پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌نێوان كوردو عێراقيه‌دا

پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌نێوان كوردو عێراقيه‌دا
2010-11-09T20:07:35+00:00

روون نيه‌ شێوازی پێكهێنانی حكومه‌تی ئاينده‌ چۆن ده‌بێت و پۆسته‌ باڵاكان به‌چ شێوازێك دابه‌ش ده‌كرێن، ئه‌وه‌ش كه‌ له‌راگه‌ياندنه‌كاندا ده‌بيسترێت  و بووه‌ته‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی لايه‌نه‌كان له‌ئێستادا پۆستی سه‌رۆك كۆماره‌ به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زيران يه‌كلا كراوه‌ته‌وه‌ بۆ هاوپه‌يمانی نيشتمانی و كانديديش نوری مالكيه‌، هه‌ندێك بۆچون و ده‌نگۆش هه‌بوو كه‌ كورد سازش له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار بكات بۆ ليستی عێراقيه‌ له‌مباره‌يه‌وه‌ له‌ لێدوانێكی تايبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ری شه‌فه‌ق ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌سه‌ر ئيئتيلافی عێراقيه‌ حامد موتڵه‌گ رايگه‌ياند كه‌ وه‌كو ليستی عێراقيه‌ به‌هيچ شێوه‌يه‌ك داوای پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراقمان نه‌كردووه‌.وه‌ نه‌شمان كردووه‌ته‌ مه‌رج بۆ به‌شداريكردنمان له‌حكومه‌تی ئاينده‌دا،به‌ڵكو ته‌نها داوای ماف و ئيستيحقاقی ئينتيخابی خۆمان كردووه‌ وه‌كو براوه‌ی يه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاداری رابردوو، وه‌ له‌هه‌وڵی به‌رده‌واميشداين بۆ به‌ره‌و پێشبردن و سه‌ركه‌وتنی پرۆژه‌ی چاكسازی و گۆرانكاری كردن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان باڵاكان. ‌ئاشكرايشكرد گه‌لی عێراقی ئه‌مرۆ زۆر به‌په‌رۆشه‌ به‌رێككه‌وتنی سه‌ركرده‌ سياسيه‌كان بۆ كۆتايهێنان به‌م قه‌يرانه‌ی كه‌ عێراق تێی كه‌وتووه‌ .

سه‌باره‌ت به‌كۆبوونه‌ی سه‌ركرده‌سياسيه‌كانی عێراقيش  له‌هه‌ولێر كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ سه‌ر يه‌ك مێزی گفتووگۆ  و وه‌كو وه‌ڵام دانه‌وه‌يه‌ك بۆ ده‌ستپێشخه‌رييه‌كه‌ی سه‌رۆكی كوردستان  موتڵه‌گ رايگه‌ياند هيوادارين كه‌ ئه‌نجامی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌و ئه‌وانه‌يش كه‌له‌ئاينده‌دا ئه‌نجامده‌درێن به‌خێر كۆتايی پێبێت و ئه‌وگومانه‌ خراپه‌ی كه‌لای هاوڵاتيان درووست بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ لايه‌ن و كه‌سيايه‌‌تييه‌ سياسيه‌كان و ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌نگيان پێداون نه‌مێنيت.

له‌لايه‌كی ديكه‌وه‌ ئيئتيلافی كوتله‌ كوردستانيه‌كانيش سووربوونی خۆيان له‌سه‌ر وه‌رگتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌لێدوانێكيشيدا بۆ رۆژنامه‌نووسان پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ی هه‌وڵير سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌راشكاوی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م له‌عێراقدا به‌مافی خۆمانی ده‌زانين كه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری وه‌ربگرين و هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆيانه‌شی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ گووشار له‌سه‌ر كورد ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی سازش له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ بكرێت بۆ ليستی عێراقيه‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق.له‌مباره‌يه‌وه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی فيدراڵ له‌سه‌ر ليستی هاوپه‌يمانی كوردستان موحسن سه‌عدون له‌لێدوانێكيدا بۆ شه‌فه‌ق دووباره‌ سووربوونی ليسته‌كه‌ی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ دووپات كرده‌وه‌و هێماه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ له‌لايه‌ن هيچ ليستێكه‌وه‌ داواكاری له‌و شێوه‌يه‌مان به‌ده‌ست نه‌گه‌يشتووه‌و ئاگادار نه‌كراوينه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ست له‌پۆستی سه‌رۆك كۆماری به‌ربده‌ين، ليستی عێراقيه‌ش دوای وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ی نه‌كردووه‌و ده‌يه‌وێت پۆستی سه‌رۆك وه‌زيران وه‌ربگرێت ئه‌وه‌يش كه‌بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌رابردوودا ته‌نها پروپاگه‌نده‌ی راگه‌ياندنه‌كانه‌.

پاشان نوێنه‌ر له‌سه‌ر ليستی هاوپه‌يمانی نيشتمانی كه‌مال ساعدی رۆڵی جه‌لال  تاڵه‌بانی وه‌كو سه‌رۆك كۆمار به‌رزده‌نرخێنێت وله‌لێدوانێكی تايبه‌تتيشدا بۆ شه‌فه‌ق ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ بوونی هه‌ندێك كێشه‌ له‌رابردوودا له‌نێوان سه‌رۆكايه‌تی كۆمارو وه‌زيران شتێكی زۆر سرووشتيه‌، وه‌ سازشكردنی كورديشی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ لايه‌نێكی ديكه‌ به‌ هه‌ڵوێستێكی ناوخۆی ئيئتيلافی فراكسيۆنه‌ كوردستانيه‌كان تايبه‌تكرد.

سه‌باره‌ت به‌ گۆرانكاری كردن له‌هه‌ندێك برگه‌و ماده‌ی ده‌ستووردا به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك كۆمارو سه‌رۆكی وه‌زيران ساعدی رايگه‌ياند كه‌ هه‌ر گۆرانكاريكردنێك له‌ده‌ستووردا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێويستی ده‌ركردنی ياسای نوێ هه‌يه‌ له‌په‌رله‌ماندا و ده‌بێت به‌پێی ياسا بێت چونكه‌ ياسا ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌و دوو پۆسته‌ سه‌ره‌كييه‌ی دياری كردووه‌.

 

Shafaq Live
Shafaq Live