هیوای‮ ‬درێژكردنەوەی‮ ‬ئاگربەس

هیوای‮ ‬درێژكردنەوەی‮ ‬ئاگربەس
2010-09-15T13:12:35+00:00

ئاگربەسی نێوان پەكەكەو سوپای توركیا درێژەی پێبدرێت، نەك لە 20ی ئەیلوول كۆتایی پێبهێنن، وەكو پێشووتر سەركردایەتی پەكەكە رایگەیاندبوو.

پاشترو سوود بەخشترە ئەگەر ئاگربەسەكە بۆ چەندین مانگی تر، بەڵكو زیاتر لەساڵێك، درێژەی پێبدرێت، تا دەرفەت بڕەخسێت لەپێش حكوومەتی توركیاو خەڵكی كوردو تورك، بەرەو جێبەجێكردنی هەموارەكانی دەستوور، هەنگاڤی عەمەلی بنێن.

هەموارەكان چەندین لایەنی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و یاسایی توركیا دەگرێتەوە، بەتایبەتی: نەهێشتنی دەرفەتی كودەتای عەسكەری و، لاوازبوونی دەسەڵاتی قەزایی بۆ دەستێوەردان لەكاروباری سیاسی و، فراوانبوونی ئاسۆی دیموكراسی و ئازادییەكان. دیارە كە لەمەودوا بۆ گەلی كورد هەیە پەرەبدات بەتێكۆشانی سیاسی و پەرلەمانی و كلتووری، لەجیاتی چەك و توندوتیژی، تا لەژێر سایەی ئاشتی و ئاسایش و ئازادیدا هەنگاڤ بەهەنگاڤ، خواستەكانی بەرەو سەركەوتن ببات. كورد، لەدەرفەتی ئاگربەسەكاندا سوودمەندن و سەرفرازتر بووە. كەواتە ئیتر وەختی بەخۆداچوونێكی فراوان هەیە، تا گەلی كورد پێگەی شایانی خۆی لەگۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا، بەدەس بهێنێت. بەشداربوونی ئەرێنی رێژەیەكی دەنگدەرانی كورد لەپرۆسەی ریفراندۆمی 12ی ئایلوولدا، گرنگی ڕۆڵی كوردی لەنێو پارتی دادو گەشەپێدانیشی نواندووە، كە لەمەودواو حزب و لایەنە سیاسییەكانی توركیا، بەچەپ و ڕاستەوە، ناتوانن دەنگی كورد بە كەم وەربگرن.

(بایكۆت) و (بەڵێ) ی دەنگدەرانی كورد ئەو ڕاستیەیان سەلماندووە گەلی كورد فاكتەرێكی هەرە گرنگی ژیانی ڕامیاری توركیایە.

لەم كەشوهەوادا جێگەی خۆیەتی گەلی كوردو هێزە سیاسیەكانی وەرچەرخانێكی قوڵ لەشێوەی بیركردنەوەو شێوازی تێكۆشانیان بەدیبهێنن و خەباتی چەكداری بەلاوە بنێن و بەئێجگاری ڕووبكەنە خەباتی سیاسی ئاشتیخوازانەو فشاری جەماوەری ناوخۆو دەرەوە بەكاربهێنن تا پرۆسەی كرانەوەی دیموكراسیانە دەستپێبكاتەوەو گفتوگۆی جیدی و فراوان جێگەی توندوتیژی بگرێتەوە. هەق وایە حكوومەتی توركیاش بەرەو هەمان ئاراستە بچێت. كورد دەبێ لەمەودوا خۆی ئامادەی سەردەمێكی نوێی ئاسۆ رووناك بكات و بەرنامە دابنێ بۆ باشترین بەشداری پۆزەتیڤانە لە گۆڕانكاری و ریفراندۆم و هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

هەر لەو ڕوانگەیەوە كورد دەبێ هاوپەیمانی دروستی خۆی لە مەیدانی ڕامیاریی توركیادا دەستنیشان بكات، كەوا پارت و لایەنە سەرەكیەكانی توركیا خەریكن هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە دیموكراسی و چارەسەری دۆزی كورد، یەكلا دەكەنەوە0 لەمەودوا دەرفەتێكی باشیش كەوتووەتە پێش پارتی دادو گەشەپێدان AKP تا ئازادانەتر بەرەو چارەسەری ئاشتیانەی مەسەلەی كورد بچێت و، بڕواو متمانەی كورد بەدەس بهێنێت، تا ببێ بە هاوبەش و هاوسەنگەری لەقۆناغی ئێستاو داهاتوودا. واتە: هاوسۆزی و هاوكاریی دیموكراتخوازانی كوردو تورك ئایندەی رۆشنی هەردوولا نزیك دەخاتەوە.

 

Shafaq Live
Shafaq Live