هه‌ژموونی هه‌ڵبژاردن

هه‌ژموونی هه‌ڵبژاردن
2024-06-30T08:26:58+00:00
شه‌فه‌ق نیوز/ ئامانجی سەرەکی ئەم نووسینە بەدواداچوونە بۆ بابه‌تی هەڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پاش چه‌ندین جار دواكه‌وتن دیسان واده‌كه‌ی له‌ لایه‌ن رێزدار سه‌رۆكی  هه‌رێم دیاریی كرا . بەپێی سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی: بنکەی کۆمەڵایەتی، هاندەری ژینگەیی و تایبەتمەندی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ پرۆسه‌كه‌ ، ده‌بێ چاوه‌نواڕبین تا زبانین ئه‌نجام  چی دەبێت؟  هاووڵاتیانی هه‌رێم، جگە لە خەسڵەتەکانی سۆز ووه‌فاداری   بۆ حزب و به‌ربژیری خۆیان، بە شێوەیەکی بەرچاو ناڕازین لە ئه‌دای  سیاسیی ، و به‌رده‌وامی  کێشە ئابوورییەکان . 

هەڵکەوته‌ی جوگرافی تایبەتی  ئه‌م هه‌رێمه‌ هەمیشە لە ناو چه‌قی گرژییەكانی ناوچەکە بووە. جگە لە وڵاتانی دراوسێ، زلهێزە جیهانییەکان هەوڵیانداوە كاریگه‌رییان لەم جوگرافیایەدا هەبێت وچڕی كێشه ئه‌منی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان له‌ بازنه‌ی نەتەوەیی ،  کوردستانی لە دەرفەتی سه‌ربه‌خۆیی بێبەش کردووە، هه‌روه‌ك سیاسەتی ناهاوسەنگ هەمیشە بۆ كورد تێچووی قورسی هەبووە . 

له‌ ئێستادا ، گرنگترین خاڵ کە خەڵک بتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە باشتر بەڕێوەبردنی کاروباری هه‌رێم، به‌شداریكردنه‌ له‌ هەڵبژاردن. هەڵبژاردن لە سیستەمێکی دیموکراسیدا بە دڵنیاییەوە بێبەری نییە لە مەترسی . هه‌رچه‌ند هەڵبژاردن تەنها یەک ڕۆژە، بەڵام ئەو دەرئەنجامانەی کە دەتوانێت لە ناوەوە و دەرەوە هەیبێت درێژ خایه‌نه‌  ،  به‌دڵنیایی  لە سیستمی نێودەوڵەتیدا ئەو سیستم و ده‌سه‌ڵاته‌ی کە بنکەیەکی جەماوەری و دیموکراسیتریان هەیە، زیاتر پاڵپشتی دەکرێن .

بەشداری سیاسی یەکێکە لەو ره‌گه‌زه‌ گرنگانەی کە ئەنجامێکی لەباری لەسەر کارایی کۆمەڵگه‌ ده‌بێ، هەربۆیە كوردستانییه‌كان له‌وه‌ تێده‌گه‌ن دەرئەنجامەکانی دواخستنی هه‌ڵبژاردن جیا له‌ لاوازبوونی پێگه‌ی  حکومەت، کەمکردنەوەی قبوڵکردن و شەرعیەتی سیستمەکە، زیادکردنی فشاری بیانی و کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان، و زیادبوونی ناڕەزایی گشتی به‌ شوێندایه‌ .

بوونی فرە لایەنی سیاسی لە ڕاستیدا میکانیزمێکە بۆ بەشداریی سیاسی زیاتری خەڵک. لەسەر بنەمای ئەمەش دەرفەت بە هاووڵاتیان دەدرێت کە بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسیدا بکەن و هەست بە نامۆبوون نەکەن. هەڵبژاردن بە ئامادەبوونی لایەن و کاندیدی جیاواز و "دەنگێک بۆ هەر کەسێک" ئەو هەستە بە هاووڵاتیان دەبەخشێت کە حکومەت مافی یەکسانی به‌خشیوه‌ به‌ هەموو هاووڵاتیان. له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی   هەڵبژاردن میکانیزمێکە کە قەیرانی بەشداریکردن و قبوڵکردن لە کۆمەڵگادا سنووردار دەکات،  ئەم پرۆسه‌یه‌ لە درێژخایەندا سیستەمی سیاسی سەقامگیرتر ده‌كات  ،  سیستەمی سیاسی ‌ بەبێ ئامادەبوون و بەشداری خەڵک هیچ واتایه‌كی نییە .

كێشه‌ی هه‌ڵبژاردن  یەکێکە لە گرنگترین و جددیترین قەیرانەکانی سیستەمی سیاسی ساڵانی دوایی له‌ هه‌رێمی كوردستان. دیموکراسی لە هەموو وڵاتانی جیهان هەوراز و نشێوی هەیە، لێ وەلانانی نائومێدی له‌ هه‌رێم پێویستە .  بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەكه‌ی  كۆتایی مانگی 10  بە ئامادەبوونی لایەن و کاندیدی جیاواز دەبێتە هۆی دروستبوونی شەرعیەت و قبوڵکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هەژموونی ناوخۆیی و ئەم هەژموونە بەهێزە ناوخۆییە  هانای هەژموونی سیاسی هه‌رێم ده‌دات  لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەییه‌كاندا  .

له‌ كاتێكدا زۆرێك له‌ وڵاتانی جیهان  خۆیان  بە دەست جۆرێک لە ئانارشی و فرەلایەنی دەناڵێنن،  هەبوونی هەژموونێکی بەهێزی ناوخۆیی بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێویستە.  بۆگەیشتن بەو هەژموونه‌ هه‌ڵبژاردن باشترین بژارده‌یه‌.

Shafaq Live
Shafaq Live