ئۆباما چۆن عێراقی‌ له‌ ده‌ستدا؟

ئۆباما چۆن عێراقی‌ له‌ ده‌ستدا؟
2010-09-06T18:16:16+00:00

تاوان خراپتره‌و كارێكی‌ هه‌ڵه‌یه‌.

له‌وتارێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا كه‌ رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ی‌ رابردو له‌كۆشكی‌ سپییه‌وه‌ په‌خش كرا، ئۆباما به‌ڕه‌سمی‌ كۆتاییهاتنی‌ ئه‌ركی‌ هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكای‌ له‌ عێراق راگه‌یاند، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ كشانه‌وه‌ی‌ دوایین لیوای‌ شه‌ڕكه‌ری‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق، ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ پابه‌ندبونمان به‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ كه‌ له‌كاتی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكادا به‌ هاوڵاتیانمان دابو بۆ كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگی‌ عێراق.

ئۆباما رایگه‌یاند: پرۆسه‌ی‌ ئازادیی‌ عێراق كۆتایی‌ هات و له‌ئێستادا عێراقیه‌كان خۆیان به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌منیی‌ وڵاته‌كه‌یان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن، ئه‌مه‌ یه‌كێك بو له‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ كه‌ له‌كاتی‌ خۆكاندیدكردنمان بۆ سه‌رۆكی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ هاوڵاتیانی‌ ئه‌مه‌ریكیمان دابو.

وتیشی‌: له‌رێگه‌ی‌ ئه‌و به‌شه‌ رون و دیاره‌ی‌ مێژوی‌ ئه‌مه‌ریكا و عێراقه‌وه‌، ئێمه‌ به‌رپرسیارێتی‌ خۆمان گرته‌ ده‌ست، ئێستاش كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ‌ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌.

ئه‌و قسانه‌ راست نین كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ "ئۆباما ده‌یه‌وێت ئه‌و مێژوه‌ی‌ نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق دابخات، به‌ڵام ناتوانێت چونكه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا شه‌ڕه‌كه‌ كۆتایی‌ نه‌هاتوه‌".

هێشتا نزیكه‌ی‌ 50,000 سه‌ربازی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ له‌ عێراقدا ماوه‌ و تاوه‌كو كۆتایی‌ ساڵی‌ 2011 له‌عێرااقدا ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌و هێزانه‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ تایبه‌تی‌ خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ راوێژكردن و مه‌شقپێكردن و پشتگیریكردنی‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ توندوتیژییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ ناوخۆی‌ عێراق، له‌راستیدا توندوتیژییه‌ تیرۆرستییه‌كان له‌ عێراقدا زیادی‌ كردوه‌، رۆژانه‌ بۆمبه‌كان به‌رده‌وامن له‌ ته‌قینه‌وه‌ و به‌ هه‌زاران هاوڵاتیی‌ مه‌ده‌نی‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، عێراق مه‌ترسیی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێ ده‌كرێت كه‌ روبه‌ڕوی‌ شه‌ڕی‌ ره‌گه‌زی‌ و ئاینی‌ بێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا ناچار بكات كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی‌ عێراق به‌جێ‌ بهێڵن، له‌كاتێكدا كه‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ عێراقدا به‌ بنبه‌ست گه‌یشتوه‌و له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ مانگی‌ ئاداره‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ حكومه‌تێكی‌ نوێ و كاریگه‌ر پێكبهێنرێت، بارودۆخه‌كه‌ ناسه‌قامگیره‌و خۆنه‌گرتوه‌.

هه‌ربۆیه‌ ئێستا كاتێكی‌ گونجاو نیه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، ئۆباما ده‌یه‌وێت شكسته‌كه‌ی‌ بشارێته‌وه‌ له‌به‌ده‌ستهێنانی‌ سه‌ركه‌وتندا.

له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئۆباما دژی‌ جه‌نگی‌ عێراق بو، هه‌ر ئه‌م هه‌ڵویسته‌ لیبراڵیزم و دژه‌جه‌نگییه‌ی‌ بو كه‌ وایكرد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ساڵی‌ 2008دا وه‌كو كاندیدی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مه‌ریكا، له‌سه‌رده‌می‌ هه‌ڵمه‌تی‌ خۆكاندیدكردنیدا له‌ ناو پارتی‌ دیموكراتی‌ ئه‌مه‌ریكا، ئۆباما به‌ به‌رده‌وامی‌ دژایه‌تی‌ هیلاری‌ كلینتۆنی‌ ده‌كرد به‌وه‌ی‌ كه‌ پشتیوانی‌ له‌ جه‌نگ ده‌كات، له‌وكاته‌دا عێراق بوبو به‌ كێشه‌یه‌ك كه‌ له‌سه‌روی‌ هه‌مو بابه‌ته‌كانی‌ دیكه‌وه‌ گرنگی‌ پێده‌درا، هه‌روه‌ها ئۆباما به‌هیچ جۆرێك گرنگی‌ به‌ جه‌نگ نه‌ده‌دا له‌ به‌رنامه‌كانیدا، به‌ڵكو گه‌وره‌تین ئامانج به‌لای‌ ئه‌وه‌وه‌ بریتی‌ بو له‌و جه‌نگه‌ی‌ جۆج ده‌بلیو بۆش هه‌ڵی‌ گیرساندبو.

لێره‌دا ئۆباما به‌رده‌وامی‌ نادات به‌ جه‌نگ، به‌ڵكو هه‌وڵ ده‌دات لێی‌ ده‌ربچێت، ئه‌و ده‌یه‌وێت بۆ جه‌ماوه‌ری‌ ئه‌مه‌ریكای‌ ئاشكرا بكات كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌دوای‌ ساڵی‌ 2011وه‌ ده‌ست له‌ عێراق هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی‌ ستراتیجی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ ئێستادا كه‌ به‌هه‌ده‌ردانی‌ زۆر گه‌وره‌ رویدا له‌و قوربانییانه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا دایان.

به‌پێچه‌وانه‌ی‌ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ راستڕه‌وه‌كانه‌وه‌، جه‌نگی‌ عێراق ئه‌ركێكی‌ پێویست ‌و عایلانه‌ بو، بڕیاری‌ ساڵی‌ 2003ی‌ سه‌رۆك بوش بۆ لابردنی‌ سه‌دام حسێنی‌ سه‌رۆكی‌ عێراق، به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو بوه‌ هۆی‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چونی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ئه‌مه‌ریكا.

سه‌دام سه‌رۆكایه‌تی‌ گه‌وره‌ترین رژێمی‌ دیكتاتۆریی‌ ده‌كرد كه‌ بوبوه‌ مایه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ ئاشكرا بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و هه‌روه‌ها لیستێكی‌ فراوانی‌ هه‌بو له‌ تاوانی‌ گه‌وره‌، ئه‌و قه‌سابه‌ی‌ شاری‌ به‌غدا زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن له‌ هاوڵاتیانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆی‌ سه‌ربڕی‌، هه‌روه‌ها هێرشی‌ كردبوه‌ سه‌ر دو له‌ ده‌وڵه‌تانی‌ دراوسێی‌ خۆی‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتی‌ بون له‌ ئێران و كوه‌یت، ته‌نانه‌ت سوپاكه‌ی‌ له‌ نزیك سنوره‌كانی‌ وڵاتی‌ سعودیه‌ كۆكرده‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ ئه‌نجامدانی‌ هێرش، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ ده‌كرد له‌ ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها چه‌كی‌ بایۆلۆجی‌ و كیمیاوی‌ به‌كارهێنا له‌دژی‌ كورد، جگه‌ له‌وه‌ش پشتگیریی‌ دارایی‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌ تیرۆرستییه‌كانی‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كه‌ی‌ ده‌كرد، ئه‌و رێگای‌ دا به‌وه‌ی‌ كه‌ رێكخراوی‌ ئه‌لقاعیده‌ كه‌مپی‌ مه‌شقپێكردنی‌ سه‌رباز له‌عێراقدا بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمیی‌ پێشكه‌وتوی‌ هه‌بو.

به‌گشتی‌ ئاژانس و كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن ئه‌وه‌یان بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ له‌دوای‌ جه‌نگی‌ عێراق، هیچ جۆره‌ چه‌كێكی‌ كۆمه‌ڵكوژ له‌عێراق نه‌دۆزرایه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان به‌ ئه‌نقه‌ست ئه‌و دیمه‌نانه‌یان پیشان نه‌دا كه‌ سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان یۆرانیۆمی‌ پیتێنراوی‌ پله‌ به‌رزیان دۆزییه‌وه‌ له‌ چه‌ند وێستگه‌یه‌ك له‌ ناوخۆی‌ عێراق، له‌ هاوینی‌ ساڵی‌ 2006دا ئه‌م یۆرانیۆمه‌ی‌ كه‌ بۆ دروستكردنی‌ چه‌ك ئاماده‌ كرابو، له‌عێراقه‌وه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ كه‌نه‌داو دواجاریش گه‌یه‌نرایه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا، حكومه‌تی‌ واشنتۆن ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بوه‌ كه‌ ئه‌و یۆرانیۆمه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ستی‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان، كه‌ هه‌وڵیان ده‌دا له‌بازاڕی‌ ره‌شی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌و یۆرانیۆمه‌ بكڕن.

له‌دوای‌ سه‌پاندنی‌ سزا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌سه‌ر عێراقدا له‌ساڵی‌ 1990، رژێمی‌ عێراق به‌ره‌به‌ره‌ داڕوخا، گرنگترین شت بریتی‌ بو له‌مه‌سه‌له‌ی‌ كات به‌رله‌وه‌ی‌ سه‌ددام بتوانێت چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ به‌ده‌سه‌تبهێنێت، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی‌ سه‌لمێنه‌ر له‌به‌رده‌ستدایه‌.

سه‌رچاوه‌: واشنتۆن تایمز

Shafaq Live
Shafaq Live