دیوانخانەی سیاسی عێراق چۆل بووە .

دیوانخانەی سیاسی عێراق چۆل بووە .
2020-05-12T16:15:17+00:00

به‌در ئسماعیل شیرۆكی/ کانی سیاسی عێراق هەموو پتانسێلی خۆی سوتاندووە . لە دوا دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی دەرکەوت، کە دەپۆی سیاسی عێراق، بەتایبەتی لە بەشی شیعی عەرەبیدا، ئیدی سیاسەتمەداری سەرکردەی جێی قبول و پسەندی شەقامی عێراقی تێدا نەماوە و بەتەواوی خاڵی بووە، بۆیە لە بوار و بەشی دیکە، جیاواز لەسەرکردەی پارت و لایەنی سیاسی کاراکتەر بە قەرز وەردەگرێ .
ئەوقەرزە، کە بۆ سەردەمێکی بە پەلە و بۆ چارەسەری کاتی و چاودێری چڕی قەیرانی جڤاکی، سیاسی، ئابوری و دەوڵەتداری کەڵکی لێوەردەگیرێ، پێناچێت بتوانێ چارەسەری یەکجاری و تەواوی کێشە و گێژاوە بورکان ئاساکانی عێراق بکات، لێ شاکاریی هەرەمەزنی سەرۆک وەزیرانی نوێ، لە ئەوپەڕیدا دەتوانێ ئەوە بێت، کە زەمینە بڕەخسێنی بۆ ئەوەی عێراق بگەیێنێتە کەناری نە چەندان ئارامی هەڵبژاردنێکی دیکە، بەو مەرجەی جەماوەری سێ بەشە لێکدابڕاوەکەی عێراق، بڕوا بەوە بێننن جارێکی تر سەری هەنگوستیان بۆ سەرۆکێکی تر لە بەغدا، لە هەشی مەرەکەب بنێنەوە .
بیرگەی حەڤدە ساڵی ڕابردووی شەقامی عێراقی زۆر بە روونی ئەوەی لە بیرە، کە هەر سەرۆکێک لەسەر کورسی دەسەڵات لە بەغدا دانیشتبێت، هەموو دەستکەوتەکانی کەسی پێشخۆی لە بناغەوە رماندووە و ململانەی لەسەر ئەوە بووە، کە چەند دەتوانێ زیادتر لە کابینە و سەرۆکی پێشتر بەرژەوەندی دەوڵەتی دیکەی پشتیوانی خۆی و حزبەکەی، وەپێش بەرژەوەندی گەل و وڵاتی خۆی بخات، ئەوەش هۆکارێکە لەو دەیان هۆکارانەی، کە سیاسەتمەداری عێراقی، هەم لە رووی متمانەی جەماوەری، هەمیش لە باری ئەزموونی دەوڵەتداری و حوکمڕانی رۆژبەرۆژ بچوکتر ببێتەوە، هەرچەندیش ئەوان بچوکتر دەبنەوە، کێشەکان مەزنتر و قەبەتر و هەمەگیرتر دەبن . ئەوەش وەک ئەوە وایە کە لەساڵی ٢٠٠٣ بەسەرەوە لە عێراق، تۆپەڵە بەفرێک لە دوندی کێوێکەوە بەرەوخوار گلۆر بووەتەوە و بەردەوام بەفری زیادتری بەدەوریخۆی کۆ کردۆتەوەو مەزنترو مەزنتر بووە، تا وایلێهاتووە، کە ئێستا تۆپەلە بەفرەکە لەخودی کێوەکە مەزنتر بووە و، خودی کێوەکەی کە عێراقە، لەژێر قورسایی خۆیدا پلیشاندۆتەوە .
وەک دیارە هەڵنەبژاردن، بەڵکوو دەستنیشانکردنی مستەفا کازمی بۆ بەڕێوەبردنی مەرجداری پۆستی بڤێی سەرۆک وەزیرانی بەغدا، وەکوو نزیکترین کەس لە دیوەخانی بەتاڵی سیاسی عێراق، نە دیوەخان نشین، بەبێ خواست و مەیلی راگەیێنراوی شەقام، بەلکوو بە هیمەتی چاوتێبڕین و ئومێد لەسەر هەڵچنینی دوو هێزی کاریگەری ناوچەیی و جیهانی کورسی چەموشی سەرۆکایەتی بۆ دەستەمۆ کرا، لێ ئەوە، بەبێ بەها و پێ بژاردن نەبووەو نابێت .
ئەمریکیەکان لەوانەیە بەرێز کازمی کەسێک بشوبهێنن، کە بتوانی پەیوەندیێکی پتەو و ستراتیژی و جێگیریان لەگەڵ عێراق بۆ بنیات بنێ، کە لەئاستی خوێنی زیادتر لە ٥٠٠٠ مارێنز و هه‌زاران ملیارد دۆلار پارەی باجدەری ئەمریکی بێت، کە لەساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە، لە عێراق خەرج کراوە، ئێرانیەکانیش سەرباری ئەوەی کە مستەفا کازمی بۆ پارێزگاری لە پێگەو هەژموونی ئێران، بە جێگرەوەی جەعفەری و مالکی و عەبادی و عەبدولمەهدی نازانن، بەڵام لەو قۆناخەدا، کە گۆڕانکاریەکان لە عێراق بە ئاقارێکی جیاواز گوزەر دەکەن و چادر نشینەکانی مەیدانی تەحریری بەغدا و لاوە تازە پێگەیشتووەکانی سەرشەقام و چالاکوانانی ناو جیهانی سۆشیال میدیای سنوربڕی بێکۆنترۆل، بە موبایلە زیرەکەکانیان، بازنەی هزری چەقبەستوی کۆمەڵگەی عێراقیان دوچاری گۆڕان کردووە و شاپ شاپانێ، بە لیدەر و سیاسەتمەدار و سەید و مەولای کلاسیکی دەکەن، دڵیان بەوە ئاو دەخواتەوە، کە بەلایکەم لە دۆخێکی لەو چەشنەدا، دەسەڵات لە دەستی شیعە دەمێنێتەوە .
بە پێێ تێگەیشتنی خۆم، چ ئەوەی لە شەقام روودەدات، چ ئەو پێکهاتنە سیاسیەی لە دەستنیشانکردنی بەرێز کازمی ئەنجامدرا، هەردووکی دیاردەیەکی ناوازەن لە وڵاتێک کە کورسی دەسەڵاتداریی، ئیدی ئەو ئارامی و خۆشی و شکۆ و جەبەروتی جارانی بۆ نەماوەتەوە، چەنکە بەروونی دیارە، تاکی عێراقی باوەڕی بە دەرکەوتنی سەرکردەیەکی لێهاتوو و بێلایەن، لە کانی ی سیاسی ئێستای عێراق، بە تایبەتی لە بەشە عەرەبیەکەی ئەوەندە لاواز بووە، کە رووی لە دۆزینەوەی رێگەچارە و ئەزموونکردنی بەڕێوەبەرایەتی لە بەشەکانی تری عێراق کردووە، وەک ئەو مەیلەی لە دروشمەکانی مەیدانی تەحریر و هەندێک لە شارەکانی دیکەی عێراق پێشاندرا، بەو دەربڕینە، کە سەرۆک وەزیرێکی وەکوو نێچیروان بارزانی مان دەوێ

Shafaq Live
Shafaq Live