عیراق و ئه‌گه‌ری پشێویی سه‌رتاسه‌ری
نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و لێكدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، هێمایه‌كی ڕوون و به‌ڵگه‌نه‌ویستیشه بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كانی پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م وڵاته، دژ به‌یه‌كن و خاڵی هاوبه‌شیان كه‌مه، ئه‌و ڕاستییه‌ی كه زۆرجار سیاسه‌تمه‌داران و ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق نكۆڵی لێده‌كه‌ن و وای ده‌رده‌خه‌ن، عیراق نیشتیمانی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌ب و پێكهاته‌كانیه‌تی.
واقیعی جوگرافی و دیمۆگرافی عیراق، به‌ئاشكرا بوونی سێ ناوچه‌ی سه‌ره‌كی له عیراقدا ده‌رده‌خه‌ن، كوردستان، ناوچه شیعه‌نشینه‌كان، ناوچه سوننه‌نشینه‌كان، هاوكات ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پاش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس هه‌مان ڕاستی دووپات ده‌كه‌نه‌وه. له ناوچه‌كانی باشووری عیراق زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری ده‌نگه‌كان دران به پارته شیعه‌مه‌زهه‌به‌كان، ناوچه سوننهمهزههبهكانیش به‌ته‌نها گوڕه‌پانی ململانێی پارته سوننه مه‌زهه‌به‌كان بوون و ته‌واوی ده‌نگه‌كانیش هه‌ر بۆ ئه‌و پارتانهبوون، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به هه‌رێمی نیمچه سه‌ربه‌خۆی كوردستانیشه‌وه هه‌یه، ئه‌وا له ساڵی (1991)ه‌وه بارودۆخێكی تایبه‌تی هه‌یه و به حوكمی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندێتییه‌ی هه‌یه‌تی خۆی له ناوچه ئاڵۆز و پڕپشێوییهكانی تری عیراق جیاكردووه‌ته‌وه.
گه‌رچی له دوای ساڵی (2003)ه‌وه زۆر هه‌نگاو و هه‌ڵوێسته‌كردن ئه‌وه‌یان ده‌رخست كه ئه‌م عیراقه به‌ناو یه‌كگرتووه، به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستای ئه‌سته‌مه به‌رده‌وامبێت و سه‌ركه‌وتوو نابێت له به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانیی بۆ گه‌لانی، به‌ڵام دوو ڕووداوی دیار ترۆپكی ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه‌یان سه‌لماند، یه‌كه‌م هه‌موواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردن و دووه‌میشیان ئه‌م قه‌یرانه سیاسییه‌ی پاش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی (7/3)یه، له قه‌یرانی یه‌كه‌مدا بێ متمانه‌یی و ململانێیه‌كی زۆر توند له‌نێوان نوێنه‌رانی پێكهاته‌كانی عیراقدا دروستبوو كه زیاتر له سێ مانگی پێَچوو تا چه‌ند بڕگه‌یه‌كی یاسای هه‌ڵبژاردنی (2005) ههموواركرا و دووه‌میش، ئه‌وا نزیكه‌ی شه‌ش مانگه پێكهاته و فراكسیۆنه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت ڕێكنه‌كه‌وتوون، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو له‌م ماوه‌یه‌دا دوو جار ده‌ستوور پێشێلكرا، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌بوو كاتێك ڕای دادگای فیدراڵی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرا سه‌باره‌ت به گه‌وره‌ترین فراكسیۆن، چونكه ده‌ستوور بیروڕای ئه‌و دادگایه سه‌باره‌ت به شرۆڤهكرنی ماده و به‌نده‌كانی ده‌ستوور به ڕای كۆتایی و دوابڕیار له‌قه‌ڵه‌م داوه، دووه‌م جاریش پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت بوو له‌و واده‌یه‌ی ده‌ستوور دیاریكردووه كه ئه‌م بۆشاییه سیاسی و یاساییه‌ی ئێستای لێكه‌وتووه‌ته‌وه. لێره‌دا گرنگه بپرسین، له‌كاتێكدا ته‌واوی پێكهاته و نه‌ته‌وه‌كانی عیراق، ده‌ستوور كه ژیانی سیاسی عیراقییه‌كان ڕێكده‌خات و به گرنگترین ده‌ستكه‌وتی دوای پرۆسه‌ی ئازادی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و به زامنی پاراستنی ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌زانن و گره‌نتی سه‌ره‌كی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی دیكتاتۆرییه و چاره‌نووسی نه‌وه‌كانی داهاتوویان له‌سه‌ر بنیاتناوه، ئه‌گه‌ر هه‌ر له ساڵانی یه‌كه‌می دوای ڕووخانی دیكتاتۆریه‌ته‌وه پێشێل بكرێت، ئیتر چ شتێك ده‌مێنێته‌وه كه هانده‌ریان بێت بۆ مانه‌وه‌یان له عیراقێكی پشتبه‌ستوو به ده‌ستوورێكی پێشێلكراودا؟
له‌ڕاستیدا ده‌توانرێت هه‌رێمی كوردستان بكرێته نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه ئه‌گه‌ر عیراق بكرێته سێ هه‌رێمی فیدراڵ، ئه‌وا ئاسایش و ئارامیی له ته‌واوی وڵات‌دا جێگیر ده‌بێت، چونكه له‌م حاڵه‌ته‌دا دانیشتووانی هه‌ر هه‌رێمێك دڵسۆزانه‌تر كار بۆ پێشخستن و خزمهتكرنی هه‌رێمه‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ده‌یان ساڵه‌ی ڕابردووی عیراق، به‌تایبه‌تی حه‌وت ساڵی دوای ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه، زۆرینه‌ی عیراقییه‌كان هه‌ست به هاوڵاتیبوونی ته‌واو ناكه‌ن، ئه‌مه‌یش وایكردووه ڕاده‌ی دڵسۆزیی هاوڵاتیان بۆ وڵات و حكومه‌ته‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مبێته‌وه، كه سه‌ره‌نجام به زیانی عیراق كۆتایی پێدێت، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستاندا، سه‌ره‌ڕای بوونی هه‌ندێ كه‌موكوڕیی له‌بواره جیاجیاكانی سیاسی و ئابووری و خزمه‌تگوزاریدا و بوونی ڕه‌خنه و ناڕه‌زایی له‌و سۆنگه‌یه‌وه، هاوڵاتیانی كوردستان هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن خاوه‌نی هه‌رێم و وڵاتی خۆیانن و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای كوردستان ده‌خه‌نه سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تره‌وه، بۆیه ئارامترین و خۆشگوزه‌رانترین ناوچه‌ی عیراقه و تیرۆریستان و دوژمنان ناتوانن به‌ئاسانی جێ پێی خۆیان تێدا بكه‌نه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی ناوچه‌كانی تری عیراقه‌وه كه بوونه‌ته گۆڕه‌پانی ته‌راتێنكردنی تیرۆریستان و به‌كرێگیراوانی ده‌زگاكانی هه‌واڵگریی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌زموونی وڵاتانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و یوگوسلافیا و چیكسلۆڤاكیا ئه‌وه‌مان بۆ دووپات ده‌كه‌نه‌وه كه پارچه‌پارچه بوونی وڵات و دروستبوونی چه‌ند وڵات و هه‌رێمێكی بچووك، ئاسایش و ئارامی و پێشكه‌وتنی ئابووری و سیاسی به‌دیده‌هێنێت و باشتره له بوونی وڵاتێكی گه‌وره‌ی خاوه‌ن گه‌لێكی بێ هیوا و دڵته‌نگ و بێ ئارامیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی. كه‌چی ئه‌زموونی وڵاتانی وه‌كو یه‌مه‌ن و سودان و سۆماڵی به‌زۆر یه‌كخراوی پڕ كوشتوبڕ و كێشه‌ی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، زه‌نگی مه‌ترسی به‌زۆر هێشتنه‌وه‌ی عیراقی یه‌كگرتووی ئێستامان بۆ لێده‌دا.
له عیراقدا كێشه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كراون و ئابووری وڵاتیش ڕووخاوه و نه‌وت نه‌بێت به‌ته‌واوی ده‌پوكێته‌وه، سه‌رباری ئه‌وانه‌یش پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت و كێشه‌ی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌كو ئاو و كاره‌با و سووته‌مه‌نی و ته‌ندروستیشی هاتووه‌ته‌سه‌ر و هاوڵاتیانی بێزاركردووه و هێناونییهتیه سه‌رشه‌قام و ڕه‌نگه هه‌روا به‌ئاسانی هێورنهبنهوه. بۆیه ئه‌گه‌ر به‌په‌له عیراق له‌ڕووی ڕووبه‌ر و ده‌سه‌ڵاته‌وه دابه‌ش نه‌كرێت، ئه‌وا پێشبینی ده‌كرێت له داهاتوویه‌كی نزیكدا لێكترازانێكی گه‌وره ڕووبدات و پشێوییه‌كی ئه‌وتۆ دروستبێت كه كه‌س ناتوانێت پێشبینی ئاكامه‌كانی بكات.