كه‌ سەرۆک بی.. نێچیروان بارزانی به‌‌ نموونه‌

كه‌ سەرۆک بی.. نێچیروان بارزانی به‌‌ نموونه‌
2020-06-12T14:54:24+00:00

به‌در ئسماعیل شیرۆكی/ ساڵی ٢٠٢٠ بۆ تێکڕای جیهانی مرۆڤایەتی ساڵێکی کارەساتبار بوو، لێ بۆ کوردستان سەرباری ئەوەی پشکی خۆی لە کارەساتە گشتیە جیهانیەکە بەرکەوت، لەباری ناوخۆیشیەوە، ئاستێکی پێوانەیی لە بەیەکدادان و لەیەکترازانی نێوان لایەنە سیاسیەکانی بە شدار لە پرۆسەی سیاسی کوردستان تۆمار کرد، کە لەدوای کارەساتی نیشتیمانی شازدەی ئۆکتۆبەری سالی ٢٠١٧ کەم وێنە بوو . هەموو بەریەککەوتنە سیاسی و ئابوری و جیۆپۆلەتیکیی و ستراتیژیە هەرێمایەتی و نێودەولەتیەکان، لە هەژەمونگەرایی و پاککردنەوەی حسابات، لەو ناوچەیە بە گشتی و لە عێراقیش بەتایبەتی، کاریگەریێکی زۆر قورس، سەخت و دژواریان کردۆتە سەر کوردستان و بڕیاری بەشێک لە هێزە سیاسیەکانی ئەم هەرێمەیان بە چەشنێک خستۆتە ژێر باندۆری خۆیان، کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بەرژەوەندی و ئامانج و پرۆسەی حوکمڕانی کوردیی ئەم هەرێمە، هاوتەریب و یەکانگیر ناهێتەوە .
لەو شوێنەی کە سەرۆکایەتی حکومەت بەشێکە لە دەستکەوتی سیاسی پارتێک، سروشتیە کە بکەوێتە بەر هێرش و تەماتێکردنی لایەنە سیاسیەکانی تری ناو پرۆسەی دەسەڵاتداری کوردستان، بۆیە بە پێی نەریتی دیموکراسی، زۆر ڕەوایە حکومەت و سەرۆک وەزیرانیش ببنە بەشێکی چالاک، لە ململانەی سیاسی و بەرگری لە پێگەی خۆیان، کە دواجار بەرگری لە پێگەی فەرمانڕەوایی، دەبێتە ئەرکێک و بەشێکی دانەبڕاو، لە بەرگری لە پێگە و ماف و دەستکەوتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەو جەماوەرەی کە بە دەنگ و متمانەیان، دەرفەتی حوکمڕانیان پێ بەخشیون .
لە بارودۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەهادا، کە لۆژیک و بەرژەوەندی هاوبەش و مێژوو و ئیدۆلۆژیەکان، لە جیاتی تۆلێرانسی سیاسی و جڤاکی، لەبری بەرژەوەندی و چارەنوسی هاوبەش، ددانی فتنە و قرتاندنی ڕەگی ژیان و هاوخوێنی و هاوڕەگەزی، لەیەک جیڕ دەکەنەوە و هەڕەشەی نەمان لە یەکتر دەکەن، نەخش و رۆلی کەسایەتیەک بەناوی نێچیروان بارزانی چ وەکوو کاریزمایی کەسەیی و، چ وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مینا رزگارکەری دۆخەکە، زیادتر دێتە رۆژەڤەوە .
بیرەوەری یەکساڵەی سوێندخواردنی نێچیروان بارزانی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەکەوێتە ناوەندی هەموو ئەو روداوە گشتگیرە سیاسی و ئابوری و تەندروستیە جیهانی و هەرێمایەتیانە، کە سەرباری هەموو ئەمانەش، هه‌رێمی کوردستان له‌ سای سەرۆکایەتی ئەو، زۆر بە قورسی لەژێر هەڕشە و سێبەری شمشێری دامۆکلێسی لێکترازانی کۆمەڵایەتی و ئیداری و تەنانەت ناوچەیشدا دەست و پەنجە نەرم دەکات .
لە دۆخێکی دراماتیکی وەهادا و لە یەکەمین ساڵوەگەڕی دەستبەکاربوونیدا، شانسێکی گەورەیە کە کورد نێچیرڤانی لە پێگەی سەرۆکایەتیدا هەبێت، لەوەشدا سوپاسگوزاریێک قرداری میراتی مێژووییی بارزان و قەدەری خۆی دەبیت . لێ لەکاتی ئێستادا گازندەیەکی مەزنیش ئاراستەی دەکرێت لەوەی، کە وەکوو پێویست بە هەموو قەبارە و توانا پراگماتیکی و کاریزماییەکانی خۆی رووبەڕووی روداوەکانی ئەم دواییەی ناوخۆی کوردستان نەبووەتەوە، یان زۆر کەمتر لەسەر شانۆی سیاسەت و راگەیاندن دەرکەوتووە . چونکە:
نێچیراوان بارزانی خاوەنی ئەزموونی تاڵ و شیرینی نێزیک دوو دەیە، حوکمڕانی هەرێمێکی نیوە دەستوری نیوە دیفاکتۆیە . هەڵگری نازناوی ئەندازیاری ئاوەدانی و پرۆژەی بە پەترۆلی کردنی کوردستان و مسۆگەر و دڵنیایی بازرگان و برەند و کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان و ئادرێسی کێشکردنی سەرمایەی بیانی بۆ کوردستانە . ئەو خۆی لەو چەند ساڵەدا، (شمالنا الحبیب)ی کەلاوەی پەراوێزخراوی عێراقی ، کە سەرزەمینێکی تابۆ و ناوەندی ئۆردوگا زۆرەملیەکان بوو، کردە وڵاتێکی ڕازاوە و عێراقێکی دیکە.
ئەو نێچیروانەی لە سەردەمی دەسەڵاتداری خۆیدا، کوردستانی لەگەڵ ماف و ئازادی جێندەری و پێکەوە ژیانی ئایینی و نەتەوەییی ئاشنا کردو، بنیاتی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە رۆشنبیری و فەرهەنگی و هونەری و ئێن جی ئۆ، نا حکومیەکانی دانا و پشتیوانی دارایی و یاسایی بۆ دابینکردن . ستراتیژیی کرانەوەی کڵتووری و دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوری کوردستانی بەسەر وڵاتان و جیهان بنیات نا و بەدەیان زانکۆ و ناوەندی زانستیی نێودەوڵەتی لەم هەرێمە جێگیر کردن.
ئەو نێچیروان بارزانی یەی کارنامەیەکی دەوڵەمەند و بەهاداری لە ئیدارەدان و تێپەڕاندنی ساڵە سەخت و ڕەشەکانی شەڕی داعش و دۆرپێچی ئابوری عێراق و قەیران و گەلەکۆمەی هەرێمایەتی دوای پیڵانی شازدەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هەیە .
هەر ئەو نێچیروانەی کە لەیەک کاتدا سلام عەلێکی گەرمی لە ئیسلامیەکان و رۆژباشێکی شیرینی لە نەتەوەییەکان و چاک و چۆنیێکی رەفیقانەی لەگەڵ چەپەکان و تەوققەیەکی دۆستانەشی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن هەبوو و بە پێکەنینێکی سەرشاشەی تیڤیەکان، باوەشیێک هیوای دەخستەوە ناو دڵی کۆمەڵگە، بۆچی ئیستا ئەو هێزو توانایا کارگێڕی و دیپلۆماسی و ئابوریە ناوخۆیی و جیهانییەی بۆ چارەسەری دۆخی ئابوری و بەیەکەوە لکاندنەوەی شیرازەی لەیەک ترازاوی بال و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، لەرووی کۆمەڵایەتی بەکەمی بە کار دەهێنێ ؟ . رەنگە لەوەدا من تەنیا نەبم، کە لە یادی یەکساڵەی دەستبەکاربوونی سەرۆک دا، بڵێین، سوپاسگوزاری بوونتین لێ چاوه‌نواڕیمان له‌ ئێوه‌ گه‌لێك زۆرتره‌ .

Shafaq Live
Shafaq Live