كورد دەتوانێ داوای یاسایی لە دادگای فیدراڵی تۆمار بكات
دواخست، دوای ئەوەی چەند لایەنێكی شۆڤینی عەرەبی و توركمانی لە كەركووك و مووسڵ ئەو پرۆسەیان رەتكردەوە، ئەوەش وەك ترسێك بەرامبەر دەكەوتنی رێژەی نەتەوەیی لەو دوو پارێزگایەدا، ئەندامێكی شاندی دانووستانكاری لیستە كوردستانیەكانیش پێیوایە، ئەگەر ئێستا مالیكی بە دەم ئەم شۆڤینیانەوە بڕوات ئەوا چوار ساڵی ئایندە زۆر شتی دیكە دەكرێت بەرامبەر كورد، هەروەك ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی لیستە كوردستانیەكان جەختی لەسەركردەوە، وەزیری پلاندانی ئێراق رۆڵێكی باش ناگێڕێت.
عارف تەیفور ئەندامی شاندی دانووستانكاری فراكسیۆنی لیستە كوردستانیەكان و جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پێشووی ئێراق لەبارەی دواخستنی سەرژمێرییەوە ئاماژەی بەوەدا، لە راستیدا ئەم بڕیارە، بڕیارێكی نابەجێ و نادادپەروە و نا دەستوورییە، پارساڵ ئێمە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق كە بودجەمان پەسەند كرد، بڕگەیەك وەك یاسا دەركرا، كە پێویستە سەرژمێری لەسەرتاسەری ئێراق بكرێت، بەڵام دواخرا. لەبارەی هۆكار و لایەنەكانی پشتەوەی ئەم دواخستنە بەڕێز عارف تەیفور ئاماژەی بەوەدا، هەندێك شۆڤینی عەرەبی و توركمان هەر هەنگاوێك بۆ پێشكەوتنی ئێراق لەڕووی سیاسی و ئابووری و ئاوەدانكردنەوە هەبێت، ئەوان دژی دەوەستنەوە و كورد دەكەنە بیانوو و پرسی كورد دەبەستنەوە بە هەر پرۆسەیەكەوە كە لەبەرژەوەندی ئێراق و كورد بێت.
لەبارەی وەزیری پلاندانان، كە داواكەی لایەنی عەرەبی و توركمانی پەسەند كردووە بە دواخستنی سەرژمێری بەڕێز عارف تەیفور روونیكردەوە، عەلی بابان وەزیری پلاندانان رۆڵێكی خراپی دەگێڕێت، وەك دەوری تەها جەزراوی وایە و عەرەبچێتی زۆر دەكات و هانی ئەو لایەنانەی داوە، هەروەك لە فۆرمی سەرژمێریشدا خانەیەكی بۆ ئێزدی و فەیلی و شەبەك دروستكردووە بۆ ئەوەی لایەنی نەتەوەییان بزر بكات لەهەمانكاتدا هاندەر بوو كە بەدەم داواكەی عەرەب و توركمانەكانەوە بڕۆن بۆ دواخستنی سەرژمێری هەرواش بوو بڕیارەكەیان دەركرد. بەوەی سەرژمێریان بۆ 12/5 دواخست.
ئێمە پرسیمان بەڕێز عارف تەیفور ئێوە وەك نوێنەرانی كورد چ هەنگاوێكتان هاوێشتووە لەوبارەیەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، پێیانم راگەیاند كە چ گرەنتیەك هەیە عەرەبە شۆڤینی و توركمانەكان لەو بەروارەش رازین سەرژمێری بكرێ. ئەوانیش هیچ گرەنیتەكیان نییە، دوا بەدوای ئەوەش بەرەی توركمانی بەیاننامەیەكی دەركرد كە بەو بەروارەش رازیی نین و داوایان كردووە سەرژمێری نەكرێت، ئەمەش شتێكی زۆر خراپە و كاریگەری لەسەر ئایندەی ئێراق دەبێت، بەم سەرژمێرییە رێژەی دانیشتوانی ناوچە دابڕێنراوەكان ئاشكرا دەبوو. هەموو راستییەكان دەردەكەوتن و دەبووە بنەمایەكی زۆر باش بۆ پەرەپێدانی هەموو بوارەكان لە ئێراق، بەڵام بەداخەوە بە هاندانی عەرەبە شۆڤینیەكان ئەنجوومەنی وەزیران داواكەیانی پەسەند كرد و پرۆسەكەی دواخست و بڕواشم وایە لەو وادەیەیش پرۆسەكەی ئەنجام نادرێت.
لە بەڕێز عارف تەیفورمان پرسی، ئەم بڕیارە و دواخستنی سەرژمێری كاریگەری دەخاتە سەر پێكهێنانی حكوومەت و دەبێتە خاڵێك بۆ گفتوگۆكان، ناوبراو رایگەیاند: بەڵێ بێگومان كاریگەری دەبێت لەسەر دانووستانەكان، هەروەها نیشانەی پرسیاریش دروست دەكات، لە كاتێكدا حكوومەتی ئێراقی حكوومەتی -كار راییكردنە- مالیكی سەرپەرشتی دەكات، لەم كاتەدا بەدەم داوای شۆڤینیەكانەوە بچێت ئەوا چوار ساڵی ئایندە زیاتریش بەدەنگیانەوە دەچێت، ئەو شۆڤینیانە نەك بۆ ئەم بابەتە، بۆ زۆر بابەتی دیكە لەمپەر دروست دەكەن، هەروەك عارف تەیفور ئاماژەی پێدا، ئەم بڕیارەی سەرۆك وەزیران پێویست بە هەڵوەستە دەكات و دەبێت بە پەیوەندییەكانی خۆماندا بچینەوە و خۆمان كۆبكەینەوە و پتەوتر كار بكەین و یەكدەنگیەكانمان چڕ بكەینەوە بۆ وەدەستهێنانی مافەكانمان، ئەو بەڵنیانەی پێمان دەدرێ، ئەگەر فشاری خۆمان نەنێت جێبەجێ ناكرێت.
دواخستنی سەرژمێری بە پێوەری دەستووری و یاسایی ناگونجێت، ئێمە پرسیارمان كرد، ئایا ئێوە پەنا دەبنە بەر دادگای فیدراڵی، بەڕێز تەیفور ئاماژەی بەوەدا، لە دواخستنی سەرژمێریدا پارساڵ لیستی هاوپەیمانی داوایەكی تۆماركرد لە دادگای فیدراڵی و دوای چەند دانیشتنێك دادگا لەبەرژەوەندی ئێمە بڕیاری دەركرد و حكوومەتی تۆمەتباركرد و سزایشی بۆ سەرۆك وەزیران دەركرد، بەتەئكید ئەمجارەش دەتوانین داوا تۆمار بكەین، بەڵام عەرەبەكانیش تەجاوزی هەموو ئەو بڕیارەی دادگا دەكەن و حسابی بۆ ناكەن، بەڵام نازانین سوودی دەبێت یانا.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی كورد ئەم هەنگاوە، واتا دواخستنی سەرژمێری كاریگەری لەسەر گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی ئایندەی ئێراق دەكات، لەمبارەیەوە پرسیارمان كرد، بەڕێز عارف تەیفور ئاماژەی بەوەدا، خۆمان ئامادەكردووە، بزانین بەرنامەی حكوومەت چۆنە و بەڵێنەكان تاچەند پابەند دەبێت پێوەی و ئیلتیزام بە بەڵێنەكانی دەكات، ئێمە بڕیارمانداوە بەشداری لە حكوومەتێك نەكەین بەرنامەكەی رۆشن نەبێت، ئێمە حەز دەكەین حكوومەتی شەراكەتی گشتی بێت و لایەنێك بەتەنیا تێدا باڵادەست نەبێت