چه‌قبه‌ستنى پرۆسه‌ى سیاسى له‌عیراق
گشت هه‌وڵه‌كانى ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه له‌پێناو گه‌یشتن به‌رێككه‌وتنێكى بنچینه‌یى به‌مه‌به‌ستى زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێكى تازه بۆ عیراق، به‌فیڕۆ چووه‌و هۆكاره‌كه‌شى رێكنه‌كه‌وتنى كوتله‌و لایه‌نه سیاسیه براوه‌كانه.
ئه‌م دیمه‌نه ئاڵۆزه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى له‌عیراق زیاتر لهرهههندێك و دوان له‌خۆ ده‌گرێت، دوو ته‌وژمى سیاسى به‌هێزو دژ به‌یه‌ك له‌پشت كۆى ئه‌و ته‌نگژه سیاسیه‌ى عیراقدا هه‌یه، به‌دیده‌كرێت، یه‌كه‌میان: ته‌وژمێكى ناوخۆیى وناوچهییه كه‌گشت هێزو قه‌واره سیاسییه‌كانى ناوخۆى عیراق رۆڵى كاراكتهرى سه‌ره‌كى تیایدا ده‌گێڕن له‌رێگه‌ى ئهوململانىَ سیاسیه‌ى كه‌سالانێكه له‌نێوانیاندا هه‌یه به‌هۆى سروشتى ئینتیماى سیاسى وئایینیانهوه.
دووه‌میشیان: ته‌وژمێكى بیانى ودهرهكى به‌هێزه كه‌خۆى لهململانێیهكى ستراتیژیى ودوور مه‌ودادا ده‌بینێته‌وه وخوازیاره هه‌ژموون و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆى له‌ناوچه‌كه‌دا به‌گشتى و له‌عیراقدا به‌تایبه‌تى بۆ ئاینده‌یه‌كى دوور بپارێزێت. بۆیه له‌لایه‌ك به‌هۆى بالادهستى سه‌ربازى وتهكنهلۆژیهوه كلیلى چه‌ند پرسێكى گه‌وره‌و گرنگى له‌ده‌ستى خۆیدا مسۆگه‌ركردووه‌و هێشتۆته‌وه، له‌لایه‌كى دیكه‌وه ئه‌و ته‌وژمه سیاسییه به‌هۆى ناڕوونى ئهجێنداكهیهوه له‌باره‌ى چاره‌سه‌رى سیاسیانه‌ى قه‌یرانه‌كه ناتوانێت نه خۆى به‌لایه‌كدا ساغبكاته‌وه نه‌ده‌توانێت ئیراده‌ى خۆشى به‌سه‌ر گشت لایه‌نه‌كانى تر‌ى قه‌یرانه‌كه فه‌رزبكات.
جگه له‌و دوو فاكتهرهى سه‌ره‌وه‌ش لیستى ده‌وڵه‌تى یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تى مالكى له‌لایه‌ك خوازیاره وه‌ك چۆن له‌چه‌ند ساڵى رابردوو به‌تایبه‌تى له‌هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ى په‌رله‌ماندا توانى ریزه‌كان وماڵى شیعه له‌ت بكات و چه‌ند ره‌وت وكه‌سایه‌تى خاوه‌ن نفوزى به‌هێزى شیعه له‌زۆرێك له‌ناوچه‌كانى باشوور‌و ناوه‌ڕاستى عیراق له‌گه‌ڵ خۆیدا رێكبخات و پێشه‌وایه‌تیان بكات، له‌ئێستادا گه‌ره‌كیه‌تى به‌هێزى ئه‌و( 89 كورسى )یه‌ى هه‌یه‌تى له‌به‌رامبه‌ر (70 كورسى )یه‌كه‌ى لیستى ئیئتیلافدا هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ریاندا زاڵبكات. به‌مه‌ش كۆى ئه‌ندامانى ئیئتیلافى نیشتیمانى شیعه به‌ناچارى پێویسته مل بۆ خواسته‌كه‌ى مالكى و لیسته‌كه‌ى كه‌چ بكه‌ن. له‌لایه‌كى تره‌وه، مالكى كاتێك پێداگریكرد له‌سه‌ر سهرلهنوىَ كاندیدكردنه‌وه‌ى بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران بۆ خولێكى دیكه خوازیاربوو ئاڵۆزیه‌كانى نێو كوتله‌ى ئیئتیلافى نیشتیمانى(كوتله‌ى گه‌وره)كه‌نزیكه‌ى به‌ر له‌دوو مانگ راگه‌یه‌نراوه‌و سه‌رجه‌م هێزو ره‌وته سیاسیه‌كانى شیعه له‌خۆده‌گرێت بۆ ئاستێكى به‌رزترو جیاوازتر به‌رزكاته‌وه به‌شێوه‌یه‌ك كهسهركردهكانى هه‌ردوو لیسته گه‌وره‌كه‌ى شیعه ناچاربكات راسته‌وخۆ داوا لهمهرجهعى گه‌وره‌ى شیعه عه‌لى سیستانى بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى رۆڵى خۆى بگێڕێت بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى ناوى كاندیدى سه‌ره‌كى بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن شیعه‌وه.
كه‌بێگومان به‌لاى زۆربه‌ى چاودێرانه‌وه ته‌رازووى هێز له‌و حاڵه‌ته‌دا به‌لاى مالكیدا زیاتر لهبارترهو پێشبینیده‌كرێت بڕیارى سیستانى كۆتایى به‌و ئاڵۆزیهى ناو لیستى ئیئتیلافى نیشتیمانى بێنێت كهچارهسهره بۆ نیوه‌ى قه‌یرانه‌كه نه‌وه‌كو هه‌مووى چونكه لیستى عیراقییه به‌سه‌رۆكایه‌تى عه‌لاوى تائه‌م ساته‌وه‌خته‌ش ئاماده‌نییه دان بنێت به‌بڕیارى دادگاى بالاى فیدراڵ كه بهرلهڕاگهیاندنى ئه‌نجامى كۆتایى هه‌ڵبژاردن له‌باره‌ى ده‌سته‌واژه‌ى (كوتله‌ى گه‌وره) روونكردنه‌وه‌ى خۆیداوه وپهسهندیكردووه، عه‌لاوى و سه‌ركرده‌كانى ناو لیسته‌كه‌ى پێیانوایه ده‌سته‌واژه‌ى (كوتله‌ى گه‌وره) بهمهرامێكى سیاسى داهێنراوه وهیچ بنه‌مایه‌كى ده‌ستوورى ویاسایى نییه‌و له‌هه‌ڵبژاردنى 7/3 لیسته‌كه‌یان زۆرینه‌ى كورسییه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌و مافێكى یاسایى ودهستوورى خۆیانه بهئیستیحقاقى ئینتیخابى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرن وحكومه‌ت پێكبهێنن، ئیتر لێره‌وه نیوه‌ى تر‌ى قه‌یرانه‌كه ده‌ستپێده‌كات كاتێك عیراقیه و سه‌ركرده‌كانى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌نین سازش له‌سه‌ر مافهدهستووریهكانیان بكه‌ن، به‌مه‌ش یاخود ده‌بێت رێگایان پێبدرێت ئه‌و مافه‌یان موماره‌سه بكه‌ن كهپێناچێت شیعه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه قبوڵكات. یاخود پێویسته لیستى عیراقیه وه‌كو هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى گه‌وره له‌ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت بمێنێته‌وه كه ئه‌م كاره‌ش ده‌بێته مۆدێلێكى تازه‌ى سیستمى حوكمڕانى له‌عیراق به‌لام دیسان ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش لاوازه چونكه بهشدارینهكردنى عیراقییه بهبۆچونى زۆربه‌ى چاودێرانى سیاسى لێكه‌وته‌و ده‌ره‌نجامى نێگه‌تیڤى بۆسه‌ر ژیانى سیاسى به‌گشتى لێده‌كه‌وێته‌وه جگه له‌مه‌ش لهخیتابى هیچ لایه‌نێكى سیاسى ئه‌وه ناخوێندرێته‌وه كهعیراقیه وه‌ك هێزێكى ئۆپۆزیسیۆن له‌ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت بمێنێته‌وه باشتره.