كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عیراق؟ ‌

كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عیراق؟ ‌
2010-09-08T18:54:48+00:00

به‌ڕوونی وه‌لامی ئه‌و پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌ كه‌ ئایا كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوویی عیراق؟

پرسیاری هاوولاتیانی عیراق

ره‌نگه‌ باشترین رێگه‌ بۆ چوونه‌ نێو ئه‌م بابه‌ته‌و وه‌لامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ ئاڵۆزه‌، چاوخشانه‌وه‌ بێت به‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ئێستا تاڕاده‌یه‌ك له‌گۆڕه‌پانی سیاسی عیراقدا هه‌ستیان پێده‌كرێت، به‌لام ره‌نگه‌ كۆی ئه‌و گۆڕانكاری و سیناریۆیانه‌ش ته‌نها ئه‌گه‌رێك بێت و نه‌توانێت بمانگه‌یه‌نێته‌ كۆتایی ئه‌و وه‌لامه‌ی كه‌هه‌موو عیراقییه‌كان نزیكه‌ی شه‌ش مانگه‌ له‌چاوه‌ڕوانی وه‌لامدانه‌وه‌یدا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن، بارودۆخی سیاسی و ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌ت، هێنده‌ ئاڵۆزن كه‌ئه‌سته‌مه‌ لۆژیك و مه‌نتیق بتوانێت وه‌لامی ئه‌و پرسیارانه‌ بداته‌وه‌، كه‌پرسیاری زۆربه‌ی هاوولاتیانی عیراقه‌ به‌جیاوازی بیرو بۆچوونی مه‌زهه‌بی و سیاسییانه‌وه‌، به‌لام بۆ وه‌لامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ پێویسته‌ چاوێك به‌و قه‌یران و هاوكێشه‌ سیاسیانه‌دا بخشێنینه‌وه‌ كه‌بوونه‌ته‌ هۆكارێك بۆ درووستبوونی قه‌یرانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ.

ئاسۆیه‌كی روون نییه‌

نزیكه‌ی 6 مانگ تێپه‌ڕبووه‌ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عیراقداو تائێستاش ئاسۆیه‌كی روون نییه‌ بۆ هه‌رچی زووتر پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوویی عیراق، دوای ئه‌و ماوه‌ زۆره‌، رۆژ له‌دوای رۆژ پڕۆسه‌ی سیاسی له‌عیراقدا به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر هه‌نگاو ده‌نێت، به‌بڕوای چاودێرانی سیاسیش ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی ئێستای عیراق هه‌وڵی به‌په‌له‌و جدی نه‌ده‌ن  بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ی كه‌ئێستا عیراق رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌، دوورنییه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا عیراق رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی سیاسی گه‌وره‌تر نه‌بێته‌وه‌، دوای گفتوگۆو دیداره‌ بێ ئاكامه‌كانی نێوان لیست و هاوپه‌یمانێتییه‌كانی عیراق، پێموایه‌ كاتی گفتوگۆو دیداره‌ نابه‌جێكان به‌سه‌رچوون و ئیدی ئێستا كاتی كردارو هه‌نگاونانی جدی و به‌په‌له‌یه‌، چونكه‌ دوای هه‌موو ئه‌و گفتوگۆو دیدارانه‌ كه‌هیچیان نه‌یانتوانی ته‌نها كه‌مێك له‌قه‌یرانه‌كه‌ كه‌مبكاته‌وه‌و بارودۆخه‌كه‌ نه‌ختێك ئاسایی بكاته‌وه‌، ئێستا كاتێك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ سه‌ركرده‌كانی عیراق هه‌وڵی جدی و به‌په‌له‌ بده‌ن بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ ئاڵۆزو ناهه‌مواره‌ی كه‌گۆڕه‌پانی سیاسی عیراقی گرتووه‌ته‌وه‌و كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌وڵه‌كان چڕتر بكرێنه‌وه‌ بۆ رزگاركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ی رووبه‌ڕووی عیراق بووه‌ته‌وه‌.

پێداگریی ئه‌لعیراقییه‌

دوای هه‌ڵبژاردنی 7ی ئازار عیراق رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی سیاسی ئاڵۆز بووه‌ته‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ، ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی عیراق به‌عه‌قڵیه‌تێكی نیشتمانییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌دا نه‌كه‌ن، ئه‌سته‌مه‌ عیراق بتوانرێت به‌ئاسانی له‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ رزگاری بێت و تادێت پڕۆسه‌ی سیاسی له‌عیراقدا به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌وه‌ی كه‌عیراقی رووبه‌ڕووی ئه‌م بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌ كردووه‌ته‌وه‌ چه‌ندین هۆكاره‌، كه‌سه‌ره‌كیترینیان، لێكدانه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌ی جیاوازه‌ سه‌باره‌ت به‌ماده‌ی  76ی ده‌ستووری عیراق كه‌ لیستی ئه‌لعیراقییه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌للاوی وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی عیراق، تائێستاش وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌مافی یاسایی و ده‌ستووری خۆی ده‌زانێت، هه‌ر چه‌نده‌ له‌م دوایانه‌دا ئه‌و پێداگیریای ئه‌لعیراقییه‌ تاڕاده‌یه‌ك كاڵبوونه‌وه‌ی پێوه‌ دیاره‌.

هه‌روه‌ها ناكۆكی له‌ناو خودی هاوپه‌یمانێتییه‌كاندا ده‌رباره‌ی ده‌ستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عیراق، به‌تایبه‌تیش له‌نێو هاوپه‌یمانیی نیشتمانیدا كه‌گه‌وره‌ترین كوتله‌ی لایه‌نه‌ شیعه‌كانه‌.

فراكسیۆنی لیسته‌ كوردستانییه‌كان

یه‌كێكیتر له‌و هۆكارانه‌ سوربوونی كوتله‌و قه‌واره‌كانه‌ له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانیان بۆ هه‌ر رێككه‌وتنێك. ئه‌وه‌ی كه‌بارودۆخه‌كه‌ی هێنده‌یتر ئاڵۆزتركردووه‌ سوربوونی ده‌وڵه‌تی یاسایه‌ له‌سه‌ر كاندیدكردنه‌وه‌ی نوری مالكی بۆ دووباره‌ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌، له‌م بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی كه‌ئێستا عیراق پێیدا تێپه‌ڕده‌بێت ئه‌وه‌ی كه‌پرسیاری زۆرێك له‌هاوولاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌ خۆ یه‌كلاینه‌كردنه‌وه‌ی فراكسیۆنی لیسته‌ كوردستانییه‌كانه‌، به‌لام به‌بڕوای من خۆ یه‌كلاینه‌كردنه‌وه‌ی لایه‌نی كوردی تائێستا له‌و روانگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌كورد نه‌یویستووه‌ ببێته‌ به‌شێك له‌و ململانێیانه‌ی كه‌بووه‌ته‌ هۆكارێك بۆ زیاتر ئاڵۆزتركردنی پڕۆسه‌ی سیاسی عیراق له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ كورد ده‌یه‌وێت هاوسه‌نگی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌موو قه‌واره‌و پێكهاته‌كان به‌باشی رابگرێت، به‌لام له‌گه‌ڵ كۆی ئه‌م هۆكارانه‌شدا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ فراكسیۆنی لیسته‌ كوردستانییه‌كان وه‌ك پێكهاته‌ی دووه‌می عیراق به‌شێوه‌یه‌كی كاراو دروست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا بكات و له‌و لیست و فراكسیۆنه‌ نزیك ببێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ خواست و داخوازییه‌كانی كورددا یه‌كده‌گرێته‌وه‌ ئه‌و داواكاریانه‌ی كه‌كردوویه‌تی به‌مه‌رجی سه‌ره‌كی بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌ر لیست و قه‌واره‌یه‌كدا گرنگه‌ پێشوه‌خت رێككه‌وتنی سه‌ر كاغه‌زو به‌ڵگه‌ی جێبه‌جێكردنیان مسۆگه‌ر بكات و ئه‌و كاته‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌دا ببه‌ستێت و له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر داخوازییه‌كدا ئاماده‌ نه‌بێت سازش له‌سه‌ر هیچ كام له‌و خالانه‌ بكات، چونكه‌ لێره‌دا سه‌نگ و قورسایی كورد ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێته‌ خاڵی یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و داواكاری و داخوازیانه‌ی كه‌وه‌ك فشارێك له‌به‌رامبه‌ر لایه‌نی هاوپه‌یمانیدا به‌كاری ده‌هێنێت.

به‌هێزترین كاندید

ده‌رباره‌ی چانسی پێكهێنانی حكومه‌ت كه‌ له‌چ لیست و قه‌واره‌یه‌كه‌وه‌ نزیكه‌و وه‌لامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ئایا كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوویی عیراق؟ هه‌رچه‌نده‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ له‌م بارودۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا بتوانرێت به‌شێوه‌یه‌كی دروست وه‌لامی ئه‌و پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌و وه‌ك ده‌وترێت ته‌نها مه‌گه‌ر یه‌زدان بزانێت كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عیراق، به‌لام ئێستا كۆی ئاماژه‌و هاوكێشه‌كان به‌لای ئه‌وه‌دان كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت چانسی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌نوری مالكی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا بدرێته‌وه‌، چونكه‌ تائێستاش له‌نێو كاندیده‌كانی تردا به‌هێزترین كاندیدی ئه‌و پۆسته‌یه‌، له‌دواین گۆڕانكاریشدا كه‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌سه‌ر زاری سه‌ركه‌رده‌كانی فراكسیۆنه‌كانی عیراقه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ بڕیاره‌ له‌ڕۆژانی جه‌ژنی پیرۆزی ره‌مه‌زاندا سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوویی عیراق ده‌ستنیشان بكرێت، عه‌بدولمهدی خه‌فاجی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش له‌سه‌ر لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاندووه‌، گفتوگۆكانی نێوان لیستی ده‌وڵه‌تی یاساء ئیئتیلافی نیشتمانی به‌ره‌و پێشچوونی باشی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ وه‌ك ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانی سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تی یاسا ئاشكرای كردووه‌ چه‌ند هۆكارێكی گرنگ هه‌یه‌ كه‌وا ده‌كات نوری مالكی دووباره‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق كاندیدبكرێته‌وه‌، رونیشیكردووه‌ته‌وه‌ هاوپه‌یمانیی نیشتمانی نه‌رمی ده‌نوێنێت بۆ دووباره‌ كاندیدكردنه‌وه‌ی مالكی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ڕۆژانی چه‌ژنی ره‌مه‌زاندا كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنیشان بكرێت، ئه‌م بیروبۆچوون و لێكدانه‌وه‌ جیاوازانه‌ له‌كاتێكدایه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م له‌به‌رده‌مدا ماوه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، چونكه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر زاری لێپرسراوانی بالای ولاته‌كه‌یه‌وه‌ ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا رایانگه‌یاندووه‌ ده‌بێت له‌سه‌ره‌تای مانگی 9دا كێشه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت یه‌كلایببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی عیراقیان جارێكیتر خسته‌وه‌ به‌رده‌ست سه‌ركرده‌كانی عیراق، كه‌كۆی ئه‌مانه‌ ئاماژه‌یه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان به‌هاوكاری و فشاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان نزیكن بۆ گه‌یشتن به‌بنبه‌ست و ئه‌مجاره‌ ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌شداری ده‌كات له‌پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراقدا.

ئه‌وه‌ی كه‌پێویسته‌ لێره‌دا ئاماژه‌ی بۆ بكرێت ئه‌گه‌ر دووباره‌ چانسی سه‌رۆك وه‌زیران به‌نوری مالكی بدرێته‌وه‌، تاچه‌ند لیسته‌كه‌ی مالكی و هاوپه‌یمانه‌كانی ئاماده‌ن ئه‌و داواكاریانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن كه‌ئیئتیلافی لیسته‌ كوردستانییه‌كان رێككه‌وتوون له‌سه‌ری و كردوویانه‌ به‌مه‌رجی سه‌ره‌كی بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هه‌ر فراكسیۆن و لیستێكدا، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نوری مالكیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕوونی دانی به‌چه‌ند داخوازییه‌كی ئیئتیلافی لیسته‌ كوردستانییه‌كان و هاوولاتیانی هه‌رێمی كوردستاندا نا، كه‌ له‌هه‌موویان گرنگتر جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140)ی ده‌ستووری عیراق بوو، به‌لام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره‌ دان پێدانانی مالكی به‌و مافانه‌ی كورددا له‌م كاته‌دا گومان ده‌كرێت ته‌نها قسه‌ی پێش پێكهێنانی حكومه‌ت بێت و ئامانجی راكێشانی هه‌ستی لایه‌نی كوردی بێت به‌لای لیسته‌كه‌یدا بۆ به‌ستنی هاوپه‌یمانی و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ به‌قازانجی خۆی و لیسته‌كه‌ی.

ده‌روازه‌ی ده‌ربازبوونی عیراق

له‌م كاته‌دا ئه‌وه‌ی نابێت له‌بیر بكرێت له‌ماوه‌ی 4 ساڵی رابردوودا پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ر به‌ده‌ست نوری مالكییه‌وه‌ بووه‌و نه‌توانراوه‌ ئه‌وه‌ی كه‌كورد ویستوویه‌تی بێته‌دی، له‌پێش هه‌موو یانه‌وه‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140)و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌و گرفتی نه‌وت و غاز بووه‌، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی كورد وردترو حه‌كیمانه‌تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا بكات و به‌كردار داخوازییه‌كانی كۆمه‌لانی خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانیتری عیراق یه‌كلایی بكاته‌وه‌.

به‌بڕوای من له‌گه‌ڵ كۆی ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌دا له‌م وێستگه‌یه‌دا لایه‌نی كوردی ده‌بێته‌ ده‌روازه‌ی ده‌ربازبوونی عیراق له‌م قه‌یرانه‌ی كه‌تێیكه‌وتووه‌، به‌تایبه‌تیش دوای راگه‌یاندنی دوواین هه‌ڵوێستی لایه‌نی كوردی كه‌هه‌وڵ و كۆششه‌كانیان چڕتر ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ له‌یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی سه‌ر گوڕه‌پانی سیاسی عیراق و له‌ئه‌نجامدا به‌هه‌وڵی لایه‌نی كوردی له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا حكومه‌تی نوێی عیراق پێكده‌هێنرێت.

Shafaq Live
Shafaq Live