زوڵم پیر نابێ ئه‌گه‌ر له‌بیرنه‌چێ
عه‌لی حسێن فه‌یلی / لاریمان له‌و قسه‌یه نییه كه دهستكهوهكانی ته‌مه‌ن له پانتایی ده‌نووسرێته‌وه نه به درێژایی.
دۆزی ئێمه‌ی فه‌یلی وه‌ك ئینسان و كوردێكی هاووڵاتی ئه‌م وڵاته له سه‌ره‌تادا ته‌نانه‌ت گرفت نه‌بوو كرا به كێشه لێ چاره‌سه‌رنه‌كردنی كاره‌ساتی لێ كه‌وته‌وه و نهۆ ئه‌م كێشه‌یه ئاسته‌م و دژوار‌و فره ره‌هه‌نده بێ بڕیاری سیاسی هیچ چاره‌سه‌رێكی یاسایی بۆ نییه.
به نموونه له بابه‌تی پێناسه‌ی تاكه كه‌سی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی وڵاتانی رێزگر له مافه‌كانی مرۆف ئه‌وه‌یه كه پاش چه‌ند ساڵێك مافی هاووڵاتیبوون به پهناخوازو كۆچه‌ر ده‌به‌خشن لێ له مێژووی عیراقدا هیچ كات حكومه‌ته‌كان ماندووی ده‌ستی هاتنی به لێشاوی خه‌ڵكی بیانی نه‌بوون كه خوازیاری وه‌رگرتنی پێناسه‌ی ئه‌م وڵاته بن و رێكاری جێبه‌جێكردنی ئهومافهش ره‌چاو نه‌كراوه .
له سای هزرو بیری حوكمڕان و ده‌سه‌ڵات رق و كینه‌و ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی و حه‌زو خواستی باڵاده‌ستی شوێنی مافه‌كانی مرۆفی گرتۆته‌وه و له‌سه‌ر حسابی چه‌وساندنه‌وه‌و كوشتوبڕو ده‌ربه‌ده‌ركردنی پێكهاته‌كان زۆر تراژیدیا خوڵقاوه كه شوێنهاتهكانی هێشتا به‌رده‌وامی هه‌یه.
ئایا بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌هامه‌تیانه مه‌رج ئه‌وه‌یه فه‌یلییه‌كان تیمێكی یاسا زانیان هه‌بێ تا دۆسیه‌كه بجووڵێنن و له سنووری ناوخۆیی بیبه‌نه ناوه‌نده‌كانی جیهانی و... كێ رێگره و كێ كه‌مته‌رخه‌مه؟
به‌رده‌وامی ژیان بۆ پێكهاته و كه‌مایه‌تیه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كان گه‌لێك دژوارتره له‌وه‌ی به ئاسانی باسده‌كرێ ، له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و هه‌موو ده‌زگا فه‌رمی و نافه‌رمیانه‌ی تایبه‌ت به داد‌و ماف له عیراقدا ، بۆ ده‌بێ مه‌رج ئه‌وه‌بێ كه ته‌نیا وچه‌و وچهزای قوربانیه‌كان ببنه پسپۆڕی یاسا تا به‌رگری له خۆیان بكه‌ن ؟ له سای بوونی ئه‌و هه‌موو ئیمكاناته مرۆیی و ماددی و مه‌عنه‌ویه‌ی میلله‌تێكی زیندوو بۆ ئافراندنی تابلۆ‌و هۆنراوه‌ی ناخ هه‌ژێنی یادی كاره‌ساته‌كان بۆ ده‌بێ پێكهاته زوڵملێكراوه‌كان ته‌نیا خۆیان ببنه ده‌نگی شاعیر‌و نوسه‌رو هونه‌رمه‌ندو.. ؟ هه‌ڵه‌و كه‌مایه‌سی و كه‌مترخه‌می له لایه‌ن فیلییه‌كان و هاوشێوه‌كانیان پاساو نین بۆ ئه‌و زوڵمه‌ی لێیان كراوه. هه‌رچه‌ند سته‌م و تاوانی گه‌وره‌یان به‌رامبه‌ر كراوه‌و ده‌كرێ لێ داواكاریه‌كانیان هێشتا بچووكه.
له ئێستادا ته‌نیا دۆزی ره‌وای ئینسانی فه‌یلی و هاو شێوه‌كانی كۆن نه‌بوون به‌ڵكو بیر‌و هزری خاوه‌نه‌كانیشیان پیرتر و ماندووتره له‌وه‌ی چالاكانه خه‌بات بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كان بكه‌ن.
ئه‌و ئینسانه‌ی نیشته‌جێی دۆخێكی وه‌ك عیراقه یه‌كه‌م شت كه بیری لێده‌كاته‌وه نه‌مانه له‌ناو بازنه‌ی ئینتماو فیكر و ئایدیولۆژیای چه‌وساندنه‌وه وههڵاتنه له‌و واقعه تاڵ و بێ ئاینده‌یه‌ی كه تیایدا به سته‌ملێكراو ده‌مێنێ.
ده‌بێ بزانین ؛ زوڵم پیر نابێ به‌ڵكو زۆربه‌ی جار ناهومێدی سته‌ملێكراو نه‌بانی ده‌كات ، تا ده‌ردی سته‌ملێكراوێك نه‌بێته ئازاری هه‌موان ره‌وا نیه كه‌س مافی حه‌سانه‌وه‌ی ویژدان به خۆی بدات.