ژینگەكەمان لە سەرەمەرگدایە

ژینگەكەمان  لە سەرەمەرگدایە
2026-09-01T07:40:29+00:00

عەلی حسێن فەیلی / كاتێك ئاوو زەوی و ئاسمانی ئەم وڵاتە لە خراپترین دۆخدان،  پلان و  ئامارە شەرمنانەكانی  سەر مێزی داڕشتنی سیاسەتی  ژینگە، بە هیچ جۆرێک  بارتەقای قوڵایی ناخی کارەساتەکە نابن .  ڕاپۆرتە فەرمییەکان، هەڵكشانی   مەترسییەكانی مردنی دجلە و فۆرات یان پەردەی تاریکی تەپوتۆزی ئاسمانی شارەکان بە مەترە سێجاکان و ڕێژەی وردەخۆڵ دەپێون،  لە كاتێكدا کێشەی بنەڕەتی ئەم وڵاتە بەراورد بە مەترسییە درێژخایەنەکانی، زۆر لەو گەورەترە.   ئێمە ڕووبەڕووی داڕمانی ئەو ژیری و هۆشیارییە مێژووییە بووینەتەوە کە هەزاران ساڵ فەرهەنگی سازگاربوون لەگەڵ ژینگەی تێدا بنیات نرابوو لێ ئێستا  نیشتمانی لە پەناگەیەک بۆ ژیانەوە گۆڕیوە بۆ غەنیمەتێک بۆ تاڵانکردن.

شارستانیەتی میزۆپۆتامیا هەر لە سەرەتای چاوهەڵهێنانی  لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە سنووردارێتی سروشت و هەڵسوکەوتی ژیرانە بەرامبەر بە سەرچاوەکان دروست بوو . مرۆڤی تێگەیشتووی ئەو سەردەمە، وەک سەرچاوەی پیرۆز، دەیانڕوانییە خاك و ڕووبارەکان  كە شادەماری بەردەوامیی ژیان و کۆڵەکەی نەریت و دەستووری کۆمەڵایەتی بوون . 

کێشەی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە لەو کاتەوە سەری هەڵدا کە لە ژێر پەردەی نیازی سەردەم، بێ هیچ بەرنامەیەك  نەوتی ژێر زەوی شوێنی  سامانی سەر زەویی گرتەوە. لە چەند دەیەی ڕابردوودا، بڕیار بەدەستانی بێئاگا ، سروشتی بەپیتی عێراقیان لە مەڵبەندێكی مێژوویی و فەرهەنگیی وەك مەكۆی ژیان،  كردە شوێنی  تاقیگەیەك بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە كارەساتبارەكان . لە پێناو دروست كردنی هەڕەمەكی خانووبەرە ، باخە كان کە قەڵغانی سروشتیی خاکەکە بوون فەوتێنران  و هوورەکان کە سییەکانی هەناسەدانی ناوچەکە بوون، بەرپەلاماری وشککردنەوە بوونەوە.

ئەم وەرچەرخانە ئازاربەخشە لە ناکارامەیی کارگێڕی تێپەڕیوە وتەنیا داڕمانی ژینگەیی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، بەڵکو جۆرێک لە فەرامۆشی فەرهەنگی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە كە  نەوەی ئیستا لە ئەزموونکردنی ڕاستەوخۆی ڕووبارێکی زێندوو، یان گوێگرتن لە جریوەی باڵندەیەكی ناو باخ و هەڵمژینێ هەوایەكی پاك بێبەش دەکات .  زۆر دەمێكە، ڕەفتارمان بەرامبەر خاک  و ژینگە لە هاوژین و ئەمانەتدارەوە گۆڕدراوە بۆ دەستدرێژكاری زیادە خواز.

جیاوازیی جەوهەری لە نێوان بازرگانیکردن بە نیشتمان و حەوانەوە تێیدا، لە ڕادەی تێگەیشتنمان بۆ ژینگەوە دەست پێدەکات. بەبێ ڕابوونێکی هۆشیارانەی نەتەوەیی و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە دیدگاكانماندا، ڕزگارکردنی خاک و ئاو و ئاسمانی ئەم وڵاتە مەحاڵە.

داڕمانی ژینگەیی تەنیا ناکارامەییەکی کارگێڕیی ئاسایی نییە، بەڵکو نیشانەی  نەمانی جڵەوی نیشتماندارییە. ئەم واقیعە پەردە لەسەر تێڕوانینێکی مەترسیدار لادەدات کە چارەسەری ئەم داڕمانە گشتگیرە، نە بە ئیمزاکردنی پەیماننامەی ڕووکەشی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، نە بە تەرخانکردنی بودجە بۆ پڕۆژەی ناکارا دێتە دی. بەغدای گیرۆدەی خاکی ئاڵودە و ئاو و هەوای ژەهراوی، گەورەترین بەڵگەی زیندووە لەسەر ئەوەی کاتێک ژینگە تێکچوو و نیشتمان کرا بە کاڵا، کارەساتەکە بە تەرخانكردنی هیچ پارە و ئامرازێک قەرەبوو ناکرێتەوە.

Shafaq Live
Shafaq Live