خوێندنی كوردی له‌به‌غداد له‌چ ئاستێكدايه‌؟

خوێندنی كوردی له‌به‌غداد له‌چ ئاستێكدايه‌؟
2010-11-07T15:28:26+00:00

له‌گه‌ڵ تێكچوونی بارودۆخی عێراق له‌رووه‌كانی ديكه‌وه‌ خوێندنيش رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و دواوه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌، وه‌له‌پێناو دۆزينه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و به‌ره‌وه‌ پێش بردنی لايه‌نی په‌روه‌رده‌ له‌گه‌ڵ دونيای پێشكه‌وتن و ته‌كنه‌لۆجيادا پێويسته‌ حكومه‌تی عێراقی زياتر هه‌وڵه‌كانی بخاته‌ گه‌ر بۆ پێگه‌ياندن و زيندوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و لايه‌نه‌ گرنگه‌ی ژيان، وه‌به‌نيسبه‌ت خوێندنی كورديشه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان حسێن جاف به‌رێوبه‌ری گشتى به‌شی خوێندنی كوردی و نه‌ته‌وه‌كانی ديكه‌ له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی عێراقی به‌م شێوه‌يه‌ وه‌ڵامی چه‌ند پرسيارێكی ماڵپه‌ره‌كه‌مان ده‌داته‌وه‌.

شفق/  واقعی خوێندنی كوردی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم چۆن ده‌بينيت؟ ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ چين دێنه‌ به‌رده‌می؟

خوێنی كوردی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌يه‌كی باش به‌ پاڵپشتی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی فيدراڵ به‌رێوه‌ده‌چێت،وه‌ ئه‌و كێشه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه‌ دێنه‌ به‌رده‌می زۆرنين و شايه‌نی چاره‌سه‌ركردنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخ و ئه‌سه‌فه‌ هه‌ڵوێست و نيازی هه‌ندێی لايه‌نه‌ كه‌ ده‌يانه‌وێت كێشه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌م دۆسيه‌يه‌دا درووست بكه‌ن و خوێندن به‌زمانی كوردی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان په‌كبخه‌ن و نه‌هێڵن هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بنێت.وه‌ وه‌زاره‌تيشمان له‌ مه‌ترسی ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ ئاگادار كردۆته‌وه‌.

شفق/ ئايا كادری پێويست هه‌يه‌ بۆ ووتنه‌وه‌ی وانه‌ی كوردی له‌ هه‌موو پارێزگاكانی عێراقدا؟

بێگومان نه‌خێر، ئه‌و لايه‌نانه‌يش كه‌ خوێندكاريان لێوه‌ ده‌رده‌چێت بۆ ووتنه‌وه‌ی وانه‌ی كوردی هه‌ردوو به‌شی كوردی و كۆلێژی ابن روشده‌ كه‌ ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه‌ ته‌خه‌روج ده‌كه‌ن زۆربه‌يان ئه‌و توانايه‌يان نييه‌ كه‌ وانه‌ی كوردی بڵێنه‌وه‌ و هه‌ندێكيشيان خوێندكاری عه‌ره‌بن.

شفق/ چاره‌سه‌ر چيه‌ بۆ ئه‌م كێشه‌يه‌؟

وه‌كو  به‌ فه‌رمانگه‌ی خوێندنی كوردی و نه‌ته‌وه‌كگانی ديكه‌ له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق هه‌وڵی ته‌واومانداوه‌ كه‌ ئه‌و بۆشاييه‌ پر بكه‌ينه‌وه‌ و داواكاريشمان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ بۆ بريكاری وه‌زيری خوێندنی باڵاو توێژينه‌وه‌ی زانستی  بۆ كارووباری زانستی به‌رێز سه‌لام خۆشناو كه‌ هه‌وڵبدرێت نمره ياخود موعه‌ده‌لی قبوڵكردنی قوتابی له‌به‌شی كوردی كه‌مێك دابه‌زێنرێت و كه‌م بكرێته‌وه‌ له‌هه‌ردوو به‌شه‌كانی كوردی و كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی ئيبن روشد، وه‌ كردنه‌وه‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌كۆلێژی ئاداب و په‌روه‌رده‌كردنی قوتابی به‌شێوه‌يه‌كی زۆر باش و دامه‌زراندنيان راسته‌خۆ دوای ته‌واوكردنی خوێندن و هاندانيان  به‌وه‌ی كه‌ خوێندنی كوردی له‌راستيدا بووه‌ته‌ خوێندنی سه‌رده‌م،وه‌ مه‌رجی وه‌رگرتنی قوتابيش ئه‌وه‌بێت كه‌ قسه‌كردن به‌زمانی كوردی بزانێت.

شفق/  ئايا نيازی ئه‌وه‌تان نييه‌ كه‌ زمانی كوردی بخرێته‌ ناو تاقيكردنه‌وه‌ وزاريه‌كانه‌وه‌؟

به‌ڵی ئێمه‌ خۆمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ كردووه‌ و به‌نيازين بۆ ساڵی 2113 وانه‌ی زمانی كوردی وه‌كو هه‌موو ماده‌كانی تری خوێندن  بخرێته‌ ناو  تاقيكردنه‌وه‌ وزاريه‌كانه‌وه‌.، وه‌ئێستاش هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌خۆ ئاماده‌كردنداين بۆ به‌چاپگه‌ياندنی كتێبی زمانی كوردی بۆ پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌يی.

شفق/ به‌شی وانه‌ی كوردی ئايا كافيه‌ له‌ئێستادا ياخود بيرتان له‌زيادكردنی ‌كردووه‌ته‌وه‌؟

به‌بۆچوونی خۆم ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌يه‌ ئه‌گه‌ر وانه‌بێژی به‌توانا هه‌بێت  زۆرباشه‌ كه‌ بۆ هه‌روانه‌يه‌ك دوو رۆژه‌ له‌هه‌فته‌يه‌كدا .

شفق/ پۆگرامی خوێندنی كوردی له‌چی پێكهاتووه‌؟

وه‌كو هه‌رموو زمان و وانه‌كانی ديكه‌ی خوێندن  رێزمانی كوردی، دارشتن، ووشه‌و لێكدانه‌وه‌،وه‌ گفتووگۆ به‌زمانی كوردی، و مێژوو ئه‌ده‌بو كه‌سايه‌تيه‌ ناسراوه‌كانی ناو مێژووی كورد.

شفق/ ئايا ‌نيازی كردنه‌وه‌ی خولی راهێنانتان نييه‌ له‌ كوردستان؟

به‌ڵی نيازێكی وامان هه‌يه‌ كه‌ به‌شداری و رۆڵمان هه‌بێت له‌و خوڵانه‌ی كه‌ له‌كوردستان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌كرێنه‌وه‌، وه‌ داواشم له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ كه‌ هاوكاريمان بكه‌ن له‌و رووه‌  خولی راهێنان بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و خوێندكاره‌ ده‌رچووانه‌ی كه‌ له‌به‌غداد خوێندنی به‌شی كوردی ته‌واو ده‌كه‌ن، هه‌ڵوێستی ئه‌وانيش له‌و رووه‌وه‌ ئيجابی بووه‌و به‌پێی پێويست هاوكارييان كردووين.

شفق/ ژماره‌ی خوێندنگا كورديه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم چه‌نده‌؟

زياتر له‌ 655 قوتابخانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم واته‌ له‌ به‌غداد و كه‌ركووك و دياله‌ و نه‌ينه‌وا و سه‌لاحه‌دين و دووزخورماتوو هه‌ن كه‌ وه‌ 348له‌وانه‌ توركمانين وه‌ 102 سريانی وه‌ چه‌ند باخچه‌يه‌كی منداڵانيشمان هه‌يه‌ كه‌ به‌زمانی كوردی منداڵان په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن ئه‌وانيش باخچه‌ی ساوايانی نه‌ورۆز له‌شارع فه‌له‌ستين، وه‌ ئاشتی به‌هه‌مان شێوه‌ له‌شارع فه‌له‌ستين، وه‌ باخچه‌ی ساوايانی قه‌ده‌م خێر كه‌ به‌نيازين له‌نزيكترين كاتدا له‌ناوچه‌ی جه‌ميله‌ بيكه‌نه‌وه‌،

به‌نيسبه‌ت چالاكيشمانه‌وه‌ به‌نيازين له‌ مانگی داهاتووه‌ چه‌ند خولێك بكه‌ينه‌وه‌ بۆ مامۆستايانی زمانی كوردی له‌به‌غداد بۆ زياتر به‌ره‌و پێشبردنی خوێندنی كوردی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

 

 

 

Shafaq Live
Shafaq Live