وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان: په‌رته‌وازه‌يی فه‌يلييه‌كان وایكردووه‌ نه‌توانرێت زانياری ورد له‌سه‌ر شه‌هيده‌كانيان‌ كۆبكرێته‌وه‌

وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان: په‌رته‌وازه‌يی فه‌يلييه‌كان وایكردووه‌ نه‌توانرێت زانياری ورد له‌سه‌ر شه‌هيده‌كانيان‌ كۆبكرێته‌وه‌
2010-11-29T14:15:18+00:00

شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ ده‌ كه‌س پێكهاتبوون به‌ سه‌رۆكايه‌تی وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدايان كرد و له‌ دادگاييكردنه‌كه‌دا به‌شداربوون.

 

سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی وه‌زاره‌تی شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، د.مه‌جید حه‌مه ‌ئه‌مین وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕ و راديۆی (شه‌فه‌ق) ڕاگه‌ياند، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م سه‌ردانه‌يان بۆ به‌غدا ئاماده‌بوونه‌ له‌ 44هه‌مين دادگايی كردنی تاوانبارانی دۆسێيه‌ی كوردانی فه‌يلی، ناوبراو وتی:" بێ گومان دۆسيه‌ی كوردانی فه‌يلی يه‌كێكه‌ له‌و دۆسێيانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ گرنگيی پێ ده‌دات، وه‌كو دۆسێيه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌نفال، ئه‌نفالی دوو، ئه‌نفالی بارزانييه‌كان، پاكتاوی نه‌ژادی كوردان و ڕاپه‌ڕين و كۆمه‌ڵكوژييه‌كانی تر و...هتد؛ هه‌موو ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێ كه‌يسن كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ خاوه‌ندارێتيیان ده‌كات و يه‌كێك له‌و كه‌يسه‌ گرنگانه‌ كه‌يسی كۆمه‌ڵكوژی برا فه‌يلييه‌كانه.

 

له‌باره‌ی ميكانيزمه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ دۆزينه‌وه‌ی ته‌رمی شه‌هيدانی كوردی فه‌يلی وه‌زيری شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوان ڕايگه‌ياند: به‌پێی بڕياری ژماره‌ 5ی ساڵی 2006ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌و كاره‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤدايه‌ و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ تا راده‌يه‌كی زۆر بابه‌تی گه‌ڕان به‌ دوای گۆڕه ‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان و ته‌رمی قوربانيانی رژێمی پێشووی سڕ كردووه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نه‌ هه‌نگاوێك هه‌ڵده‌گرن و نه‌ ڕێگه‌ش به‌ ئێمه‌ ده‌ده‌ن بۆ دۆزينه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌و شه‌هيدانه‌ كار بكه‌ين؛ ده‌كرێت‌ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ئێمه‌ ده‌ستمان ده‌يگاتێ بتوانين هه‌ڵيان بده‌ينه‌وه‌‌ به‌ڵام ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ده‌ستمان نايگاتێ ده‌بێت له‌ رێگای ئه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵبدرێنه‌وه‌ و ئه‌وانيش هه‌ست ده‌كه‌ين كه‌م تا زۆر خۆيان له‌و بابه‌ته ده‌دزنه‌وه‌ و له‌وانه‌يه‌ كه‌ هه‌ندێك ده‌ستێوه‌ردانی سياسيش له‌ملاوله‌ولا بۆ ده‌رنه‌خستنی ئه‌و راستييه‌ و ئه‌و كاره‌ دڕندانه‌ و قێزه‌وه‌نانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌می رژێمی پێشوو كراوه‌ به‌شێك بێت له‌و سياسه‌تی شاردنه‌وه‌يه‌.

وتيشی: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی خوارووی عێراق و ده‌سته‌ی دادپه‌روه‌ری و لێپرسينه‌وه‌ له‌ به‌غدا و ناوه‌ندی عێراقی نوێ و ده‌زگای شه‌هيدی ميحراب ته‌نسيقی زۆر باشمان هه‌يه‌ و هه‌روه‌ها كۆنگره‌ی سێيه‌می گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان‌ له‌ مانگی يه‌كی داهاتوو له‌ هه‌ولێر به‌رپا ده‌كه‌ين و هه‌وڵه‌كانيشمان به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانين ئه‌و ياسايه‌ له‌ رێگای نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی به‌تايبه‌تی نوێنه‌رانی كورد و شيعه‌ بگۆڕين كه‌ هه‌ردوولايان گرنگيپێده‌رن و كه‌يسه‌كه‌ كه‌يسی هه‌ردوولايه‌، به‌قازانجی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و چه‌ند سه‌د هه‌زار كورده‌ی ئه‌نفال و كوشتنی كورده‌ فه‌يليه‌كان، له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان بتوانين بياندۆزينه‌وه‌و بيانهێنينه‌وه‌ بۆ زێدی باوك و باپيرانيان و ياده‌وه‌ری شايسته‌يشيان بۆ بكه‌ين. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی I.C.M.P)) كه‌ رێكخراوێكه‌ يوئێن پشتگيريی ده‌كات و گرنگی به‌ دۆزينه‌وه‌ی خه‌ڵكی ونبوو ده‌دات؛ ئێستا شاندێكمان له‌ سه‌رايێڤۆيه‌ و له‌وێ ته‌نسيقيان له‌گه‌ڵ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانين له‌ رێگای پشكنينی ترشی ئه‌مينی DNA ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ی كه‌ ده‌يبينينه‌وه‌ به‌ خانه‌واده‌كانيان بناسێنين.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌بوونی ئامارێكی ورد له‌باره‌ی ژماره‌ی شه‌هيدانی كوردی فه‌يلی له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوانی هه‌رێم و سه‌رۆكی شانده‌كه‌ ووتی: ئامارێكی ته‌واو له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئێمه‌دا نييه‌، له‌ رێگه‌ی كه‌سوكاره‌كانيان وه‌كوو شه‌هيد دۆسێيه‌‌مان بۆ كردوون و ناويان لای ئێمه‌ هه‌يه‌، به‌ڵام خه‌ڵكێكی زۆر له‌ برا فه‌يلييه‌كان ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا ده‌ژين و زۆر په‌رته‌وازه‌ن، به‌شێكيان له‌ ئێران و به‌شێكيان له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌شێكيان له‌ ناوه‌ڕاست و له‌ خوارووی عێراق ده‌ژين و په‌رته‌وازه‌يی برا فه‌يلييه‌كان وای لێكردووه‌ كه‌ ئێمه‌ نه‌توانين ئه‌و زانياريانه‌ به‌ داتايه‌كی ورد كۆ بكه‌ينه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ هه‌يه‌ ژماره‌يه‌كی ئێجگار زۆره‌ له‌ شه‌هيد و (ته‌نسيق)يشمان له‌گه‌ڵ ده‌زگای شه‌فه‌ق به‌و ئاراسته‌يه‌يه‌ كه بتوانين بۆ له‌مه‌ودووا هه‌م ياده‌وه‌رييه‌كه‌ی به‌باشی جێبه‌جێ بكه‌ين و هه‌م بتوانين داتايه‌كی ورد كۆ بكه‌ينه‌وه‌ كه‌ ئه‌ركی ئێمه‌يه‌ و يه‌كێكيش ده‌بێت له‌ شاكاره‌كانی ده‌زگای شه‌فه‌ق.

له‌باره‌ی پرۆژه‌ و به‌رنامه‌كانی داهاتووی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌ كه‌يسی كوردانی فه‌يلی به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ژين، ناوبراو وتی: كه‌يسی كوردانی فه‌يلی ئه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵه‌ له‌ دادگا به‌ڕێوه‌ده‌چێ و ناساندنی ئه‌و كه‌يسه‌ به‌ جينۆسايد بڕيارێكی مێژوويی ده‌بێت و وای لێده‌كات كه‌يسی كوردانی فه‌يلی بچێته‌ نێو مێژووی ميلله‌تانی جيهان و نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان و چه‌كێك ده‌داته‌ ده‌ست ميلله‌ته‌كه‌مان كه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ڕابردوودا تووشی كۆمه‌ڵكوژی بووين، ده‌بێ پارێزگاری و به‌رگريمان لێبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا چيتر تووشی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژيانه‌ نه‌بينه‌وه‌؛ ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی شه‌هيدان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكمان هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانين ئه‌و ده‌ هه‌زار لاپه‌ڕه‌يه‌ی له‌ دادگای باڵای تاوانه‌كاندا هه‌يه‌ سه‌باره‌ت به‌ كه‌يسی كوردانی فه‌يلی له‌چاپی بده‌ين وه‌كو ئه‌رشيفێكی ميلله‌ته‌كه‌مان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو وێنه ‌و CV)) شه‌هيده‌كانيش له‌ نێو ئه‌و ئينسكلۆپيديايه‌ به‌ ناوی ئينسكلۆپيديای كوردانی فه‌يلی بتوانين چاپ بكه‌ين و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێويستيمان به‌ هاوكاری هه‌موو لايه‌ك ده‌بێ، له‌ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، حيزبه‌ سياسييه‌كان و چالاكوانانی برا فه‌يلييه‌كان له‌و ده‌زگايانه‌ی كه‌ هه‌يانه‌ و له‌پێش هه‌مووشيان ده‌زگای شه‌فه‌ق.

 

به‌ڕه‌ڤان حه‌مدی حوسێن به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى له‌ وه‌زاره‌تی شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامی شاندی ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی سه‌ره‌كی سه‌ردانه‌كه‌يان بۆ به‌غدا و به‌شداربوونيان له‌ دادگاييكردنی تاوانبارانی كه‌يسی كوردانی فه‌يلی له‌ لێدوانێكيدا به‌ ماڵپه‌ڕ و راديۆی (شه‌فه‌ق) راگه‌ياند:" ئامانجی سه‌ره‌كيمان وه‌كوو وه‌زاره‌تی شه‌هيد و ئه‌نفالكراوه‌كان پاڵپشتيه‌كی مه‌عنه‌وی- سياسی ئه‌م كه‌يسه‌يه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كوردانی فه‌يلی له‌ به‌غدا و له‌ هه‌موو جيهان بڵێين كه‌ ئێمه‌ خاوه‌نی ئه‌م كه‌يسه‌ين و هاتنی ئێمه‌‌ پاڵپشتێكی ئه‌م داوا ره‌وايه‌يه‌ كه كوردانی فه‌يلی له‌ ساڵانی رابردوو له‌ ژێر سێبه‌ری حكوومه‌تی رووخاوی عێراقدا چه‌وساونه‌ته‌وه‌و ئه‌و كاره‌ی كه‌ به‌رانبه‌ريان كراوه‌ جينۆسايده‌ كه‌ به‌ پرۆسه‌يه‌كی سياسی دژی مرۆڤی كوردی فه‌يلی كرابوو له‌م ناوچانه‌دا، وتيشی: وه‌كو دياره‌ به‌ هۆی سياسه‌ته‌كانی رژێمی پێشوو ئه‌مڕۆ زۆرترين ره‌وه‌ندی كوردی فه‌يلی له‌ ده‌ره‌وه‌يه‌، پاش پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ كه‌ عێراق به‌ره‌و عێراقێكی ده‌ستووری فيدرالی (تعددی) ده‌چێت، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافه‌كانی كوردانی فه‌يلی له‌ رێگه‌ی دادگا پاش دانپێنان به‌ جينۆسايدبوونی ئه‌و تاوانانه‌، ئه‌مه‌ خۆی له‌خۆيدا به‌ڵگه‌يه‌كی گه‌وره‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی شه‌هيد و ئه‌نفالكراوه‌كانی هه‌رێم كه‌ لايه‌نێكه‌ له‌م داوايه‌دا له‌ رێگای نوێنه‌رايه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا كار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بكات كه‌ قه‌ره‌بووی ئه‌م خه‌ڵكه‌ بكات و مافی مه‌ده‌نی و ماددی و مه‌عنه‌وييان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌و ده‌روازه‌يانه‌يان بۆ بكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانيش هاوڵاتی پله‌ يه‌ك بن له‌ عێراقدا و جياوازييان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بێكی شيعه‌ و عه‌ره‌بێكی سوننه‌ له‌م وڵاته‌دا نه‌بێت كه‌ هه‌موو مافێكی له‌به‌ر ده‌ستدايه‌، جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه، كه‌ ده‌بێت حكوومه‌تی كوردی پاڵپشتێكی به‌هێزی ئه‌م دۆسێيه‌يه‌ بێت.

 

Shafaq Live
Shafaq Live