سەبارەت بە دەستوور لە سایەی کۆنفرانسی هەرێمی کوردستان بۆ یەکڕیزی ودەستوور
دکتۆر سامان سۆرانی/ هەبوونی دەستوورێکی مەدەنی وەکو بەڵگەنامەیەکی نیشتمانی بنەما سەرەکیەکان بەرجەستە دەکات بۆ ئەوەی سیاسەتی دەوڵەت ڕێکبخرێ وتایبەتمەندیەکانی یاسادانان وجێ بەجێکردن و کاروباری نێودەوڵەتی ڕوون بکرێنەوە، لە هەمان کاتدا گەرەنتی یەکگرتوویی و فرەیی دەکات.
دەستوورێکی هاوچەرخ جەخت لەسەر ئازادی و ماف و ئەرکە گشتیەکانی هاولاتی دەکات و مەبەستیە پێگەی گەل و نیشتمان بەرز بکاتەوە، تا شیاوبن لە بەدەستهێنانی پێکەیەکی گونجاو لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
دەستوور دەتوانێ ڕوحی دیموکراسی بخاتە بەر جەستەی دەوڵەت، چونکە ئێمە پێمان وایە دەستوور دەتوانێ لە زۆر ڕووەوە دیموکراتیەتی دەوڵەت بەهێز بکات، بۆ نموونە دەبێتە هۆکار بۆ سەقامگیری دامەزراوە سیاسیە دیموکراتیە بنەڕەتیەکان، هەرچەند دەستوور ناتوانێ چوارچێوەیەکی دیموکراتی بۆ حکومەت دابنێ، بەڵام دەتوانێ سەرجەم مافەکان زامن بکات و زەمانەتی پێویست بۆ دامەزراوە سیاسیە سەرەکیەکان فەراهەم بکات.
دەستوور دەتوانی مافی زۆرینە و کەمینە بچەسپێنێ و زەمانەت بە هەروولا بدات، کە مافە بنەڕەتیەکان پارێزراون. بە ئامادەکردنی دەستوورێکی کارا هاوڵاتی دەتوانێ لە چوارچێوەی یاسا و لە کاتێکی دیار خاوەندکار بخاتە بەر لێپرسینەوە بۆ ئەو بڕیارەی کە داوێتی یان بۆ ئەو ڕەفتارانەی ئەنجامی داوە.
دەستوور وەکو ئۆرگانێکی بێ لایەن لایەندارێتی هاوڵاتی و دەوڵەت ناکات، بەڵکو وەکو هاوسەنگ و تەرازوو ڕێگر دەبێ لە درووستبوونی ئاژاوە و پاشاگەردانی.
دەستوور هۆکارە بۆ هەبوونی شەفافیەت و پێدانی زانیاری بنەڕەتی بە هاوڵاتی، بەو شێوەیە دەکرێ میکانیزمی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی بێ گەرد بەڕێوەبچێ، دوور لە هەر دیماگۆگیەتێکی هزری.
دەستور دەتوانێ وەرچەرخانێکی جۆری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیانی هەرێم درووست بکات، ئەگەر گشتگیر بێت و لەگەڵ دیموکراسیەت هاوسەنگ بێت.
چۆن دەتوانین دەستوور دابنێێن؟ ئاسانترین و بەرچاوترین ئاستەنگ، کە ڕووبەڕووی دەستور دەبێت بریتیە لە، مەودای گونجان و سازانی چینەکانی کۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی، چونکە یەكێ لە مەرجە سەرەکیەکانی دەستوور بریتیە لە هەبوونی هۆشیاری سیاسی پێویست و باوەڕهەبوون بە چەمکی "نیشتمانسازی و دەوڵەتسازی و ئایندەسازی".
دیارە لەم ڕووەوە بنەمای جیاوازی ناو کۆمەڵگە لە ڕووی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی گرینگی خۆی هەیە.
پێگەی بەرژەوەندی نیشتمانی لە ناو هزری نەوەکانی هەرێم، ئایا ئەوان دەستوور، کە یەکێ لە بنەماکانی دیموکراسیەتە، دەکەن بە هۆکارێ بۆ لەناوبردنی دەوڵەت یان دەیکەن بە ئامرازێ بۆ پاراستنی دەوڵەت؟
ئایا پەیوەندی نێوان ناسنامەی سیاسی وسروشتی دەستورێکی دیموکراسی، کە دەستوور ڕواڵەت نەبێ و گەرەنتیی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بکات، هاوئاهەنگە یان پێچەوانەیە؟
پێویستە بڕگەی یەکەم لەو دەستورەی کە بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێ ئاماژە بە یەكڕیزی و سەربەخۆیی و سەروەری هەرێم بکات و بە ڕاشەکاوی باس لە جوگرافیای یەکگرتووی هەرێم بکات (مەبەست ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە).
ئەگەر دەستوور بە ڕاشەکاوی باسی لە یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی ئاسایش و پێدانی دڵنیایی وهاوسەنگی لە ڕەخساندنی دەرفەتەکان بۆ سەرجەم هاوڵاتیان کرد، ئەوا ئیتر پێویست ناکات لە ناو دەستوور باس لە پێکهاتەی ئێتنی و ئاینی و ئاینزاکان بکرێت.
پێویستە دەستور ئاماژە بە پاراستنی موڵکی گشتی بکات و تەنها کاتێ ڕێگە بدات موڵکی گشتیە دەستکاری بکرێ، ئەگەر ئەو موڵکە گشتیە بە پێی حوکمە یاساییەکان و بەرامبەر بە قەرەبووکردنەوەیەکی دادپەروەرانە بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکارهێنرا.
پێویستە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بنەمای ئابوری قەوارەی هەرێم بێت، لە کاتێکدا هاوکاری ڕاستگۆیانە لە نێوان چالاکی گشتی و تایبەت بوونی هەبێت بەمەبەستی پەرەپێدانی بەردەوامی ئابوری و بەرزکردنی ئاستی بژێوی ژیان و خۆشگوزەرانی.
لە ڕاستیدا پێویستە هاوڵاتیانی هەرێم خۆیان لە یاسا کۆنەکان رزگاربکەن، کە پەیوەندییان بە ئازادی و باری کەسییەوە هەیە. هەروەها پێویستە دەستوور ئاماژە بەوە بکات، کەوا هەموو تاکەکان یەکسانن بەرامبەر بە یاسا و هیچ جیاکارییەك لە نێوانیان ناکرێ لە ڕووی ڕەگەز و نەتەوە و جیاوازی جێندەری یان باوەڕی ئاینی و پێگەی کۆمەڵایەتی.
ئازادی تاك بۆ هەموو هاوڵاتیان بەردەست بێت و ناکرێ بە بێ حوکمە یاساییەکان هیچ کەسێ دەستگیر بکرێ یان بپشکنرێ و گلبدرێتەوە و زیندانی بکرێ.
هەروەها پێویستە دەستور ئاماژە بەوەش بکات، کەوا نابێت مرۆڤ ئەشکەنجە بدڕی و مامەڵەی خراپی لەگەڵ بکرێ، کە ببێتە هۆی سوکایەتی پێکردن وبریندارکردنی شکۆمەندی مرۆڤ.
کۆنفراسی هەرێمی کوردستان بۆ یەکڕیزی و دەستوور، کە لە ١٩ی ئایاری ٢٠٢١ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو دەرفەتێکی لەباری بۆ لایەنە سیاسیەکان وڕۆشنبیران و کەسانی ئەکادیمی ڕەخساند تا لە نزیکەوە پرسی دەستوور تاوتوێ بکەن و دیدگا و ڕوانینی خۆیان ئاشکرا بکەن.
ئێمە بە پێویستی دەزانین ئەو جۆرە کۆنفرانسانە، کە مۆرکێکی نیشتمانی وئایندەسازیان پێوە دیارە بەردەوام هەبن، چونکە دەستوور دەتوانێ فاکتەرێکی هاوکار وسەرەکی بێت بۆ یەكڕیزی و یەکبوونی دەوڵەت، بە تایبەتی ئەگەر ئەو دەوڵەتە وەکو هەرێم چاوی دەرەکی و هەڕەشەی لەسەر بیت.
دەستوور لە تەنیشت فاکتەرەکانی تری سەربازی و دیبلۆماسی ستوونێکی بەهێزی دیموکراسیەتە. هەروەها یەكڕیزی لەسەر ئاستی ناوخۆ هێزێکی هاوتەریبە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئایدیۆلۆژیانەی کە ماوەیان بەسەر چووە و ئەمڕۆ دەنگیان زوڵاڵە و مەبەستیانە قەوارەی هەرێم لەناوەوە هەراسان و لاواز بکەن. بۆیە لێرەدا بە گرینگی دەزانین بڵێێن، پێویستە هەموو لایەك دوور لە هزری تەسکی حزبایەتی و بەرژەوەندی کەسی بە جیددی تواناکانیان بخەنە گەڕ لە پێناو بونیادنانی هەرێمێکی دیموکراسی خاوەن دەستوور. دواجار سەرکەوتن هەر بۆ گەلی كوردستانە.