ئه‌مریكا له‌نێوان به‌ڵێن و واقیعدا ‌

ئه‌مریكا له‌نێوان به‌ڵێن و واقیعدا ‌
2010-08-25T18:22:59+00:00

مانگی ئابداو له‌ئێستاشه‌وه‌ ده‌ستی به‌و پرۆسه‌یه‌ كردووه‌، كشانه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكاو مانه‌وه‌ی ته‌نها 50 هه‌زار سه‌ربازیی پشتیوان له‌قوناغێكدایه‌ كه‌ كه‌س حه‌سوودی به‌بارودۆخی عیراق نابات، بارودۆخێك سه‌رتاپا له‌قه‌یرداندایه‌و خودی ئه‌مریكییه‌كان و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌م راستییه‌ باشده‌زانن، ره‌نگه‌ لێدوانه‌كه‌ی جه‌نه‌راڵ ئۆدێرنۆ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عیراق له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌كاتی پێویستدا باشترین به‌ڵگه‌بێت له‌سه‌ر دودڵی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له‌م ولاته‌دا.

بۆیه‌ ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی گومان و پرسیاره‌و بگره‌ ناڕه‌زایی زۆرێك له‌دامه‌زراوه‌ ئه‌كادیمییه‌كانه‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن ویلاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا جورئه‌تی كرد له‌م كاته‌دا به‌ڵێنی كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی جێبه‌جێبكات، له‌كاتێكدا بڕیاده‌رانی سیاسی له‌و ولاته‌دا ئاگاداری وردو درشتی بارودۆخی عیراقن و ده‌زانن ده‌ره‌نجام و كاریگه‌رییه‌كانی چی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بارودۆخ له‌عیراقدا به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت.

ئۆبامای سه‌رۆك له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌كانیدا به‌ڵێنی به‌گه‌لی ئه‌مریكا دا ئه‌گه‌ر متمانه‌ به‌ده‌ستبهێنێت سنوورێك بۆ جه‌نگ داده‌نێت، به‌ڵێ سه‌رۆك له‌گه‌ڵ گه‌ل و ده‌نگده‌راندا راستگۆیانه‌ مامه‌ڵه‌ی كردو به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆی به‌جێهێنا، به‌لام چی به‌عیراقییه‌كان و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بارۆخه‌كه‌ له‌گرێژنه‌ ده‌رچوو، ئه‌گه‌ر ژیانی ده‌یان ملیۆن هاوولاتی عیراقی كه‌وته‌ به‌ر ره‌حمی تیرۆرو هێرشی یاخیبووان؟ ئیداره‌ی ئێستای كۆشكی سپی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هاوولاتیان و ده‌نگده‌رانی خۆیدا راسگۆبووبێت، ده‌بێت له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستاو داهاتووی عیراقیشدا واقیعیانه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، چونكه‌ هه‌ر هه‌ڵه‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك له‌عیراقی دوای كشانه‌وه‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌وان لێی به‌رپرسیار ده‌بن.

به‌ده‌ر له‌به‌ڵێنی سه‌رۆك سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه‌، كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌عیراق له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، ده‌مانباته‌ر به‌ر دوو خوێندنه‌وه‌ی جددی بۆ تێڕوانینی ئه‌مریكییه‌كان له‌سه‌ر بڕیارو سووربوونیان له‌سه‌ر پاشه‌كشه‌، یه‌كه‌میان له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێت كه‌ئه‌مریكییه‌كان به‌ته‌واوی له‌پرۆسه‌ی سیاسیی عیراقی دوای هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 7/3 نیگه‌رانن و ده‌یانه‌وێت ئه‌م پرۆسه‌یه‌ وه‌ك كارێكی گوشار له‌سه‌ر سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عیراق به‌كاربهێنن بۆ په‌له‌كردن له‌پێكهێنانی حكومه‌ت و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانیان، ره‌نگه‌ له‌م كاته‌شدا هیچ تۆمه‌تێك له‌باره‌ی خراپبوونی بارودۆخی عیراقه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌مریكا نه‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ململانێ و ناكۆكییه‌ كوتله‌ سیاسییه‌كانی عیراق له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت درێژه‌ی كێشا، دووه‌میان مه‌سه‌له‌ی جه‌نگی ئه‌فغانستان و زیادبوونی نفوزی قاعیده‌و تاڵیبان و كشانه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری هێزه‌ ئه‌وروپییه‌كان له‌و ولاته‌دا ئه‌مریكای ناچاركردووه‌ به‌پێداچوونه‌وه‌ به‌ستراتیژه‌كان و گواستنه‌وه‌ی به‌شێكی ئه‌و سه‌ربازانه‌ له‌عیراقه‌وه‌ بۆ ئه‌و ولاته‌، به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ چه‌ندجارێك له‌لایه‌ن كاره‌به‌ده‌سته‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و ئه‌مریكاوه‌ ئاماژه‌ی پێدراوه‌، چونكه‌ ئیداره‌ی كۆشكی سپی ده‌زانن سه‌رچاوه‌ی تیرۆرو مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆریستان ئه‌فغانستانه‌ نه‌ك عیراق، به‌تایبه‌ت كه‌واده‌و به‌ڵێنه‌كانی كۆشكی سپیش سه‌باره‌ت كشانه‌وه‌یان له‌ئه‌فغانستان نزیك بۆته‌وه‌و دانانی دیڤد پترایۆس-ی ئه‌ندازیاری رزگاركردنی عیراق له‌جه‌نگی تایفی و سه‌قامگیریی ئه‌منی و سیاسی، به‌فه‌رمانده‌ی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌و ولاته‌دا راستییه‌كی حاشاهه‌ڵه‌نگرن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌.

Shafaq Live
Shafaq Live