یاریکردن بە دینار وەک عوملە

یاریکردن بە  دینار وەک  عوملە
2022-02-20T20:06:56+00:00

محمد رەئوف محمد/ سەرەتایەکی ترسناکە بۆ ئایندەی عێراقێک کە نەژێرخانی ئابووری ھەیەو نە ھیچ سیستمێکی ئابووری جێگیری ھەیە، دەستکاریکردنی بەھای دینار بە پەلەپڕوزەو بێ  راوێژی ناوخۆی و نێودەوڵەتی و وەک ئامرازێکی پۆپۆلیستی و میکانیزمێکی سیاسی بۆ جێگیرکردنی زیاتری ھەیمەنەی کەسێک یان تەییارو تەوژمێک لەکاتێکی نەگونجاوی ھەستیاردا ئایندەی عێراق بەرەو کارەسات دەبات.       

عێراق پێش چەند مانگێک بەھای دیناری بەرێژەی لەسەدا ٪‏٢٢ ھێنایە خوارەوە بەرانبەر بە دۆلار و ھۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کەبتوانێت مووچە لەکاتی خۆیداو ھەموو مانگێک بیدات و دابەشیکات ، لەھەمان کاتدا  بازار دەستی بەگرانبوون کرد بە ھەمان رێژەو ھاولاتییش باجەکەی دەدات ، کەواتە مووچەخۆر دووجار باجی قورسی داوە..      

بەھەموو پێوەرێکی ئابووری و لۆژیکی دابەزاندنەکە چەند سەقەت و دوور لەپاساوی ئابووری بوو  ئەگەر ئێستا دەستکاری بکرێتەوەو بەرز کرێتەوە سەقەتترو خراپترە..       

عێراق نەپارو نە ئەمساڵ کێشەی داھات و نەقدی نەبووەو نیە بەڵکو کێشەی گەندەڵی و دیار نەمانی ملیارەھا دۆلاری ھەیە، عێراق کێشەی سیاسەتی نەقدی و بانکی و دارایی ھەیە، کێشەی تەرخانکردنی بوجەی زەبەلاحی سەربازی و ئەمنی دەمامکداری فەرمی و نافەرمی ھەیە ، کێشەی کڕینی چەکی بەردەوامی بێ ھوودەو بێ پلانی ھەیە، کێشەی حووتە  شەخسی و حیزبیەکانی ھەیە، کێشەی کڕینی خزمەتگوزاری ساختەی وەک کارەبای ھەیە ، ئەو کێشە گەورەو زەبەلاحانە بەدابەزاندن و سەرخستنی نەقد چارەسەر نابن بەڵکو بە چاکسازی و پرۆسێسێکی چاکسازی ریشەیی راست و دروست و بەردەوام چارەسەر دەبێت..       

سەرکردەکانی عێراق کەزۆربەیان لە ئابووریدا نەخوێندەوارن نابێت چاو لەتورکیاو ئێران بکەن و بڵێن ئەوان  کێشەی نرخی دراوو نەختینەیان ھەیەو چەند ساڵیشە ماون و بەردەوامن ، نەخێر ئەوە پێی دەوترێت قیاسی سەقەت و نادروست ، ئەوان دەوڵەتن ، خاوەنی ژێرخانی ئابوورین ، پیشەسازین ، ھەناردەکردن بنەمای ئابووریانە نەک ھاوردەکردن، بەھەردوکیان بە شێوەی ڕێژەیی لێکدانەوەی بۆ بکرێت بەئەندازەی عێراق مووچە خۆریان نیە ، ھەموو کەسێک لەودوو ولاتە بەرھەم ھێنە جگە لە رێژەی بێکاریەکەیان ، لەودوو ولاتەدا کاتژمێری بەرھەمھێنان لەکەرتی تایبەتدا زۆربەرزەو ، لەکەرتی گشتیدا زۆر لە عێراق باشترە ، بەلام لە عێراقدا کاتی بەرھەم ھاتوو لە ھەشت سعاتی کار تەنھا ٢٠ دەقیقەی بەرھەم دێت .      

ساڵانە بۆ عێراق درۆیەکی گەورەی ئابووری دەمامکدار دەکرێت ئەویش دیاریکردنی رێژەی گەشەی ئابووریە و ناویشی بەساختەو درۆوە لە ریزی ووڵاتاندا دەنوسرێت ، ئاخر درۆکە لەوێدایە کە تەنھا پێوەری گەشەی ئابووری  بۆ عێراق بریتیە لە ئاستی زیادکردنی ھەناردەکردنی نەوت ، ئەوەش پێچەوانەی پێوەرەکانی گەشەی ئابووریە..      

لە کۆتاییدا ئەگەر عێراق خۆی بچوێنێ بە وڵاتێکی وەک لوبنان باشترو نزیکترە لێیەوە تا چاو لە ولاتانی پێشکەوتووی ئابووری و سیاسی و کۆمەلایەتی بکات ..     

لەکۆتاییدا دەلێم یاریکردنی سیاسی و پۆپۆلیستی بەسیاسەتی دارای و نەقدی سەری کۆی پارەکە دەخوات و ھیچ کێشەو قەیرانێکیش چارەسەرناکات.       

ئەگەر خوولی نوێی حوکمرانی ئا بەمشێوەیە دەستپێبکات کەواتە ساڵانێکی سەخت چاوەروانی عێراقیەکان دەکات لەبەرئەوەی قوڕەکە خەستتر دەبێتەوە.  

Shafaq Live
Shafaq Live