆ باشووری كوردستان دەگەڕێتەوە(1). 

هەمزە عەبدولڵا لە مایسی 1946 دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و پەیوەندی بە سەركردایەتی حیزبی شیوعی لە كوردستان عێراق (شۆڕش) و حیزبی ڕزگاری كورد دەكات. پاشان لە 12ی ئابی 1946 بەمەبەستی گرێدانی یەكەمین كۆنگرەی پارتی دەچێتە بەغدا(2). ئاكام لە 16ی ئابی 1946 یەكەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كورد لە بەغدا ئەنجام دەدرێت. ئەوەی لەو بابەتە دەمانەوێت لەبارەی یەكەمین كۆنگرەوە قسەی لەسەر بكەین برتیین لە: شوێنی ئەنجامدانی كۆنگرە، ژمارەی ئەندامانی بەشداربوو لەگەڵ ماوەی ئەنجامدانی كۆنگرەكەیە. 

ئاشكرایە لە دەمی یەكەمین كۆنگرە یەكێك نەهاتووە زانیارییەكان وەك خۆی تۆمار بكات، بەڵكو ئەوەی هەیە لە دواتردا نووسراوە. بۆیە زانیارییەكان جیاوازن و دژ یەكیان تێدایە. یەكەمین سەرچاوە دەربارەی یەكەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كورد نووسرا بێت، عەلی عەبدولڵا وەك بەشداربووێك ساڵی 1969 دوای بیست و سێ ساڵ نووسیویەتی و تێیدا باس لە مێژووی پارتی دیموكراتی كورد لە یەكەمین كۆنگرە تا سێیەمین كۆنگرە دەكات، بەڵام دوور و نزیك باسی شوێنی ئەنجامدانی یەكەمین كۆنگرە و ژمارەی بەشداربووان و ماوەی كۆنگرەكە ناكات(3). بە دوای ئەودا یەكێتیی قوتابیانی كوردستان ساڵی 1973 لە بڵاوكراوەیەكی خۆیاندا بە زمانی عەرەبی باسی مێژووی پارتی دەكەن، تاڕادەیەك زانیارییەكانیان لە هی عەلی عەبدولڵا نزیكن و شتێكیان دەربارەی شوێنی یەكەمین كۆنگرە و ژمارەی بەشداربووان و ماوەی كۆنگرەكەی تێدا نییە(4). وەلێ نووری شاوەیس لە بیرەوەرییەكانیدا بە زمانی كوردی لە گۆڤاری پێشەنگ ژمارە (4) لە كانوونی یەكەمی 1983 دەڵێت: " لە ڕۆژى ١٦ى ئابدا کۆنفرانسى دامەزراندنى پارتى لە شارى کۆیە لە ماڵى (سەعید فەهیم) گیرا، ئەو کابرایە ئەوکاتە بەڕێوەبەرى بەشى ناوخۆیى کۆلێژى ئەندازیارى بوو لە بەغدا، دەمانناسى چونکە بەڕێوەبەرى بەشى ناوخۆیى ئێمە بوو، لە مانگى حوزەیرانى ئەو ساڵەدا کە خوێندنى دانشگام تەواو کرد چووین قسەمان لەگەڵ سەعید فەهیمدا کرد، وتى: من ئەم هاوینە دەچمەوە بۆ کۆیە ماڵەکەم دەبەمەوە، ئێمەش پێمان وت: کاکە چەند هاوڕێیەکمان هەیە دەمانەوێ چەند ڕۆژێک بەزم و شایى بکەین بۆ ئەوە ماڵەکەى خۆتمان بۆ چەند ڕۆژێک بدەرێ، ئەویش یەکسەر کلیلى ماڵەکەى خۆى پێ داین، ئێمەش وەکو بۆ سەیران بچین کۆمەڵێ گەنج خۆمان لەوێ کۆکردەوە. کۆنفرانسمان لەوێ گرت، کۆنفرانس سێ ڕۆژى خایاند، نزیکى (٧٠) کەس ئامادە بوو بوون"(5). لە لایەكی دیكەشەوە لە كتێبە چاپكراوەكەیدا ساڵی 1985 بە زمانی عەرەبی نووسراوە: "كۆنگرە لە 16ی ئابی 1946 لە كۆیسنجق لە ماڵی سەعید فەهیم بەڕێوەچوو، بەڕێوەبەری بەشی ناوخۆی كۆلێژی ئەندازیاری بوو، ئێمە لەو ڕێگایەوە دەمانناسی، لە بەغدا لەمەڕ ئەو بابەتەوە لەگەڵیدا ڕێككەوتنین كۆنگرەكە لە ماڵی ئەو ببسرێت، بەبێ دوو دڵی ڕازی بوو، بەم شێوەیە كۆنگرە بەسترا، ماوەی سێ ڕۆژی خایاند و حەفتا كەس ئامادەی بوون"(6).

بەدوای ئەوانەدا عەبدولستار تاهیر شەریف ساڵی 1989 لە كتێبی: "الجمعیات والمنظمات والاحزاب الكردیة في نصف قرن 1908 – 1958" دەربارەی یەكەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كورد ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كۆنگرە لە ماڵی سەعید فەهیم بە بەشداری (32) ئەندام لە نوێنەرانی حیزبی شیوعی لە كوردستان (شۆڕش) و حیزبی ڕزگاری كوردی هەڵوەشاوە ئەنجامدراوە(7). هەرچی ڕەشید باجەلان (1920 -2001)ە ساڵی 1993 لە دیدارێكیدا لەگەڵ مستەفا نەریمان دەڵێت: "دوای نەمانی هیوا لە كوردستانی ئەو دیوەوە ئاگادار كراین كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەبێ لە عێراقیش دابمەزرێت، بۆ ئەمە لە بەغداد چەند كۆبوونەوەیەكمان كرد و لە 16ی ئابی 1946 وابزانم لە ماڵی عەلی حەمدی لە كۆڵانی (عەمار) لە گەڕەكی (طوپ)ی بەرامبەر وەزارەتی بەرگری یەكەم كۆبوونەوە كرا و بەردی بناغە بۆ پارتی دانرا ..."(8). لە لایەكی دیكەوە ساڵی 1998 هەمزە عەبدولڵا لە دیدارێكدا لەگەڵ عەبدولڕەقیب یوسف و سەدیق ساڵح ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە 12ی ئابی 1946 لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد و تەها محێدین مەعرووف چۆتە بەغدا، سەرەتا چوونەتە نۆرینگەكەی دكتۆر جەعفەر محەمەد كەریم و لە سەردابێكی ژێر نۆرینگەكەی ئەودا ماونەتەوە، ئینجا داوایان لە ڕەشید باجەڵان كردووە خانووێكیان بۆ بگرێت. بەقسەی هەمزە بێت ڕەشید باجەڵان لە گەڕەكی (قهوة سكر) نزیك لە حەیدەرخانە خانووێكی بۆ ماوەی یەك هەفتە گرتووە و لەوێدا كۆبوونەتەوە. هەمزە عەبدولڵا لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: "هەفتەی یەكەمی مانگی ئاب شۆڕش و هەفتەی دووەم ڕزگاری خۆیان حەلكرد، لە خانوویەك بوو لە گەڕەكی (دكان شناوە) خانووێكی شەعبی بوو، نازانم خانووی سەعید فەهیم بوو یان نا، ڕەشید زوو ئەو خانووەی دۆزییەوە، 28ی مەندوبی ڕزگاری و شۆڕش بەشدار بوون، یەك جەلسە بوو لەو خانووە بووە و تەواو بوو بە یەك ڕۆژ، ڕاست نییە دوو جەلسە بوو بێت یەكەم لە خانوونی سەعید فەهیم و ئەوەی دیكەیان لەخانووەكەی دیكە، جەلسەی مؤتەمەر زۆری نەخایاند بەیانی دەستیپێكرد ئێوارە تەواو بوو"(9). 

شایەنی باسە، ساڵی 1998 دوو كتێب چاپكراون، یەكەمیان "بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد 1931 – 1958" لە نووسینی مەسعوود بارزانییە، تێیدا تەنیا باسی یەكەمین كۆنگرەی پارتی لە 16ی ئابی 1946 لە بەغدا كراوە، بێ ئەوەی باسی شوێنی كۆنگرە و ژمارە و ماوەكەی بكرێت(10)، بەڵام ئەوەی دیكەیان، هەمان زانیارییەكانی نووری شاوەیسی دووبارە دەكاتەوە(11). ئەوەی لێرەدا تێبینی دەكرێت هەمزە عەبدولڵا و ڕەشید باجەلان ئاماژە بۆ دوو شوێنی جیاواز دەكەن، هەروەها دڵنیاش نیین ئەو شوێنەی یەكەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردی لێ ئەنجامدراوە ماڵی سەعید فەهیم بووە یان ماڵی عەلی حەمدی؟! بۆ ئەو مەبەستە فوئاد ڕەوەند لە دیمانەیەكدا لەگەڵ پەیمان سەعید فەهیم كاتێك لەو بارەیەی پرسیاری لێكردووە، ناوبراو جەختی لەسەر ئەنجامدانی كۆنگرەكە لە ماڵی خۆیان نەكردووە، بەڵكو تەنیا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئەو كاتە ماڵیان لە نزیك كەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە بووە، ئێستاكە بووە بە (مدینة الطب)، جیا لەوە وتوویەتی باوكی كەسێكی كوردپەروەر بووە، بەڵام تێكەڵاوی كاری حیزبایەتی نەبووە(12). 

لەبەر ئەنجامی زانیارییەكانی نێو ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بۆ كرا دەتوانرێت بوترێت: 

یەكەم: لەبەر ڕۆشنایی قسەكانی هەمزە عەبدولڵا و ڕەشید باجەڵان دەربارەی شوێنی یەكەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كورد كردوویانە، هێشتا بەڵگەی پێویست لەبەر دەست نیین تا ئەوەی بە تەواوەتی ڕوون بێتەوە كۆنگرەكە لە ماڵی سەعید فەهیم یان ماڵێكی دیكە ئەنجام دراوە. لە لایەكی دیكەوە بەپێی قسەكانی نووری شاوەیس بێت، ڕێی تێناچێت ئاوا بە ئاسانی یەكێك ماڵی خۆی بۆ كۆمەڵێك گەنج چۆڵ بكات بۆ ئەوەی ئاهەنگی تێدا بگێڕن!، هەروەها ئەوەندەش ئاسان نییە یەكێك خۆی بەشداری لە كاری حیزبایەتی نەكات و لە دامەزرێنەرانی حیزب نەبێت، ماڵەكەی بۆ كۆنگرە چۆڵ بكات، لە كاتێكدا بە پێی وەسفی شوێنەكە بێت ماڵی سەعید فەهیم نزیك بووە لە وەزارەتی بەرگری عێراقی. 

دووەم: سەبارەت بە ژمارەی بەشداربووانی یەكەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كورد، دەكرێت بوترێت قسەكەی هەمزە عەبدولڵا كە دەڵێت: (28) بووین لە ڕاستی نزیكترە، لەبەر ئەوەی تا ئێستاكە لەنێو سەرچاوەكاندا ناوی بیست كەسیان یەكلابۆتەوە ئەوانیش بریتین لە: هەمزە عەبدولڵا، كاكە زیاد، ئەحمەد شەنگە مەحموود وەك نوێنەری شێخ لەتیف، عەلی عەبدولڵا، ئیسماعیل حەققی شاوەیس، سەدیق شاوەیش، ڕەشید باجەڵان، مەلا حەكیم خانەقینی، عەونی یوسف، عەبدولسەمەد محەمەد، ساڵح یوسفی، عەبدولكەریم تۆفیق، تەها محێدین مەعرووف، محەمەدئەمین مەعرووف، ڕەشید عەبدولقادر، د. جەعفەر محەمەد كەریم، نووری شاوەیس، ئیبراهیم ئەحمەد(13)، عەلی حەمدی و سەدیق ئەتروشی(14)، چونكە ناكرێت لە حەفتا كەس تەنیا ناوی بیستیان دیار بێت، ناوی پەنجا كەس دیزەبەردەخوونە بكرێت، بەڵام ڕیی تێدەچێت لە بیست و هەشت كەس دوای تێپەربوونی كات ناوی هەشت كەس لە بیر بكرێت. 

سێیەم: سەبارەت بە ڕۆژەكانی كۆنگرەش زیاتر ڕێی تێدەچێت كارەكان بە یەك ڕۆژ تەواو بووبێت، چونكە هەمزە عەبدولڵا و عەلی عەبدولڵا جەخت لەوە دەكەنەوە گفتوگۆكان لەبارەی پێڕەوی ناوخۆ درێژەییان نەكێشاوە، بەڵكو ئەوەی لە مەهاباد هاتووە وەك خۆی پەسەند كراوە، هەروەها دەنگە ناڕازییەكانیش بەشداری كۆنگرەیان نەكردووە. جگە لەوەش باری ئاسایش ئەوەندە لەبارە نەبووە تا سێ ڕۆژی لە دانیشتەكانیان بەردەوام بن.

پەڕاوێز و سەرچاوەكان

(1) د. ئەحمەد حەمەدئەمین، وەهاب ئاغای ڕەواندزی توێژینەوەیەكی مێژوییە لە ژیان و ڕۆڵی سیاسی و نیشتمانی، چاپی یەكەم، (هەولێر، چاپخانەی هێڤی، 2016)، ل 34.

(2) دیمانەیەك لەگەڵ هەمزە عەبدولڵا، ئامادەكردنی: سەدیق ساڵح و عەبدولڕەقیب یوسف، (سلێمانی، تشرینی یەكەمی 1998).

(3) علی عبدالله، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان – عێراق تابەستنی كۆنگرەی سێ یەمی، (بێ شوێنی چاپ، 1969)، ل 52 -53.

(4) لمحات تأریخ الحزب الدیمقراطي الكردستاني، من منشورات اتحاد طلبة كردستان – العراق، دون مكان الطبع، 1973)، ص42 – 45.

(5) نوری شاوەیس، لە بیرەوەریەكانم، گۆڤاری پێشەنگ، ژمارە (4)، كانوونی یەكەمی 1983، ل 9.

(6) نوري شاویس، من مذكراتي، الطبعة الاولی، (دون مكان الطبع، من منشورات حزب الشعب الدیقراطي الكردستاني، 1985)، ص42.

(7) د. عبدالستار طاهر شریف، الجمعیات والمنظمات والاحزاب الكردیة في نصف قرن 1908 – 1958، الطبعة الاولی، (بغداد، 1989) ص 153.

(8) مستەفا نەریمان، چەردەیەك لە بیرەوەرییەكانی مامۆستا ڕەشید باجەلان، گۆڤاری ڕەنگین، ژمارە (60)، (بەغدا، 1993)، ل 7.

(9) دیمانەیەك لەگەڵ هەمزە عەبدولڵا، ئامادەكردنی: سەدیق ساڵح و عەبدولڕەقیب یوسف، (سلێمانی، تشرینی یەكەمی 1998).

(10) مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد 1931 – 1958، وەرگێڕانی: سەعید ناكام، چاپی یەكەم، (دهۆك، چاپخانەی خەبات، 1998)، ل 189.

(11) حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني – العراق (في محطات رئیسیة) 1946 – 1993، الطبعة الاولی، (دهوك، مطبعة خەبات. 1998)، ص 35.

(12) دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ په‌یمان سه‌عید فه‌هیم، ئاماده‌كردنی: فوئاد ڕه‌وه‌ند، (هه‌ولێر 28ی نیسانی 2014).

(13) سەرەتای كۆنگرە وەك چاودێر بەشدار بووە، دواتر لە كۆنگرە دوورخراوەتەوە.

(14) هەمزە عەبدولڵا پێی وایە عەلی حەمدی و سەدیق ئەتروشی بەشدارنەبوونە، بەڵام عەونی یوسف لە دیدارێكدا لەگەڵ عەبدولستار تاهیر شەریف دەڵێت عەلی حەمدی بەشداربووە.

Shafaq Live
Shafaq Live