گرنگی یه‌كگرتوویی هه‌ڵوێستی كورد

گرنگی یه‌كگرتوویی هه‌ڵوێستی كورد
2010-10-20T15:29:13+00:00

تێگه‌یشتنێكى ناجۆرى سیاسى ده‌كه‌ین، كه‌خۆى له‌تێكه‌ڵكردنى كارته‌كانى هه‌رێم و به‌غدا ده‌بینێته‌وه‌، تازه‌ترین هه‌ڵویستى سیاسى و په‌رچه‌كردارى ئۆپۆزیسۆن، دیسانه‌وه‌ دوپاتكردنه‌وه‌ى ئه‌و لۆژیكه‌ى پێشتره‌، كه‌ به‌قه‌ناعه‌تى ئێمه‌، له‌ڕوانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێم و گه‌لى كوردستان به‌گشتیى لۆژیكێكى هه‌ڵه‌و كاردانه‌وه‌یه‌كى سه‌رپێییه‌.

به‌هێزیى كورد له‌به‌غدا، گرنتى به‌هێزیى هه‌رێمه‌

به‌غدا، له‌ئه‌مڕۆدا بۆ كورد خه‌تى یه‌كه‌مى پاراستنى ئه‌و پێشكه‌وتن و ده‌ستكه‌وتانه‌یه‌ كه‌كورد به‌ده‌ستى هێناوه‌، به‌هێزى كورد له‌به‌غدا، گره‌نتى به‌هێزیى هه‌رێمه‌، به‌هێزى كوردو تواناى كارلێكى له‌ناو هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانى به‌غدا، به‌راده‌یه‌كى زۆر گرێدراوى یه‌ك بوون و یه‌كهه‌ڵوێستى كورد خۆیه‌تى، ئه‌م خاڵه‌ ئه‌و خاڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌یه‌ كه‌ له‌باسى هۆى به‌هێزى كورد له‌به‌غدا هیچ چاودێرێكى سیاسى و شرۆڤه‌كارێكى سیاسى ناتوانێت خۆى لێ ببوێرێت.

ده‌ستپێكردنى قۆناغێكیترى مێژوو

ئیستاى به‌غدا، خاڵى ده‌ستپێكردنى قۆناغێكیترى مێژووه‌ بۆ گه‌لى كوردستان، یان ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ى له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادییه‌وه‌ به‌ده‌ست هات كامڵترو چه‌سپاوتر ده‌كرێت، یاخود ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دواوه‌و جارێكى تر كورد په‌راوێز ده‌خرێت، له‌ هه‌ردوو ئه‌گه‌ره‌كه‌شدا لایه‌نى كوردى به‌پرسیارێتى گه‌وره‌ى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شان.

بێگومان یه‌ك هه‌ڵوێستى و یه‌ك ستراتیژیى كورد رۆڵى سه‌ره‌كى ده‌گێرێت له‌ هێنانه‌ دى ئه‌گه‌رى یه‌كه‌مدا، پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ش راسته‌.

به‌لام پێده‌چێت ململانێی ناخۆى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و پێشخستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كان، ئه‌م هه‌قیقه‌ت سیاسى و واقیعییه‌ له‌بیر هه‌ندێك لایه‌ن به‌رێته‌وه‌، به‌وه‌ى له‌به‌غدا یه‌كهه‌ڵوێستى و پێكه‌وه‌ كاركردنى كورد له‌كاربخه‌ن و هه‌ر لایه‌و به‌پێى تێگه‌یشتنى خۆى و به‌رژه‌وه‌ندیى خۆى سیاسه‌ت بكات و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى تردا گفتوگۆ بكات، گومانیشى تێدانییه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ خراپترین میتۆدى كاركردنى كورد له‌ژینگه‌ی ئه‌مڕۆى به‌غداو ئه‌و هێزه‌ى یه‌ك هه‌ڵوێستى و یه‌ك ئامانجى و پێكه‌وه‌ كاركردن به‌ كوردى به‌خشیووه‌ په‌رت بكرێت و هه‌ر لایه‌و له‌ شوێنێكه‌وه‌ خه‌رێك بێت، ئه‌وكاته‌ش ئه‌و لایه‌نانه‌ هێزى ئه‌وه‌یان نابێت بچوكترین داخوازى كورد بچه‌سپێنن و نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵكى كوردستانیش پارچه‌ پارچه‌ ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش زیانى زۆر له‌یه‌كهه‌ڵوێستى كورد له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا ده‌ده‌ن.

شیاوه‌ ململانێكانى هه‌رێم بگوازرێته‌وه‌ بۆ به‌غدا؟

به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ى كه‌ له‌ میدیاكاندا خۆى به‌كوردپه‌روه‌رى عه‌یاره‌ بیست و چوار نیشان ده‌دات، ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ هه‌ڵگرى ئه‌م سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌یه‌یه‌، بیانوى سه‌ره‌كیشیان بۆ نواندنى هه‌ڵوێستێكى له‌م جۆره‌ ئه‌و ململانىَ سیاسیانه‌ى ناخۆى هه‌رێمه‌ كه‌ له‌نێوان لایه‌نى ده‌سه‌لات و ئه‌واندا هه‌یه‌. به‌لام ئاخۆ شیاوه‌ ململانێكانى هه‌رێم بگوازرێته‌وه‌ بۆ به‌غداو له‌وىَ هه‌ڵوێستى كورد لاواز بكرێت؟ بێگومان واقیعى سیاسى پێمانده‌ڵێت نه‌خێر، چونكه‌ به‌غدا بۆ كورد شوێنى یه‌كگرتنه‌ نه‌ك ململانىَ.

حاڵه‌تێكى ته‌واو سروشتییه‌، له‌چوارچێوه‌ى سیستمى دیموكراسى و فره‌ حزبیدا ململانێى سیاسى هه‌بێت و لایه‌نه‌كان له‌نێوان یه‌كدا بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیى و به‌رنامه‌كانیان ململانێ سیاسیانه‌ى ته‌ندروست بكه‌ن.

به‌لام تا ئه‌و ئاسته‌ى ئه‌و ململانێیه‌ نه‌گاته‌ زیانگه‌یاندن به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بالاكانى ولات، له‌ هیچ سیستمێكى دیموكراسیدا نییه‌، ئۆپۆزیسۆن وێراى ململانێى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لات، كارێك بكات زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بالاكانى ده‌وڵه‌ت بگه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ كوده‌تاچى نه‌بێت.

جیاكردنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ر

حه‌قى خۆیه‌تى ئۆپۆزسیۆن له‌چوارچێوه‌ى هه‌رێمداو له‌په‌رله‌ماندا ململانێى خۆى و كارته‌كانى گوشارى خۆى به‌و جۆره‌ى شیاوه‌ به‌كاربه‌رێت، به‌لام نه‌گونجاوه‌وه‌ كارێكى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ى نییه‌ به‌هه‌ر بیانوییه‌ك بووه‌ سه‌نگه‌رى خۆى له‌به‌غدا له‌باقى هێزه‌ كوردستانییه‌كانى تر جیابكاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و پێیوابێت ده‌سه‌لات له‌هه‌رێمدا ململانێیان ده‌كات، ئه‌وا باشتره‌ بزانن ئه‌وه‌ سروشتى كارى سیاسییه‌ له‌سیستمى دیموكراسیدا، ئه‌گه‌ر ئه‌م كێبركى و ململانییه‌ نه‌بێت، ناتوانین بڵێین سیستمه‌كه‌ به‌هه‌ردوو به‌ره‌كه‌یه‌وه‌ چى ده‌سه‌لاتدار چى ئۆپۆزسیۆن به‌شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست رێده‌كات. ناكرێت ئه‌وان هه‌ر شتێك له‌ هه‌رێمدا روویداو له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌واندا نه‌گونجا، یه‌كه‌مین كارتیان درزخستنه‌ یه‌كگرتوویى كورد بێت له‌به‌غدا، ئه‌وان حه‌قه‌ لێره‌ كارته‌كانى خۆیان به‌كاربێنن و له‌چوارچێوه‌ى ماڵى هه‌رێمدا ململانێكان بكه‌ن نه‌ك بیكه‌ن به‌ناكۆكى و له‌ده‌ره‌وه‌ى ماڵى هه‌رێم شه‌ڕى یه‌كترى پێ بكه‌ن.

knwe

Shafaq Live
Shafaq Live