ده‌زگای "شه‌فه‌ق" ره‌خنه‌ له‌ راگه‌ياندنه‌كانی سه‌ر به‌حكومه‌ت ده‌گرێت

ده‌زگای "شه‌فه‌ق" ره‌خنه‌ له‌ راگه‌ياندنه‌كانی سه‌ر به‌حكومه‌ت ده‌گرێت
2010-09-25T15:36:49+00:00

ئومێدێك بۆ ئه‌وكوردانه‌ی كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم  چه‌ندين ساڵ‌ خه‌ونيان پێوه‌ ده‌بينی ، ئه‌وه‌ی مايه‌ی خۆشحاڵی بوو له‌ماوه‌يه‌كی كوورتدا به‌پێشبركێكردن له‌گه‌ڵ كاتدا گه‌يشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ ئێستا بووه‌ته‌ پردی په‌يوه‌ندی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان  و عێراقدا.

له‌لێدوانێكيدا بۆ ئاژانسی ده‌نگوباسی كوردستان (ئاكانيوز) عه‌لی حسێن فه‌يلی به‌رپرسی ده‌زگای رۆشنبيری و راگه‌ياندنی كوردی فه‌يلی رايگه‌ياند كه‌ ده‌زگای رۆشنبيری و راگه‌ياندنی كوردی فه‌يلی( شه‌فه‌ق ) له‌ساڵی 2003دامه‌زراوه‌و له‌ساڵی 2004 يه‌كه‌م چالاكی خۆی ده‌ست پێكرد له‌رێی كردنه‌وه‌ی راديۆيه‌ك به‌ناوی شه‌فه‌ق كه‌به‌رنامه‌كانی به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی په‌خشده‌كردوو بووه‌ يه‌كێك له‌و هه‌شت ئێزگانه‌ی كه‌ له‌به‌غداد په‌خشيان هه‌بووه‌، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ ده‌زگای شه‌فه‌ق زياتر په‌ره‌ی سه‌ندوو چه‌ند به‌شێكی تری لێ دامه‌زرا كه‌ئه‌ويش له‌ ده‌ركردنی چه‌ند گۆڤارێك و رۆژنامه‌و به‌چاپ گه‌ياندنی چه‌ند بڵاوكراوه‌يه‌كی تری رۆشنبيری و دامه‌زراندنی ماڵپه‌رێكی تايبه‌ت به‌ده‌زگاكه‌ كه‌به‌چوار زمان دێته‌ وه‌شاندن خۆی ده‌بينيه‌وه‌.

له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌يدا بيرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ده‌زگای شه‌فه‌ق ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌مو كورييه‌ی كه‌ له‌ راگه‌ياندنی كورديدا به‌ديده‌كرا به‌رامبه‌ر به‌گه‌ياندنی په‌يام و پێناسی راگه‌ياندنی كوردی له‌ هه‌رێمی كوردستان ، بۆ يه‌ پێويست بوو كه‌ له‌م كات و ساته‌دا ده‌زگايه‌كی وه‌كو شه‌فه‌ق دابمه‌زرێت بۆ ئاشناكردنی خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌تايبه‌تی له‌به‌غداد به‌و كاروچالاكيانه‌ی كه‌ له‌ناوهه‌رێمی كوردستاندا ئه‌نجام ده‌درێن.

عه‌لی حسێن فه‌يلی ووتيشی  ده‌زگای شه‌فه‌ق به‌دوای ئه‌و شوناسه‌ كورديه‌ شارستانيه‌دا ده‌گه‌رێت كه‌ دووره‌ له‌  هه‌موو جۆره‌ ناوزراندن و توندوتيژييه‌ك.

وه‌سه‌باره‌ت به‌دابينكردنی بودجه‌ی ده‌زگای شه‌فه‌ق به‌رپرسی ده‌زگای ناوبراو رايگه‌ياند كه‌ يارمه‌تی دارايی له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرن به‌ڵام كه‌ووتوونه‌ته‌ نێوان به‌رداشی هه‌ردوو لايه‌نی ياساكانی رژێمی پێشوو كه‌ تاوه‌كو ئێستاش كاريگه‌ری سلبی له‌سه‌ركورده‌فه‌يليه‌كان داناوه‌و له‌لايه‌كی ديكه‌شه‌وه‌ نه‌بوونی پشتگيری كارای كوردی له‌دۆسيه‌ی كوردانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.

فه‌يلی نيگه‌رانی خۆشی له‌ ده‌زگا راگه‌ياندنه‌ حكوميه‌كان به‌تايبه‌تی تۆری راگه‌ياندنی عێراقی نه‌شارده‌وه‌ ووتی به‌داخه‌وه‌ كه‌ ده‌بوايه‌ ببوايه‌ته‌ ده‌نگی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق به‌ڵام به‌مه‌به‌ست و بێ مه‌به‌ست پێكهاته‌ی كوردی به‌ته‌واوی پشتگوێ خستووه‌ و له‌رێره‌وی راسته‌قينه‌ی خۆی لايداوه‌.

به‌رپرسی ده‌زگای شه‌فه‌ق هێمای به‌وه‌شكرد كه‌ به‌رپرسه‌‌ كورده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هيچ رۆڵێكيان له‌رووی كۆمه‌ڵايه‌تی و رۆشنبيرييه‌وه‌ نيه‌و ته‌نها گرنگيانداوه‌ته‌ دۆسيه‌ سياسيه‌كان .

عه‌لی حسێن فه‌يلی راشيگه‌ياند كه‌ كورده‌فه‌يليه‌كان له‌عێراقدا تاهه‌نووكه‌ش به‌ده‌ست بێ مافی و پشتگوێ خستنه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، وه‌نزيكه‌ی 700 هه‌زار هاوڵاتی كوردی فه‌يلی پێش ساڵی 2003 به‌زۆر له‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆيان كۆچيان پێكراوه‌ ئه‌وه‌تا دوای حه‌وت ساڵ له‌ئازادكردنی عێراق له‌ژێر ده‌ستی رژێمی دكتاتۆری سه‌دام تاوه‌كو ئێستاش زۆرێك له‌و هاوڵاتيانه‌ نه‌گه‌راونه‌ته‌وه‌ بۆ زێدی باب و باپيری خۆيان ئه‌مه‌ش  له‌به‌ر جدی نه‌بوونی حكومه‌تی عێراقی له‌به‌ده‌مه‌وه‌چوونيان و هاوكاری كردنيان له‌هه‌موو روويه‌كه‌وه‌ .

Shafaq Live
Shafaq Live