دەستوور و یەكڕیزی

دەستوور و یەكڕیزی
2021-05-20T12:30:05+00:00

‌ئاریان فەرەج - كۆنفرانسەكەی زانكۆی كوردستان وەك سەرەتایەك بۆ گواستنەوەی گفتوگۆی لایەنەكان و پێكهاتەكان لەسەر دەستور بۆ ناو فەزای گشتی و نوخبەی روناكبیری كوردستان، دەستپیشخەرییەكی بەسود بوو.

ناونیشانی كۆنفرانسەكە ( یەكڕیزی و دەستور) زیرەكانە داڕێژرابوو، گوزارشت بوو لەو ئیشكالیەتە جەدەلییەی كە ئایا دەستوور گەرەنتییە بۆ یەكریزی یاخود یەكڕیزی زەمینەساز و پیشمەرجی نووسینەوەی دەستوروزامنی پەسەندكردنیەتی لە لایەن گەلەوە، ئایا یەكڕیزی لە پیشترە یان نووسینەوەی دەستور، كامیان ئەوی دیكەیان بەدیدێنی؟.

لە راستیدا تێگەیشتن لە چەمكی یەكڕیزی و مەدلولە سیاسییە كۆمەڵگەییەكەی، دەروازەیەكە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە.

دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم زیاتر لە دووساڵە لە چوارچێوەی خیتابێكی ئاراستەكراو بۆ هەموولایەك، دەیەوێت تێگەیشتنێكی هاوبەش و قبوڵكراو لای هەموان بۆ چەمكی یەكڕیزی دابڕێژێ، روانگای سەرۆك و سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ ئەو چەمكە بریتییە لە (ئیدارەدانی ململانێ و جیاوازییەكان لە زەمینەی باوەڕ و پابەندیی هەموواندا بە كۆمەڵێك سەوابت و بنەمای نیشتمانی كە گەرەنتی ئەوە بكەن ململانێ و جیاوازییەكان سەرنەكێشن بۆ لێكترازان).

رێكەوتن لەسەر ئەو تێگەیشتنە هاوبەشە، خۆی لە خۆیدا گرێبەستێكی سیاسیی نەنوسراوە كە زەمینە دەسازێنی بۆ ئەو گرێبەستە كۆمەڵایەتییە نوسراو و گەل پەسەندەی پێی دەگووترێت دەستوور. لە هەمان كاتیشدا خودی دەستووركە سیستمی سیاسیی وڵات و تان وپۆی كۆی كایەكانی كۆمەڵگە و ماف و ئەرك و دەسەڵاتی هەموو لایەك دیاریدەكات، لیڤەگەڕودادوەرو چوارچێوەی هەڵسوڕانی سیاسی و ناوبژیكاری ناكۆكییەكانە و دواجار چەمكی یەكریزی بە مانای رێكەوتن لەسەر نەگۆڕە نیشتمانییەكان، لە چەمك و رێكەوتنێكی سیاسیی ئەخلاقییەوە دەكاتە پابەندییەكی دەستوری ویاسایی.

لەم پێودانگەوەیە كە سەرۆكایەتیی هەرێم هەردوو چەمكی یەكریزی و دەستور بە تەواوكاری یەكدی دەبینێ، لە پراكتیكیشدا دوو ساڵە چەند كار بۆ هێنانەدی یەكریزی و هێوكردنەوەی ناكۆكییەكان دەكات، هێندەش كار بۆ سازدانی زەمینەی گفتوگۆی دەستور دەكات.

هەر خودی ئەو تەواوكارییەی كە هەردوو پرۆسەی یەكریزی و دەستور پێكەوە گرێدەدات، وا دەكات یەكڕیزی پێویست بێت بۆ ئەوەی زەمینەی تەوافوق بۆ نووسینەوەی دەستور لە ئارادا بێت، لەدایكبوونی دەستووریش پێویسته‌ بۆ ئەوەی چوارچێوەیەك بۆ یەكڕیزی و بۆدەستنیشانی ماف و ئەركەكان و ئیدارەی جیاوازییەكان و رێكخستنی كایەكانی ژیان فەراهەم بێت.

Shafaq Live
Shafaq Live