قه‌یرانی پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ره‌و كوێ؟ ‌

قه‌یرانی پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ره‌و كوێ؟ ‌
2010-10-20T15:31:55+00:00

حكومه‌ت به‌رده‌وامه‌ به‌هۆی:

یه‌كه‌م: لیستی عیراقییه‌ كه‌ (91) كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی به‌ده‌ستهێنابوو، پشت ئه‌ستوور به‌لێكدانه‌وه‌ی خۆی بۆ ماده‌ی (76)ی ده‌ستوور، پێكهێنانی حكومه‌ت به‌مافی ره‌وای سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ی ئه‌یاد عه‌للاوی ده‌زانێت و بڕیاری دادگای بالای فیدراڵی ره‌تده‌كاته‌وه‌.

دووه‌م: هاوپه‌یمانی نیشتمانی كه‌دوای هه‌ڵبژاردن له‌(لیستی ده‌وڵه‌تی یاساو ئیئتیلافی نیشتمانی) پێكهات، پشت ئه‌ستوور به‌بڕیاری دادگای بالای فیدراڵی بۆ لێكدانه‌وه‌ی ماده‌ی (76) پێكهێنانی حكومه‌ت به‌مافی خۆی ده‌زانێت و پێداگری لیستی عیراقییه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

سێیه‌م: به‌درێژایی ماوه‌ی رابردوو لیستی عیراقییه‌ نه‌یتوانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لیسته‌كانیتردا بكات و نیسابی ده‌ستووری به‌زۆرینه‌ی ره‌ها (163)ده‌نگ به‌گوێره‌ی مادده‌ی (76)بڕگه‌ی چواره‌م به‌ده‌سبێنێت و حكومه‌ت پێكبهێنێت.

رێنه‌كه‌وتنی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی

چواره‌م: رێنه‌كه‌وتنی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌سه‌ر دیاریكردنی كاندیدی لیسته‌كه‌یان بۆ پۆستی سه‌رۆك و پێكهێنانی حكومه‌ت.

به‌لام هه‌ڵبژاردنی نوری مالیكی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی هاوپه‌یمانیی نیشتمانی به‌كاندیدی لیسته‌كه‌یان بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌سته‌ڵه‌كی ئه‌و قه‌یرانه‌ی شكاندو سه‌ره‌تای ریزبه‌ندییه‌كی نوێش بوو، به‌هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی ئه‌نجومه‌نی بالای ئیسلامی و حزبی فه‌زیله‌ له‌كاندیدكردنی مالیكی و نزیكبوونه‌وه‌یان له‌لیستی عیراقییه‌، هه‌روه‌ها كارابوونی هه‌وڵه‌ ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كان بۆ كۆتاییهێنان به‌و قه‌یرانه‌ن كه‌خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌چاوپێكه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌كانی مام جه‌لال و سه‌ردانه‌كانی مالیكی بۆ سوریاو عه‌للاوی بۆ سعودیه‌و حه‌كیم بۆ میسرو په‌یوه‌ندی و كۆبوونه‌وه‌ی لیستی عیراقییه‌و هاوپه‌یمانیی نیشتمانی له‌گه‌ڵ كوتله‌كانیتر، له‌و میانه‌شدا فراكسیۆنی كوردستانی جێگه‌ی بایه‌خی هه‌ردوو لیستی ناوبراوه‌و هه‌ریه‌كه‌یان بۆ خۆی كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كات و گفتوگۆو دانوستانه‌كان درێژه‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر (كارنامه‌ی 19خاڵی)و تاوتوێكردنی به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ڕێككه‌وتنن چونكه‌ له‌م كاته‌داو به‌قه‌باره‌ی ئێستایان هه‌ریه‌ك له‌دوو لیستی ركابه‌ر ناتوانن حكومه‌ت پێكبهێنن و به‌ناچاری په‌نا بۆ لایه‌نه‌كانیتر ده‌به‌نن به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر شوێن گۆڕكێی كه‌سایه‌تی و كوتله‌كانی ناو عیراقییه‌و هاوپه‌یمانیی نیشتمانی له‌ئاینده‌دا روونه‌دات، بێگومان رێككه‌وتنی فراكسیۆنی كوردستانی له‌گه‌ڵ هه‌ر لیستێكیاندا هاوكێشه‌ی سیاسی ده‌گۆڕێت و قه‌یرانی پێكهێنانی حكومه‌تی كۆتایی پێدێت.

به‌لام به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی كوتله‌كان و هه‌ڵپه‌ی ده‌ستكه‌وتی زیاترو كاریگه‌رێتی ده‌وڵه‌تانی ئیقلیم له‌سه‌ر هه‌ندێكیان به‌ئاسانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان و به‌شداریكردنی ده‌سه‌لاتی سیاسی نایه‌ته‌دی و كاتی زۆری ده‌وێت، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌م راستیانه‌ش ته‌حه‌كوم به‌چۆنیه‌تی و شێوه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تێكی هاوبه‌شی نیشتمانی ده‌كه‌ن:

حكومه‌تی هاوبه‌شی نیشتمانی

-1هیچ لایه‌نێكی سیاسی (یان زیاتر) نایه‌وێت به‌ته‌نیاو به‌ده‌ر له‌كوتله‌كانیتر، ده‌سه‌لاتی سیاسی بگرێته‌ده‌ست و پێشوه‌خت ده‌زانێت سه‌ركه‌وتوو نابێت و باشترین چاره‌سه‌ر له‌م بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌ی عیراقدا پێكهێنانی (حكومه‌تی هاوبه‌شی نیشتمانی)یه‌، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن خه‌ڵكی عیراق و ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی و ولاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ پشتیوانی لێده‌كرێت.

-2هیچ لایه‌نێكی سیاسی (به‌تایبه‌تی لیسته‌ سه‌ره‌كییه‌كان) نایه‌وێت به‌شێوه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت بمێنێته‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ سووننه‌كان به‌ئه‌زموونێكی تاڵدا تێپه‌ڕیون و ده‌یانه‌وێت به‌شداری كاریگه‌ربن و پۆستی سیادی و گرنگ بگرنه‌ ده‌ست و شیعه‌كانیش نایانه‌وێت كورسی ده‌سه‌لات له‌ده‌ست خۆیان بده‌ن.

-3كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌ك، ده‌بێت له‌هه‌ر حكومه‌تێكی ئێستاو ئاینده‌دا به‌شداربێت و به‌حوكمی تایبه‌تمه‌ندی خۆی له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌وه‌ ناكرێت په‌راوێز بخرێت.

Shafaq Live
Shafaq Live