عێراق ناوێکی بێ رەگەزنامە

عێراق ناوێکی بێ رەگەزنامە
2020-03-10T12:39:24+00:00

به‌در ئسماعیل شیرۆكی / خسڵەتی داسەپاوی زۆرەملێی ناسنامە، هەر لەسەرەتای پێکەوە لکاندنی دەوڵەتی عێراق تا ئێستا مەزنترین هۆکار و مایەی سەرئێشەو قەیرانە پەتائامێز و هەردەم لە رۆژەڤی ئەم وڵاتەیە .

 

هەموو کێشە و قەیرانە ئاسایشی و سیاسی و ئەتنیکیەکانی مێژووی سەدساڵەی دەوڵەتی عێراق، لە نەبوونی یەکێتی و وابەستەییەکی نەتەوەیی بەهێز بە ناسنامە سەرچاوەی گرتووە .

 

لە عێراق ناسنامەی نیشتیمانی لەسەر بنەمایەکی لیبرال ودیموکراسی بنیات نەنرا و هەول نەدرا، ئەو ماف و بەرژەوەندییە هاوبەشانە، بۆ هەموو ئەو گەل و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییانە دەستەبەر بکرێ، کە هاو چارەنوسی و خۆشەویستی و هاوبەشی لە چوارچێوەی قەوارەیەکی جوگرافی، لە نیوان پێکهاتەکانی نەتەوەیەک بەرهەم دەهێنێ و کۆمەڵگەی مرۆڤی و ئەتنیکی و ئایینییەکانی، لە یەکتر نزیک دەکاتەوە و متمانە بەیەکتر دروست دەکات. متمانە بەیەککردن گیانی هاوبەش دروست دەکا و سەرمایەیەکی کۆمەلایەتی مەزن بەرهەم دەهێنێت. ئەوە لە عێراق نەهەر رووی نەدا، بەڵکوو هەموو چەمک و ئیمکاناتی ژیان و سیاسەتکردن و بەڕێوەبردن لە لایەن عەرەب قۆرخکراو دەستی بەسەرداگیرا . لەجیاتی ئەوەی گرێبەستێکی شەراکەتی نیشتیمانی ببەسترێ، هەموو گرێبەستە مێژووییەکان هەلوەشێنرانەوە و تالانکاری خاک و زمان، بووە یاسای بنچینەیی یەک زمان و یەک ڕەگەز و یەک دەوڵەتی ساختەی دەستی بێگانە .

 

لە بارودۆخێکی لەو چەشنە و لە سازوکارێکی ناپەسەند و ستەمکارانەی دەولەتسازیی وەهادا، سەرهەڵدان و نەچونە ژێر فەرمانی ئەو دەوڵەتە، لە لایەن گشت دانیشتوانی سەر ئەو جوگرافیا و سەرزەمینەوە، دەتوانێ کاردانەوە و لێکەوتەیەکی سروشتی بێت، کە شۆڕش و سەرهەڵدان و مافخوازیەکانی کورد، هەر لە دوای پێکەوەنانی ناڕاست و نابەرپرسانەی عێراق تا ئێستا، دەتوانێ هەم پێوەر و هەمیش شایانی باس بێت .

 

یەکێک لە هۆکارەکانی لاوازی ناسنامە، یان رازینەبوون بە چوونە ژێرباری چوارچێوەو دەسەڵاتداری، سازیێکی سیاسی و یاسایی و جوگرافی داسەپاو و بەهیخۆنەزانینی ئەو ناسنامەیە، سەرهەڵدانی ئاریشە و قەیرانی ئاسایشی و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەمەگیر و هەمەچەشنی درێژمەودا دەبێت، کە ئەو وڵاتە ناتوانێ گەشە بە بنەما ئابوری و فەرهەنگی و مرۆڤایەتیەکانی بدا و، ناشتوانێ وەکوو دەوڵەتێکی مەدەنی و شارستانی بچێتە ریزی گەڵانی ئازاد و پێشکەوتوو و خاوەن ژیار .

 

 هەموو ئەو و دەوڵەتانەی دوای سایکس پیکۆت بەپێی بەرژەوەندی داگیرکەرە رۆژئاواییەکان بە شێوەیەکی ستەمکارانە پێکەوە لکێنران، بەتایبەت ئەو چوار دەوڵەتەی نەتەوە و خاک و جەگرافیای کوردیان بەسەردابەشکرا، گرفتاری ئەو نفرینە ئەبەدیەی بێ ناسنامەیی و قەیران و سەرئێشەی هەمیشەیی ئاسایشی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون، کە چاوەڕوان دەکرێ لەسەردەمی جیهانگیری و خێرایی و سنوربڕیی گەیاندن و ئێنتەرنێت، کە ئیدی هیچ سنورێک بەربەست ناکرێ و هیچ سانسۆرێکی هزری و کوڵتووری کاریگەری نامێنێ، قەیرانی ناسنامە زیادتر لەهەمیشە ببێتە مایەی دەردەسەری و لێکترازانی کۆمەڵایەتی و هەڕەشەیەکی جدی، بۆ سەر دەسەڵاتی توتالیتاری و فەرمانڕەوایی نەتەوە و تاک رەگەزی سەردەست، لەو چوار وڵاتە .    

 

 پێدەچێت، بەڵانیکەم لە ئاستی تیۆری و هزریدا، دەسەڵات و سیاسەتمەداران، نەتەنیا لەبەشە قەیرانیاوەیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەکوو عێراق، ئێران، سوریە و تورکیە، کە داگیرکەری کوردستانن، بەڵکوو لە سەرتاسەری جیهانی ئازاد و دیموکراتیش دا، رووبەڕووی ئەو راستیە بووبنەوە، کە مەرج نیە بەپێی ئەندێشە و تێز و تیۆریەکانی سەدەکانی رابردوو، یەکە و دەوڵەتی بە جوگرافیا و قەوارە گەورەتر و بە نفوس زیادتر، لە دەوڵەت و یەکەی بە جوگرافیا و نفوس بچوکتر، بەهێزتر و خۆڕاگرتر و بێ کێشەتر بن، بەڵکوو دەوڵەتی بچوکتریش بەمەرجی یەکگرتووی کۆمەڵایەتی و کوڵتووری و ئەتنیکی، کە خاوەنی ناسنامەیەکی بەهێز بن و وابەستەییەکی توکمەیان بە پێناسە و نیشتیمان هەبێ، دەشێ لەئاستی سیاسی و ئابوری و خۆشگوزەرانی و تانانەت شارستانی و مرۆڤایەتیش زۆر لەپێشتر و پێشکەوتووتر و پارێزراوتربن . چونکە یەکێک لە مەرجەکانی ناسنامەی نیشتیمانی لە سەردەمی ئێستادا، بۆ باش ئەداکردن و کوالیتی حوکمڕانی و پتەویی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، نە ژمارەی سەربازانی سوپا و تانک و فڕۆکەی شەڕکەر و روبەری خاک .

 

نەتەنیا لەو چوار وڵاتە کوردستان خۆرە، بەڵکوو لەناو جەرگەی ئەوروپای لانکەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و شارستانیەتیشدا، کێشەی ناسنامە لە خۆ بەرهەمهێنانەوە و کوڵان و هەڵپژانی بوڕکان ئاسای بەردەوامدایە، نمونەی کەتەلۆنیا لە ئێسپانیا و، سکۆتلەندا لە بریتانیا، ئاماژەی رەدکردنەوەی ئەو یاسا و رێکارە ماوە بەسەرچووەن، کە گەلان نایانەوێ ئیدی ناسنامەی زۆرەملێ لە باخەڵیاندا هەڵبگرن و خۆیانی پێ بناسێنن .

 

پرسی ناسنامە، ئەگەر بەپێی نمەنەی ئاماژە پێدراوی سەرەوە بێت، نابێ بەتەنێ پرسێکی سیاسی و ئابوری و کوڵتووری و جوگرافی نێت و بە چاکترکردن و خۆشگوزەرانی باری ژیان و ئازادی زمان و کوڵتوور چارەسەر بکرێ، پرۆسەی سەربەخۆخوازی لە ( بریتانیا و ئێسپانیا ) بە روونی پێمان دەڵێن، کە ناسنامە پرسێکی زۆر تایبەتی مرۆڤایەتییە و بەشێکە لە ( تیمۆس) . واتە هەستکردنە بە شکۆ و شانازی دەرونی، ئەوە نە بابەتی پارە و کالای مادیی ژیانە، کە لەلایەن دەسەڵات و حکومەتەکانەوە بە گەلێک ببەخشرێ، بەلکوو ماهیەتێکی مەعنەوی و خوادادی و خۆڕسکی هەیە، کەدەبێ لەخۆتەوە بۆ خۆت بێ. بۆیە ئەم پرسە نە سەرکوت دەکرێ و نەلە گرتووخانە رادەگیرێ و نەبە دانوستانی سیاسی و هودنەی کاتی چارەسەردەکرێ، بەڵکوو گەوهەرێکی دەروونی مرۆڤە و دەبێ سەربەخۆیی خۆی وەربگرێ و خۆی شانازی بەخۆیەوە بکات .

 

بەپێی ئەو تێگەیشتنە، رەنگە شۆڕش و سەرهەڵدانی ئازادیخوازی گەرچی بەپێی داب و نۆرمی رابردوو، کۆتایی هاتبێ و گەیشتبێتە بنبەست، لێ ئەوەی ئیستا لە جیهان بە پرسی ناسنامە دەناسرێ، دەبێتە رێبازی شۆڕش و سەرهەڵدانی سەربەخۆخوازی گەلان و، دەولەتانی داگیرکەر رووبەڕووی چالنجێکی نوێی تازەبابەت دەکاتەوە، کە بە زەبرووزەنگ و گرتن و تۆقاندن رێگری لێناکرێ و چارەسەری تازەبابەت داخوازێ .  

Shafaq Live
Shafaq Live