بالۆنه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان ئاسمانی‌ به‌غدایان ته‌نیوه‌

بالۆنه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان ئاسمانی‌ به‌غدایان ته‌نیوه‌
2010-05-01T12:45:40+00:00

شاره‌كه‌یانی‌ ته‌نیوه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ كامێرایان تێدایه‌‌و چاودێری‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا چه‌ندین چیرۆكی‌ سه‌یر‌و سه‌مه‌ره‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ باسده‌كرێت.هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و جه‌سته‌ سپییه‌ گه‌ورانه‌ی‌ به‌ئاسمانی‌ به‌غداوه‌ دیارن، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌بالۆن ناچێت، به‌ڵام له‌ناو خه‌لكدا ناوی‌ بالۆن (منطاد)یان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌‌و له‌ئێستادا بونه‌ته‌ به‌شێك له‌ناسنامه‌ی‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت.له‌ئێستادا زۆربه‌ی‌ گه‌ڕه‌كه‌ گه‌وره‌‌و گرنگه‌كانی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت ئه‌و بالۆنانه‌یان به‌سه‌ره‌وه‌ دیاره‌‌و ناوه‌كانیان له‌ناوی‌ ئه‌و گه‌ڕه‌‌كانه‌وه‌ وه‌رگرتوه‌‌و بونه‌ته‌ نیشانه‌ی‌ ناسینه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌، به‌تایبه‌ت بۆ شۆفێری‌ ته‌كسیه‌كانی‌ پایته‌خت.له‌ئێستادا كارێكی‌ زۆر ئاساییه‌ گه‌ر نه‌فه‌رێك به‌شۆفێری‌ تاكسی‌ بڵێت ده‌چمه‌ لای‌ بالۆنی‌ مه‌نسور، یاخود ئه‌عزه‌میه‌، یان هه‌ر بالۆنێكی‌ تر.دانیشتوانی‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی‌ بالۆنه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كانیان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، دان به‌وه‌ده‌ده‌نێن كه‌ بونی‌ ئه‌و بالۆنانه‌ كاریگه‌ری‌ ئیجابی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌سه‌ر بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ ناوچه‌كانیان هه‌بوه‌ كه‌ ورده‌ ورده‌ له‌پاش ساڵی‌ 2006وه‌‌، له‌ناوچه‌ پڕ كێشه‌‌و كرده‌ توندوتیژیه‌كاندا بڵاوبونه‌وه‌، تادواتر زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ به‌غدای‌ گرته‌وه‌.هاوڵاتیان ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌ده‌ن كه‌ بالۆنه‌كان ژماره‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ له‌ناوچه‌كانیاندا ئێجگار كه‌مكردوه‌ته‌وه‌ به‌هۆی‌ بونی‌ ئه‌و كامێرانه‌ی‌ به‌رده‌وام چاودێری‌ شاره‌‌كه‌‌‌ ده‌كه‌ن‌و وێنه‌ی‌ هه‌مو شتێك ده‌گرن.

یه‌كێ‌ له‌و چیرۆكانه‌ی‌ به‌كرده‌یی‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نیدا رویداوه‌، وێنه‌گرتنی‌ رفاندنی‌ منداڵێكی‌ ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵان بوه‌ له‌لایه‌ن گروپێكی‌ چه‌كداره‌وه‌.جاسم مته‌یری‌ كه‌ دانیشتوی‌ ناچه‌ی‌ نه‌فه‌ق ئه‌لشورته‌ی‌ به‌غدای‌ پایته‌خته‌، بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ له‌پاش دیارنه‌مانی‌ منداڵه‌كه‌ی‌ رویكردوه‌ته‌ یه‌كێ‌ له‌بنكه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان به‌مه‌به‌ستی‌ هاوكاریكردنی‌‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ منداڵه‌كه‌ی‌.مته‌یری‌ ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ریكیه‌كان رێگه‌یان نه‌دا كامێرای‌ بالۆنه‌كه‌ ببینم، به‌ڵام پێیان وتم كه‌ سێ‌ كه‌س ئۆتۆمبیله‌كه‌یان له‌نزیك محه‌ممه‌دی‌ كوڕم راگرتوه‌‌و به‌زۆر بردویانه‌‌و به‌ره‌و ناوچه‌یه‌كی‌ نادیار رۆیشتون".ئه‌م بیاوه‌ تاكو ئێستا منداڵه‌كه‌ی‌ نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی‌ دو ساڵه‌ رفێندراوه‌ "گه‌ر ئه‌مه‌ریكیه‌كان بیانهێشتایه‌ خۆم وێنه‌كان ببینم، ره‌نگ بو بیانناسم‌و منداڵه‌كه‌م بدۆزمه‌وه‌".

 

ئه‌م بالۆنانه‌ به‌به‌رزاییه‌كی‌ زۆر به‌ئاسماندا، له‌ڕێی‌ ته‌لی‌ گه‌وره‌‌و ئه‌ستور كه‌ به‌زه‌ویدا چه‌قێندراون، راگیراون. به‌هۆی‌ به‌رزیانه‌وه‌، كه‌ش‌و هه‌وا كاریگه‌ری‌ زۆری‌ به‌سه‌ریاندا هه‌یه‌‌و له‌كاتی‌ ره‌شه‌با‌و خۆڵبارین تاڕاده‌یه‌ك له‌كارده‌كه‌ون‌و داگرتنیان قورس ده‌بێت، بۆیه‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌و بالۆنانه‌ به‌رده‌وام چاودێری‌ كه‌ش‌و هه‌وا ده‌كه‌ن‌و هه‌ر كاتێك بزانن كه‌ ره‌شه‌بای‌ توند به‌ره‌و به‌غدای‌ پایته‌خت دێت، پێشتر ئه‌و بالۆنانه‌ داده‌گرن‌و دواتر به‌رزی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ مه‌ترسی‌ پچڕانی‌ ته‌له‌كانیان هه‌یه‌.بیكه‌ر یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌فسه‌ره‌ ئه‌مه‌ریكیانه‌ی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ كاری‌ بالۆنه‌كان ده‌كات، بۆ نیقاشی‌ رونكرده‌وه‌ "بالۆنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ خولیی‌ ده‌پشكنین بۆ ئه‌وه‌ی‌ دڵنیابین له‌ئامێره‌كانی‌ ناویان كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك باش‌و ورد كارده‌كه‌ن"، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ "به‌رده‌وام له‌پته‌وی‌ ته‌له‌كانیان دڵنیاده‌بینه‌وه‌".بیكه‌ر ئاماده‌نه‌بو هیچی زانیاریه‌ك له‌باره‌ی‌ ورده‌كاری‌ ئه‌و بالۆنانه‌ ئاشكرا بكات، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت "ئه‌م بالۆنانه‌ كاری‌ ئێجگار گرنگ ئه‌نجامده‌ده‌ن‌و چاودێری‌ وردی‌ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌ن‌و وێنه‌ی‌ هه‌مو كرده‌‌و جوڵه‌یه‌كی‌ گوماناوی‌ ده‌گرن". له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ مانه‌وه‌شیان تاكو ئێستا به‌سه‌ر ئاسمانی‌ به‌غدادا له‌پاش كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كان، ناوبراو وتی‌ "تاكو ئێستا هه‌ندێ راوێژكاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌بنكه‌ هاوبه‌شه‌كاندا كارده‌كه‌ن‌و له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌یاندا، باڵۆنه‌كان هه‌ڵده‌گرین".له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، ده‌نگو‌ باس‌و پڕوپاگه‌نده‌ی‌ زۆر له‌لایه‌ن هاوڵاتییه‌ به‌غاییه‌كانه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و بالۆنانه‌ باس ده‌كرێت كه‌ پێده‌چێت هه‌ندێكیان ته‌واو دور بن له‌واقیعه‌وه‌. ئافره‌تێكی‌ به‌ته‌مه‌نی‌ یه‌كێ‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌ مللییه‌كانی‌ به‌غدا كه‌ نه‌یویست ناوی‌ ئاشكرا بكریت، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌ناو بالۆنه‌كه‌دا ده‌ژین وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌مانگه‌ ده‌ستكرده‌كاندا هه‌یه‌‌و خۆیان چاودێری‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن.هه‌ندێكی‌ تر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌و بالۆنانه‌ وێنه‌ى ماڵه‌كان ده‌گرن‌و ته‌ماشای‌ خه‌ڵكی‌ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌هاویندا كه‌ له‌سه‌ربان ده‌خه‌ون.ره‌نگه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ له‌لای‌ هه‌ندێك له‌به‌غاییه‌كان هه‌بێت له‌باره‌ی‌ بونی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌ناو بالۆنه‌كاندا بۆ قه‌باره‌ی‌ بالۆنه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ قه‌باره‌ی‌ هه‌لیكۆپته‌رێك گه‌وره‌ترن، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ دورن له‌راستیه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ بالۆنه‌كان ئاماژه‌ی‌ پێده‌ده‌ن، به‌تایبه‌ت كه‌ بونی‌ ئه‌و ئامێرانه‌ی‌ ناوی‌ به‌ته‌نها ده‌توانن چاودێری‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌ن به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پێویستی‌ به‌سه‌ربازی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ هه‌بێت.


















‌نیقاش | خلود ره‌مزی

 

Shafaq Live
Shafaq Live