سەرۆك بارزانی: فەیلییەكان هەمیشە تەئكید لە كوردبوونی خۆیان دەكەنەوە

سەرۆك بارزانی: فەیلییەكان هەمیشە تەئكید لە كوردبوونی خۆیان دەكەنەوە
2010-10-05T16:07:54+00:00

نەهامەتی و سڕینەوەی نەژادی و جینۆساید و لە ناوبردن بووە، هەمیشە كار لەسەر ئەو ئەجێندایە دەكرا، لەڕووی نەتەوەییەوە تووشی داڕمانێكی مێژوویی بكرێنەوە و ئاسەوار و كلتور و زمان و شارستانیەتی كورد بەو ئاڕاستەیە ببەن خۆیان دەیانوویست، هەرجارە بە ئایدۆلۆژیەك و میكانیزمێك ئەم سیاسەتەیان پەیڕەو دەكرد، كوشتن و لەناوبردنی بەكۆمەڵ و شێواندنی مێژوو و زمان و رەسەنایەتی لە كارە هەر پێشینەكانی هەر حكووومەتێك یاخود رژێمێك بووە، كە لە ئێراقدا دەسەڵاتی گرتبێتە دەست، بەرامبەر بەمەش كورد سەنگەری نەتەوەیی خۆی بە پاڵپشتی بڕوابەخۆبوون و سەركردایەتی شۆڕش ئەو هەوڵانەی بێمایە كردۆتەوە، ئەمڕۆ دوای رووخاندنی سیستەمی دیكتاتۆرییەت، هێشتا ئەقڵییەتە شۆڤینیە عەرەبیەكان لە هەوڵی چڕن بۆ نۆژەنكردنەوەی سیاسەتی رابردوویان، بەتایبەتی بەرامبەر بە كوردی فەیلی و شەبەك و ئێزیدی

شۆڕشی كورد و بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك مسعود بارزانی لە بەرگریكردنی سەنگەری نەتەوەییدا خاوەن مێژوویەكی درێژن و هەمیشە رێگربوونە لەبەرامبەر ئەو هەوڵانەی بۆ سڕینەوەی مۆركی نەتەوەیی دەدران، بە گەڕانەوەمان بۆ چەند ئاماژەیەكی سەرۆكی كوردستان ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، لە هێزی بڕوابوونی نەتەوەییانەدا هەرگیز ئەو كۆششە شۆڤینیانە ناتوانێت ناسنامەی نەتەوەیی كورد بەو ویستە ببات كە دوژمنان هەوڵی بۆ دەدەن، سەرۆك مسعود بارزانی لە گوتارێكیدا رۆژی 3-12- 2005و لە كۆنفرانسی كوردی فەیلی و رۆڵیان لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی كورددا لەبارەی كوردی فەیلیەوە ئەوەی روونكردۆتەوە، بێگومان رۆڵی كوردە فەیلییەكان لە بزاڤی رزگاریخوازی كوردساندا رۆڵێكی نیشتمانپەروەرانە بوو، زۆر لە تێكۆشەرانی فەیلی لە دامەزرێنەران یاخود لەسەركردایەتی حزبەكان بوون و رۆڵێكی سەرەكیان بینیوە لەسەركردایەتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا. سەرۆك مسعود بارزانی لەو گوتارەیدا تەئكیدی لە خەباتی نهێنی فەیلیەكاندا و هەروەها ئاماژەی بە پاڵپشتیكەری ئەوان كرد بۆ شۆڕش و هێمای بۆ ئەو هاوكارییانە كرد كە لە سەردەمە سەختەكاندا بۆ شۆڕشیان كردووە، سەرۆك لەوبارەیەوە بە كوردە فەیلییەكانی راگەیاند، دەبێ گەلی كوردستان هەمووی بزانێ، كە زۆر لە یارمەتییە ماددەییەكان بۆ شۆڕشی ئەیلوول دەهاتن لەلایەن ئەو برایانە بوو كە لە بەغدا خەریكی بازرگانی بوون، لە قوربانیدانیش دیسان ئێوە بەشی شێرتان بەركەوت، لە دوای سەركەوتنی شۆڕشی مەزنی گەلی كوردستان لە 11ی ئاداری 1970 سەنگی كوردە فەیلیەكان بۆ رژێمی بەعس دەركەوت، كاتێك رۆژانە سەر شەقامەكانی بەغدا بۆ پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە گەوەرەیە، سەرۆك بارزانی بۆ وەبیرهێنانەوەی رەگ و ریشەی نەتەوەیی كوردی فەیلی ئاماژەی بە ترسی رژێمی بەعس كرد و هەروەها ئەوەی بۆ بەشداربووانی كۆنفرانسەكە روونكردەوە، هەر لەو رۆژەوە پلانیان دانا بۆ ئەوەی چۆن لە كوردە فەیلیەكان رزگاریان ببێ، بە بەهانەی جۆراوجۆر و بەغەدر و بوختانی گەورە هەر لە ساڵی1971 و 1972دا دەستیان كردەوە بەرامبەر فەیلییەكان

 

 

 

سەرۆك بارزانی لە گوتارەكەیدا وەك سەلماندنی بەڵگەیەك بۆ كوردبوونی فەیلی و شەبەك و ئێزیدی ئاماژەی بەوەدا، خوێنی ئەو هەموو شەهیدانە تێكەڵبووە، چ فەیلی چ بارزانی چ گەرمیانی چ بادینی چ شەبەك چ ئێزیدی، هەرچیەك بێت هەموو كوردن و كوردستانین و ئەم خوێنە و ئەم قوربانییە بۆتە پێناسەی نەتەوەییمان و پێناسەی مرۆڤایەتی كورد و كوردستان. سەرۆك بارزانی لەمیانەی گوتارەكەیشدا دووپاتی لەوە كردەوە، قوربانیەكانی كوردستان لەبەر نەتەوەیی بوونە نەك مەزهەب و ئاین، لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەداوە، ئێمەی خەڵكی كوردستان كە تووشی ئەو هەموو چەوسانەوە بووین، لەبەرئەوە بوو كە ئێمە كوردین، نەك لەبەر دین و مەزهەب نە لەبەر هیچ شتێكی دیكە، بەڵام هۆی سەرەكی كە ئێمە تووشبووین لەبەرئەوە بوو كە ئێمە كوردین و لە ئێوەش دەستیان پێكرد، چونكە دڵنیابوون كە ئێوە كوردی رەسەنن. من دڵنیام و داواشتان لێدەكەم لە هەموو دەرفەتەكانی كە لەمەودوا دێتە پێش ئێوەش ئەوە بۆ دۆست و دوژمنان بسەلمێنن كە ئێوە پێش ئەوەی هەر شتێك بن كوردن

فەیلییەكان هەمیشە تەئكید لە كوردبوونی خۆیان دەكەنەوە، لەو كۆنفرانسەشدا ئاماژەیان بەوەدا، ئەوان هەرگیز وەك مەزهەب تەماشای رووداوەكانیان نەكردووە، ئەوەندەی وەك نەتەوە خۆیان لە رووداوەكان بینیوەتەوە، بۆ نموونە لە گوتاری لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسەكە، كە لەلایەن محەمەد ئەمین دەلۆ سەرۆكی لیژنەی كۆنفرانس خوێنرایەوە ئاماژەیەكی روونی بۆ كوردبوونیان نیشاندا و گوتی: دووپاتی ئەوە دەكەینەوە ئێمە هەڵوێست و یەكبوونی كوردمان دەوێ، هەروەها هەموو ئەو بیانووانە لەناوببەین كە بەمەبەستی جیاكردنەوەی گەلی كورد دەدرێ. سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسەكە وەك نیشانەیەك بۆ جیاكاری مەزهەبی و نەتەوەیی كوردی فەیلی ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە زۆر باش دەزانین كەوا ئاین میللەتان یەكدەخاتەوە، بەڵام مۆركی نەتەوەیی ناسڕێتەوە، ئێمەی فەیلی شانازی بە مەزهەبی ئاینی خۆمان دەكەین، بەڵام ئەم كارە ناسنامەی كوردیمان رەتناكاتەوە.

چەند لایەنێكی شۆڤینی عەرەبی لە شاری مووسڵ دەیانەوێ لە پەنای سەرژمێری گشتیدا جارێكی دیكە غەدر لە هەڵبژاردنی ناسنامەی نەتەوەیی ئێزیدی و شەبەك بكەنەوە و ئەو مافەیان لێوەگرنەوە كە ئاماژەن بۆ رەسەنایەتی كوردبوونیان، ئەگەر بەخێرایی بەنێو گوتارێكی سەرۆك بارزانی سەرۆكی كوردستان بڕوانین لە كاتی سەردانیكردنی دەڤەری شێخان و بەسەركردنەوەی ئێزیدییەكان ئەوەمان بۆ دووپات دەبێتەوە كە ئەوان راستە ئاینینان جیاوازە، بەڵام لەڕووی ناسنامەی نەتەوەییەوە كوردن و شانازی بە كوردبوونی خۆیان دەكەن، سەرۆك بارزانی لە 22-1-2009دا گوتارێكی پێشكەش كردن، لە گوتارەكەیدا جارێكی دیكە تەئكید لە كوردبوونی ئێزیدی كرایەوە و ئاماژەی بەرۆڵی بەرچاوی ئێزیدییەكان لە شۆڕشەكانی كورد كردەوە، لەبەشێكی گوتارەكەیدا سەرۆك بارزانی هێما بۆ ئەوە دەكات، زۆرجار غەدر لە برایانی ئێزیدیمان كراوە، بەڵام شوكر بۆ خوا هەر لە دەسپێكی شۆڕشی ئەیلوول ئەو بارودۆخە گۆڕا. دڵنیاین رۆژ بە رۆژیش ئەو گۆڕینە بەردەوام دەبێت هەتا ئێزیدی و مەسیحی و مووسڵمان پێكەوە ئازاد دەبن بۆ ئایین و مەزهەبی خۆیان، لەڕووی نەتەوەییەوە كوردستان وڵاتی هەمووانە و نامانەوێ غەدر لە كەس بكرێ و نامانەوێ دەستدرێژی بكرێتە سەر موڵك و ماڵی هیچ كەسێك، لە هەمانكاتدا وەكو هەمیشە ئامادەیی تەواو هەبێت بۆ بەرگری لە مافی خۆمان

لەم پەرەگرافەدا دەتوانین ئەوە هەڵنجێنین، كە سەرۆك بارزانی هەمیشە وەك بەرگریكارێكی سەخت بووە بۆ ئاین و مەزهەبە جیاوازەكان لە كوردستاندا، چونكە ناوبراو لە پرەنسیپی نەتەوەییەوە هەمیشە رێز لە بۆچوونی ئاینی دەگرێت و ئەوەش بە مافێكی سرووشتی دەزانێت هەر كەسێك و پێكهاتەیەك مومارەسەری دینی خۆی بكات. لەسەر ئەرزی واقیعیش شاهیدی ئەوە دەدرێت، لە كوردستاندا و لەسایەی ئەم بۆچوونەی سەرۆك بارزانیدا پێكەوەژیان لە ئاستێكی زۆر جیاوازە لە ناوچەكەدا، چونكە فەراهەمكردنی ژینگەیەكی وا لەبار وایكردووە، هیچ پێكهاتەیەك هەست بە جیاوازییەك نەكات لە جۆر و مامەڵەی ئاینیدا، بەڵكو گرەنتیش كراون. بۆ نموونە هێناوەش لە هەمان گوتاری سەرۆك بارزانیدا ئەوە دەهێنینەوە بەرچاو كە بەڕێزیان فەرمووی، كاتێك شۆڕشی ئەیلوول دووچاری نسكۆ هات و رۆژێم دەستی بە تەعریب و تەهجیر كرد، نەیگوت: ئەوە مووسڵمانە، ئەوە مەسیحیە، ئەوە ئێزیدییە، ئەوە كوردە، ئەوە غەیری كوردە، بەڵكو هەمووی بە جارێك تەهجیر كرد و گوندەكانیان داگیركردو وێرانكرد.

سەرۆك بارزانی لە هەموو ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی چارەنووسی كوردەوە كردوویەتی، هەمیشە وەك داكۆكیكارێك بووە بۆ مەزهەب و ئاینەكان لە كوردستاندا، ئەو لە گوتارەكەیدا لەبەردەم ئێزیدییەكان ئاماژەی بە دانووستانەكەی ساڵی 1991دا لەگەڵ رژێمی بەعسدا و گوتی: لە گفتوگۆكاندا خاڵی گرنگ لای ئێمە گفتوگۆ كردن بوو لە سەر ئێزدیان، ئەوان سووربوون لەسەر ئەوەی ئێزیدی عەرەبن، ئێمە گوتمان باشە ئەگەر ئێزیدی عەرەببن، ئێوە بۆ گوندەكانی ئەوانتان تەهجیر كرد و وێرانكرد؟ گفتوگۆكە گەشتە ئاستێك كە عیبادەتی ئەوانیش كوردییە، واتە كاتێك ئێزیدی نوێ دەكەن و بە كوردی نوێژ دەكەن و عیبادەتی خۆیان دەكەن، ئەوە گەورەترین بەڵگەیە كە كوردی رەسەنن. سەرۆك بارزانی باس لە سووربوونی نەتەوەیی ئێزیدی دەكات لە كاتی گفتوگۆكەیان لەگەڵ بەعسدا و ئاماژەی بەوەكرد، ئێمە دەبێ لەوان بپرسین، ئەگەر ئەوان گوتیان كوردین، ئێوە واز بێنن، ئەگەر گوتیان عەرەبین ئێمە جارێكی دیكە باسی ناكەین. بە هەر روانگەیەك و پێوەرێك سەیری ئەم تەحەدایەی سەرۆك بارزانی بكەین بەرامبەر بەعس ئەو راستیەمان بۆ ڕووندەبێتەوە كە كوردبوونی ئێزدییەكان پێویستی بە مشتومڕی دوژمنان نییە، چونكە دواتر سەرۆك بارزانی ئاماژە بەوە دەكات، لەسەر ئەوە لەگەڵ ئەوان پێكهاتین، لە راستیدا ئێمە گومانمان لە رەسەنایەتی كوردبوونی ئێزیدی نییە، لە هەمانكاتدا ئێمە ناخوازین ناسنامە بۆ هیچ كەسێك دروست بكەین و بڕوایەكی تەواومان هەیە، كە ئێزیدی خۆیان بە كوردی رەسەن دەزانن، كە فیعلەن كوردی رەسەنن، ئەگەر یەكێك لە ناو ئێزیدیاندا هەبێت خۆی بە كورد نەزانێ، ئەوە گرفتی خۆیەتی، ئێزیدی بڕیار دەدەن كە كوردن یا نا، نەفەرێكی دیكە نابێ بڕیار بدات كە ئێزیدی كوردن یا كورد نین، ئێمە رێگەنادەین نەفەرێك بێت ناسنامە بۆ ئێزیدی دیاری بكات، ئێزیدی بە خۆیان ناسنامەی خۆیان دیاری دەكەن، هەمان شت دەربارەی برایانی شەبەكمان.

سەرۆك بارزانی لە میانەی ئەو سەردانەیدا بۆ شێخان وەك رێزگرتنێك لە ئاین و رێورەسمی ئاینی ئێزیدی و دووپاتكردنەوەی دڵنیایی سەردانی لالیش پەرستگای ئێزیدیانی كرد، لەنێو گوتارەكەیدا زۆر بە شانازییەوە ئەوەی بە ئێزیدییەكان راگەیاند، سەردانی من ئەوەیە كە بارودۆخی ناوچەكە ببینم، بەرلەوەی بێمە ئێرە سەردانی لالشمان كرد، چونكە پێمانوایە سەردانی لالش مانای سەردانی هەموو ماڵێكی ئێزیدییە. من دەمەوێ ئێزیدی هەست بەوە بكەن كوردی رەسەنن و ئەو وڵاتە وڵاتی ئەوانە، ئەو رۆژەش چوو كەسێك بێت جارێكی دیكە تەعەدایان لێبكات. وەك ئاماژەیەكیش بۆ داكۆكیكاری سەرۆك بارزانی لە برایانی ئێزیدی ئەوە بیردەهێنینەوە لە 24-1-2009 لە كاتی دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ هاووڵاتیانی شنگال و زوممار و تەلەعفەردا سەرۆك دووپاتی لەوە كردەوە، برایانی ئێزیدی، نەك لە ڕوانگەی توندڕەویی نەتەوەییەوە، بەڵام ئێزیدی ئەوانەن كە لەسەر مومارەسەی ئاینی خۆیان بە زمانی كوردی ماونەتەوە، ئێمە هەرگیز ناسنامەی ئێزیدی دیار نەكەین، ئەوان خۆیان ناسنامەی خۆیان دیار دەكەن، ئێمە بەرگری لە ویستیان دەكەین و داكۆكی لەو ناسنامەیە دەكەین كە بۆ خۆیانی هەڵدەبژێرن، ئێمە رێگە بە هیچ كەسێك نادەین ناسنامە بۆ ئێزیدیان دیاری بكات، لە هەمانكاتیشدا رێگە بە خۆشمان نادەین ناسنامە بۆ ئێزیدیان دیاری بكەین، ئێزیدییەكان خۆیان ناسنامەی خۆیان دیاری دەكەن و ئازادن.

ئەگەر ئێراق بە گشتی بەدەم سیاسەتی دواخستنی سەرژمێرییەوە بناڵێت، ئەوە لایەنی كوردی ئێزیدی و شەبەك و فەیلی بەهۆی سیاسەتێكی دیكەی شۆڤینیانەوە رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، كە هەوڵەكان لەنێو پارێزگای مووسڵ بەدەستی چەند گرووپێكی عەرەبی شۆڤینیەوە زەنگی مەترسیدار لێدەدات، وەك لەڕوونكردنەوەكەی لیژنەی باڵای سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە هەرێمی كوردستان بەدیار دەكەوێت، پارێزگای مووسڵ بەتایبەتی لیستی حەدبا كە دەستیان بەسەر یەكە ئیدارەییەكانی پارێزگاكە گرتووە، دەیانەوێ لەمپەر لەبەردەم پرۆسەكە دروست بكەن، هەروەك هەوڵیش دەدەن ناسنامەی نەتەوەیی شەبەك و ئێزیدی بسڕنەوە، لەڕوونكردنەوەكەدا هاتووە: وەڵامی پرسیاری نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێری بە بەتاڵی دانراوە بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییەك بە ئازادانە گوزارشت لە خۆی بكات و ئێمەش بەوە پابەندین، بەڵام كێشەی ئێمە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی ئێراق ئەوەیە كە هەندێك هەوڵدراون، كە دوای تەواوبوونی سەرژمێری و راگەیاندنی دەرئەنجامەكان پێكهاتەی ئێراق بە شێوەیەك رابگەیەنرێت بە پێچەوانەی دەستوور و مێژوو و راستییەكان بێت، بەوەی كە هەریەك لە ئێزیدی و شەبەك و كوردی فەیلی بە نەتەوەی جودا لە كورد لە قەڵەم بدرێن، كە ئەمەش بۆ بچووككردنەوەی ئەوانە، ئێمە هەر لەسەرەتاوە ئەم بابەتەمان رەتكردەوە.

روونكردنەوەكە ئاماژەش بەوە دەكات، پرسیاری ژمارە209 تایبەت بە ئاین لە فۆرمی سەرژمێری پێنج ئەگەر دەخاتە بەردەستی هاووڵاتی كە ئەوانیش مووسڵمان، مەسیحی، ئێزیدی و سابئە و ...هتد، لەبەرئەوە خوشك و برا ئێزیدییەكان لەم پرسیارەدا بە تەواوی و ئازادانە وەكو ئایین بە دەردەكەن و قەبارەیان دیار دەبێت، كە ئەمەش كەس كێشەی لەسەر نییە، چونكە هەموو دەزانین كە كوردی ئێزیدی تەنها ئاینییان جیاوازە. لەبەشێكی دیكەی روونكردنەوەكە ئەوە روونكراوەتەوە، خوشك و برا زوڵملێكراوانی فەیلی دەبێت ئەو راستییە بزانن كە جودا كردنەوەیان بەناوی كوردی فەیلی تەنها جودا كردنەوەیانە لە كورد و بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە قەرەبووكردنەوەی ئەوان نییە، چونكە قەرەبوو بڕیارێكی دادوەری و سیاسییە، هەر بۆیەش ئێمە داوا لەو خوشك و برایانە دەكەین كە گوێ لەو كەسانە نەگرن كە دەیانەوێت راستییەكان بشێوێنن و دڵنیاش بن كە ئەو دەنگانە بۆ خێر و خۆشی ئەوان نییە. روونكردنەوەكە باس لەوەشدەكات، لەسەرەتای فۆرمی سەرژمێری لە پسیاری ناو و ناوی باوك و باپیر پرسیارێك هەیە بەناوی-اللقب- لەبەرئەوە هەر كەسێك بیەوێت خۆی بە فەیلی لە قەڵەمبدات دەتوانێت لە قەبی خۆی بە فەیلی بنووسێت، نەك بەوەی كە نەتەوەیی خۆی بگۆڕێت و بەهەمانشێوە خوشك و برا شەبەكەكانیش.

 

Shafaq Live
Shafaq Live