درزه‌كانی دیواری گروپی (20)
سه‌رۆك ده‌وڵه‌تانی گروپی (20) كه له له‌نده‌ن و واشنتۆن و پترسبۆرگ میوانداری كرا له بیره‌وه‌ری خه‌ڵكدا ده‌مێننه‌وه، چونكه تایبه‌تمه‌ندبوون له پاڵپشتیكردنی فره‌یی و كاری جیهانی ڕێكخراودا، به‌ڵام گروپی (20) تا ئاستێكی زۆر كارێكی به‌رده‌وامه و ته‌واو نه‌كراوه، به‌ڵكو پێویستی به هه‌وڵدانی زۆر هه‌یه تاوه‌كو سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت، هه‌روه‌ك له لوتكه‌ی ئه‌مدواییه‌ی گروپه‌كه له تۆرنتۆ پێوه‌ی دیاربوو. لوتكه‌ی 2008ی گروپی (20) له واشنتۆن یه‌كه‌مین لوتكه بوو كه بۆ یه‌كه‌مجار دوای دامه‌زراندنی له ساڵی 1997دا هه‌موو سه‌ركرده‌ی ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌كانی كۆكرده‌وه. له‌ئێستادا گروپی (8) ئه‌و ئامرازه شیاوه نییه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری جیهان، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه پێویستییه‌كی زۆر بۆ سه‌قامگیركردنی بازاڕه داراییه‌كان له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هه‌یه. ئێستا ئه‌وه ڕوونبۆوه كه پێویستمان به گوێگرتن له ده‌نگی وڵاتانی وه‌كو چین و هندستان و به‌رازیل هه‌یه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بگه‌ینه وه‌ڵامێكی باش بۆ وێناكردنی ته‌نسیقێكی پێویست.
هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی داراییدا لوتكه‌ی له‌نده‌ن له 2009دا ڕه‌زامه‌ندبوو له‌سه‌ر نیشاندانی ئاستێكی بێوێنه‌ی هاندانی دارایی و نه‌ختینه و پاڵپشتیشی ڕاگه‌یاند بۆ داڕشتنی چوارچێوه‌یه‌كی ڕێكخراوه‌یی و سهرپهرشتیانه به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێزتر و تۆكمه‌تر له‌سه‌ر ئاستی جیهان. له‌به‌ر ڕۆشنایی سه‌ركه‌وتنی گروپی (20)دا ئیتر له لوتكه‌ی پترسبۆرگدا وه‌ك كۆڕبه‌ندی سه‌ره‌كی بۆ هاریكاری ئابووری خۆی ناساند و دانی پێدانرا، ئه‌و دانپێدانانه پاڵپشتی بوو بۆ ئایندهی گروپی (20)و ئه‌و پله و پایه‌یه‌ی پێبه‌خشی كه شایه‌نیه‌تی، چونكه ته‌نها كۆڕبه‌نده كه پێكه‌وه زلهێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ده‌وڵه‌ته گه‌شه‌سه‌ندووه‌كان به یه‌كسانی له‌سه‌ر یه‌ك مێز كۆده‌كاته‌وه. ئه‌مڕۆ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه جیهانییه‌كان پێویسته ته‌نها به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن جیهانی بێت، چونكه هیچ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی تر نییه، به‌ڵام ناڕوونی ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی كه له لوتكه‌ی تۆرنتۆ به‌دیهاتن كه‌لێنی خستووه‌ته نێوان سه‌ركرده سیاسییه‌كانه‌وه. دوو كه‌لێنی ڕوون و ئاشكرا هه‌ن كه بوونه‌ته هۆكاری لێكترازان. یه‌كه‌میان له‌و ناكۆكییه‌دا خۆده‌بینێته‌وه كه له‌نێوان هه‌ردوو به‌ری ده‌ریای ئه‌تڵه‌سیدا هه‌یه سه‌باره‌ت به چۆنێتی گه‌ڕانه‌وه بۆ گه‌شه‌پێدانی به‌هێز، له‌كاتێكدا كه ئه‌مریكا پێی باشه به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانی هاندانی ئابووری، به‌ڵام یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌هێزكردنی سیاسه‌تی ڕێكخستنی بارودۆخی دارایی و كه‌مكردنه‌وه‌ی كورتهێنان و سنووردانانی بۆ كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزه‌كان پێباشتره. هۆكاری دووه‌میش له ناكۆكی سه‌باره‌ت به باجدانی بانكیی خۆده‌بینێته‌وه كه له‌لایه‌ن ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا و ژاپۆنه‌وه پشتگیری لێده‌كرێت، له‌كاتێكدا كه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته تازه پێگه‌یشتووه‌كانه‌وه دژایه‌تی ده‌كرێت. سه‌ره‌ڕای گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێك كه ساڵی 2013ی داناوه به ساڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی كورتهێنان له بودجه‌كاندا تاوه‌كو نیوه، هه‌روه‌ها ساڵی 2016 دانراوه به ساڵی جێگیركردنی سه‌قامگیری قه‌رزه سیادییه‌كان، به‌ڵام كۆده‌نگییه‌كه به ڕێڕه‌وێكی ڕاستدا ناڕوات هه‌رچه‌نده هه‌ردوو باره‌كه پێویستن، ته‌نانه‌ت له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕێزگرتن له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌ر بوارێك هێشتا زه‌مینه‌یه‌كی هاوبه‌ش به‌دیده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی وردی و شه‌فافیه‌تی زیاتر له ڕێككهوتنهكاندا په‌یڕه‌و بكرێت. هه‌مان جۆر قسه‌كردن له‌سه‌ر شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه ڕێكخستنی سیستمی باجی بانكیش ده‌گرێته‌وه. من ته‌واو د‌رك به‌وه ده‌كه‌م كه ئه‌وه كارێكی ئاسان نییه كه سه‌ركرده‌كانی جیهان نه‌وه‌ك بازاڕه‌كان سه‌ركردایه‌تی چاكسازییه‌كان بگرنه ئه‌ستۆ. جگه له‌وه‌ش عاده‌تێكی دووباره‌بۆوه هه‌یه پێویسته بگۆڕدرێت. ئاشكرایه كه به‌ستنی لوتكه‌ی گروپی (8) له‌پێش لوتكه‌ی گروپی (20)دا هه‌روه‌ك له حوزه‌یرانی ڕابردوو له كه‌نه‌دا ڕوویدا به‌ئاسانی هۆكارێكه بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی بوونی دوو یانه‌ی جیهانی جیاواز، به‌ڵام له‌وه ناچێت ئه‌و دۆخه به‌رده‌وام بێت.
ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه گروپی (20) ده‌یبینێ هه‌ر ده‌بێت له‌ڕووی گرنگییه‌وه تۆكمه‌تر بكرێت له‌به‌ر پشكی ده‌وڵه‌تانی گه‌شه‌سه‌ندوو له تێكڕای داهاتی ناوخۆیی له‌سه‌رئاستی جیهان كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ساڵی 2030دا بگاته 60%، سه‌ره‌ڕای سروشتی جیهانی كۆسپ و ئاسته‌نگه‌كان له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت پێشكه‌وتنێك له ڕێڕه‌وی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی حوكم له جیهاندا به‌دی بێنین ئه‌وا له‌سه‌رمان پێویسته پێكه‌وه كاربكه‌ین له‌پێناو په‌ڕینه‌وه‌یه‌كی ئاشتیانه و بێ كێشه له‌ناو ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه‌دا و به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌ند كێشه‌یه‌كی تری سه‌ره‌كی وه‌ك ڕێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆم. لێره گرفته‌كه له‌وه‌دایه كه شۆڕبوونه‌وه بۆ بازنه‌ی كاری دووقۆڵی مه‌ترسی زۆری هه‌یه سه‌رباری پێویستی زۆرمان به فره‌یی، ئه‌ویش به‌هۆی نه‌بوونی ڕابه‌رایه‌تی جیهانیه‌وه‌یه.
گرنگیپێدانی باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مریكا لایه‌نی زۆر گرنگ ده‌گرێته‌وه، وه‌ك خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دانانی ستراتیژێكی پێشكه‌وتوو له ئه‌فغانستان و چاككردنی ئابووری پاشهكشهكردووی ئه‌مریكا. هه‌مان قسه ده‌رباره‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپاش ڕاسته، چونكه گرنگیدانه‌كانی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی دوایی له‌سه‌ر داكۆكیكردن له یۆرۆ و نه‌هێشتنی گرفته ئابوورییه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له ده‌ره‌وه ڕوانگه‌ی خۆیدا چڕكراونه‌ته‌وه.
له (برۆجێكت سندیكیت)ه‌وه
*نوێنه‌ری باڵای پێشووی ئاسایش و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا.
و: سابیر عه‌بدوڵلا كه‌ریم