كوده‌تا هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی عیراق

كوده‌تا هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی عیراق
2023-04-02T09:48:51+00:00
عه‌لی حسین فه‌یلی/ وا نه‌زانین كوده‌تا ته‌نیا  ده‌بێ سه‌ربازیی بێ‌، له‌ مێژه‌ دژ به‌ ژینگه‌، كۆمه‌ڵگه‌ و دابونه‌ریته‌ باشه‌كان،  پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ و.. كوده‌تا كراوه‌. به‌ریه‌ككه‌وتنی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و تێكچوونی ژینگه‌ و..  رێگه‌خۆشكه‌رن بۆ كوده‌تای هه‌مه‌ چه‌شن و هه‌مه‌گیر دژ به‌ كیان و ماف و كه‌رامه‌تی مرۆف .‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی و بنه‌ره‌تی ئه‌م وڵاته‌ له‌وه‌دایه‌ هێشتا  له‌ سه‌رده‌می رابردوودا ماوه‌ته‌وه‌. 

بۆ وێنه‌، رێژه‌ی دانیشتوانی به‌رده‌وام له‌ھه‌ڵكشاندایه‌ ، رێژه‌ی بێكاری و نه‌داری بووه‌ به‌ دیارده‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ ژێرخانێكی ئابووری نییه ‌ساڵانێكی زۆره‌ ‌ وشكه‌ساڵی و به‌ بیابانبوونی خاكه‌كه‌ی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه‌ لێ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی  ناروونه‌‌.

راده‌ی مامناوه‌ندی  باران بارین كه‌مێك له‌ 200 ملیمتر زیاتره‌ ، له‌  كۆی داهاتی  75 ملیار مه‌تری شه‌ش پاڵوی‌ ئاو ‌زیاتر له‌ 66 ملیاری به‌كارده‌هێنرێ و كوالیتی ئاوه‌كه‌ش له‌به‌ر زۆر هۆكار باش نییه‌.  85%ی ئاو كه‌ دیجله‌و فورات دابینی ده‌كات چاره‌نووسی به‌ ده‌ست توركیایه‌ و جیا له‌  رێكه‌وتن نامه‌ی 1946  كه‌ له‌سه‌رده‌می مه‌لیك فه‌یسه‌ل واژۆكراوه‌ هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ پاشه‌كشه‌ی توركیا له‌ سیاسه‌تی ئاوبڕین نابینرێ  چونكو بۆ مافی به‌شه‌ ئاوو ‌ بڕیاری دروستكردنی به‌نداو  رێكه‌وتنی نوێ نه‌كراوه‌ .‌  پشتبه‌ستوو به‌ كاره‌ساته‌كانی ژینگه‌یی ، سه‌رهه‌ڵدانی دیاره‌ده‌ی جه‌نگ و كۆچكردن له‌ وڵاتێك  كه‌ له‌ روانگه‌ی نه‌بوونی ئاو ئێستاش  له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریدایه‌  ئاساییه‌. 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری و نه‌داری بووه‌ به‌ دیارده‌ و عیراق به‌ خاك و گه‌له‌كه‌ی له‌  جه‌نگی  وشكه‌ ساڵی  و گه‌نده‌ڵی دۆڕاوه‌ لێ حكومه‌ت  كه‌یف خۆشه‌  كه‌ خاوه‌نی زیاتر له‌ سه‌د ملیار  دۆلار یه‌ده‌گ و نه‌ختینه‌ی داراییه‌ ، به‌ڵام  ناڵێ  وڵاتێك نه‌ ژێرخانی ئابووری هه‌یه‌ و نه‌ هیچ  به‌رنامه‌‌یه‌كی گیان به‌خش بۆ بووژاندنه‌وه‌ی  ئاوو خاك  و دروستكردنی به‌نداو و.. ‌ چه‌ند هێنده‌ی ئه‌و گۆژمه‌یه‌  به‌رگی عافیه‌ت به‌ به‌ر میلله‌تێكی هه‌ژاردا  ناكات .

به‌ڵێنی بێ كردار له‌ راده‌ی باوه‌ڕی خه‌ڵك كه‌م ده‌كات نه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات چونكو هه‌موو شت  دروشم و جلوبه‌رگی نوێ نییه‌ . ‌ له‌ ئێستادا  پێگه‌ی هیچ لایه‌نێكی سیاسی  هێنده‌ به‌هێزه‌ نییه‌ كه‌ بتوانێ ریفۆرمی ریشه‌یی  له‌م وڵاته‌دا بكات ، ته‌نانه‌ت زۆرینه‌یان ناتوانن و ناخوازن به‌رنامه‌ی كارا گونجاو له‌گه‌ڵ  ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌رهه‌م بهێنن. 

ئه‌قل دووباره‌بوونه‌وه‌ په‌سه‌ند ناكات لێ هه‌ست و سۆزی به‌رپرسان  مه‌یلداری دووباره‌ بوونه‌وه‌ی  كێشه‌‌كانه‌،‌ ئه‌وان فێرن  به‌ وتاری حه‌ماسی   سه‌ركردایه‌تی ره‌وتێك بكه‌ن كه‌  ئه‌م وڵاته‌ نه‌ ته‌نیا  به‌ره‌و قه‌یران به‌ڵكو به‌ره‌و كاره‌ساتی زیاتر  ببات   . دواجار ئه‌و گۆڕانكاریه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی روویان داوه‌ گرنگن  به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی زیانی مانه‌وه‌ له‌ رابردوو كه‌متر ببێ ، پێویسته‌  ریفۆرم له‌  ئه‌ندێشه‌و هزری كۆنی حوكمڕانی  بكرێ‌.

Shafaq Live
Shafaq Live