عه‌ره‌ب و كێشه‌ی دیموكراسی
به‌ئاسانی له‌لایه‌ن چاودێرێكی وردبینه‌وه هه‌ستی پێده‌كرێت، مرۆڤ روو له‌هه‌ر پایته‌ختێكی عه‌ره‌ب بكات یاخود گوێ له‌ده‌نگ و سه‌لیقه‌كانی بگرێت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به‌دی ده‌كات.
له‌ڕاستیدا به‌شێكی زۆری ئه‌م نائومێدییه شێوازێكی به‌رائه‌ت ئاسا گه‌ر نه‌ڵێین ساویلكه وه‌رده‌گرێت و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ئه‌و شته چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌یه كه‌ده‌ڵێت ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كان له‌ساته‌وه‌ختی یه‌كلاكردنه‌وه‌دا به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌كانی خۆیان زاڵ ده‌كه‌ن! راستییه‌كه‌ی زاڵكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان وه‌كو پێناسه ئه‌ركێكی له‌پێشه‌وه‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌تێكه، به‌لام ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا به‌و مانایه نییه كه ده‌ستبه‌رداری دیموكراسی بین، چونكه ئه‌مجۆره ده‌ستبه‌رداربوونه ته‌نیا ئه‌و كاته رووده‌دات كهناتهبایی له‌نێوان دیموكراسی و بهرژهوهندییهكاندا ده‌بێته مه‌سه‌له‌یه‌كی بنبه‌ست، واته له‌پرسی ده‌وڵه‌ته‌كاندا نه‌رمی نواندن و سازشكارییهك هه‌یه كه به‌دووانه ئایدۆلۆژییه لێبڕاوهكان ناچن.
دیموكراسی له‌جیاتی سته‌مكاریی
بۆ نموونه ئه‌مریكا دیموكراسی له‌جیهانی عه‌ره‌بدا له‌سته‌مكاریی پێ باشتره، وه‌ك چۆن یه‌كێتی سۆڤیه‌ت پێی باشتر بوو سیستمی كۆمۆنیست یاخود سۆشیالیست له‌شوێنی سیستمه سه‌رمایه‌داری یان نیمچه سه‌رمایه‌دارییه‌كاندا بێنهكایهوه، به‌لام ئه‌و به‌په‌سه‌ند زانینه رێگر نه‌بوو له‌وه‌ی سۆڤیه‌ت له‌دژی زۆرێك لهكۆمۆنیستهكان له‌دنیادا ده‌ست پێكه‌ڵ بكات، بۆ نموونه كۆمۆنیسته‌كانی یۆنان كه له‌كۆتایی جه‌نگی دووه‌می جیهاندا قهتڵوعامكران، یاخود كۆمۆنیسته‌كانی میسر كهمۆسكۆ له‌ساڵی 1964دا داوای لێ‌كردن حزبه‌كه‌یان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و تێكه‌ڵی (ئیتیحادی ئیشتراكی) ببن.
خراپیش نییه ئه‌وه وه‌بیربهێنینه‌وه كهولاته دیموكراتییه خۆرئاواكانیش جارێك له‌جاران له‌دژی ولاتێكی ئه‌وروپایی دیموكراتدا ده‌ستیان تێكهلاوكردووه، ئه‌ویش له‌ئه‌نجامی سات و سه‌ودای په‌یماننامه‌ی به‌ناوبانگی (میونیخ)دا كه‌پاڵی بهفهرهنسییهكان و به‌ریتانیه‌كانه‌وه نا چیكۆسلۆڤاكیا بۆ ئه‌دۆڵف هیتله‌ر جێبهێڵن كه‌واته نموونه زۆره‌و وێكنهچوونه به‌رچاوه‌كانیش زۆرن.
به‌لام له‌حاڵه‌تی ئێمه‌دا، پاساو و هانده‌ره‌كانی (جه‌نگ دژی تیرۆریزم) له‌وانه به‌هێزكردنی رژێمه هاوپه‌یمانه‌كانی واشنتۆن، له‌گه‌ڵ دیموكراسییدا تووشی پێكدادان هاتوون، ئه‌و دیموكراسییه‌ی خۆی له‌خۆیدا مانای لاوازكردنی ئه‌و رژێمه هاوپه‌یمانانه ده‌گه‌یه‌نێت.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه كه (جه‌نگ دژی تیرۆریزم) درێژه‌ی كێشاوه‌و لق و پۆپی لێبووه‌ته‌وه كه‌چی به‌رهه‌م و داهاته‌كانی كه‌من، ئه‌وا ئه‌و پێكه‌وه سازانه‌ی له‌سه‌رده‌می بوش له‌نێوان (به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان) و (پره‌نسیپه‌كان)دا هه‌بوو ئیدی كه‌وته به‌ر گۆڕین و چاوپێداخشاندنه‌وه.
به‌مشێوه‌یه ئۆبامیزم بوو به‌ئه‌ڵته‌رناتیڤی بوشیزم كه‌دوای به‌رپاكردنی دوو جه‌نگی گه‌وره ده‌ركه‌وت نشوستی هێناوه، جگه له‌وه‌ش پره‌نسیپێك خۆی قوت كرده‌وه كه‌ده‌ڵێت دیموكراسی لهخۆرههلاتی ناوه‌ڕاستدا به‌و پێیه‌ی له‌مه‌ودای دووردا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی ئه‌مریكاییه، ئیدی به‌كرده‌وه بووه‌ته گرانبارییهك به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه راستهوخۆكانی ئه‌مریكا، به‌بێ ئه‌وه‌ی وێكنهچوونێكی تیۆری یان ریشه‌یی له‌نێوان هه‌ردوو مه‌سه‌له‌كه‌دا هه‌بێت.
ئه‌م قسه‌یه پاڵپشت بووه به‌دوو راستی حاشا هه‌ڵنه‌گرو جێگه‌ی داخ: یه‌كه‌میان، دیموكراسی لهمیسرو فه‌له‌ستیندا به‌قازانجی (ئیخوان موسلیمین)و جولانه‌وه‌ی (حه‌ماس) بووه، دووه‌میشیان، دیموكراسی له‌عیراقدا له‌دوایین شیكردنه‌وه‌یدا، له‌قازانجی ئێران‌دا بووه، هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ش (ئیخوان و حه‌ماس و ئێران) رادیكاڵ و ئوسووڵی و دژی ئه‌مریكان، كه‌واته ئه‌و هه‌موو هیلاكییه له‌پای چی؟
به‌لام لێپرسراوێتی ده‌وڵه‌تانی خۆرئاوا به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا، نابێت لێپرسراوێتی كۆمه‌ڵگه‌و كه‌لتور له‌جیهانی عه‌ره‌بدا په‌رده‌پۆش بكات، كهلێپرسراوێتیهكی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌رچی قورسایی زیاتری خستووه‌ته سه‌ر باكگراونده‌كان وه‌ك له‌وه‌ی بایه‌خ به‌پرسی هه‌نووكه‌یی بدات.
واقیعی تائیفی یان نیشتمانیی؟
داخوازیی دیموكراسی (نه‌ك ته‌نیا به‌رچاو خستنی) جاران و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت چالاكییه‌كی به‌رته‌سكی ده‌سته‌بژێر بووه كه یانه‌كانی چالاكوانان و رووناكبیران و بڵندگۆو رایهڵهكانیان له‌جیهانی عه‌ره‌بدا ئه‌ركه‌كه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرتووه، هه‌رگیز نه‌بووه‌ته داخوازییه‌كی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ریی به‌وێنه‌ی ئه‌و داخوازیانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ناسیۆنالیزم یان ئیسلام یاخود فه‌له‌ستینه‌وه، له‌وه‌ش زیاتر، پتر لهبهڵگهیهك هه‌یه به‌وه‌ی گه‌له‌كانمان هه‌میشه ئاماده‌ن به‌رامبه‌ر سته‌مكاری حوكمڕانێكی سته‌مكار لێبورده بن كاتێك ئه‌و حوكمڕانه له‌هه‌مبه‌ر خۆرئاوا‌و ئهمریكاو ئیسرائیل‌دا هه‌ڵوێستێكی رادیكالانهی ده‌بێت، له‌م دۆخه‌دا، زۆربه‌ی زۆرمان مه‌یلداری ئه‌وه‌ین پرسی دیموكراسی و سته‌مكاری بخه‌ینه نێو دووكهوانه یان ئامێریی مجهمیدهوه. پاشان، سه‌ره‌نجامی عیراق (جه‌نگی 2003-ی ئه‌مریكا)و لوبنان (جوولاندنهوهی 14ی ئادارو ده‌رهاویشته‌كانی) نیشانیده‌ده‌ن كهواقیعی تایه‌فی و ئتنیكی له‌هه‌ردوو ولاتهكهو چه‌ندین ولاتی دیكه‌ی هاوشێوه‌دا زۆر له‌واقیعی نیشتمانی به‌هێزتره.
ئه‌مه په‌ره‌سه‌ندنێكی نائومێدكه‌ره بۆ دیموكراسی كه له‌دوای گه‌لاڵه‌بوونی نیشتمانییه‌وه دێت و به‌بێ ئه‌وه هیچ مانایه‌كی نابێت.
ئه‌و لانیكه‌مه‌ی له‌م باره‌دا بوونی نییه بریتییه له‌ئاسایش كه به‌بێ ئه‌وه نهدیموكراسی و (نه هیچ سیستمێك) بنیات نانرێت، هه‌روه‌ها چینی ناوه‌ندی سه‌رووی گرووپه تایه‌فی و ئیتنیكیه‌كان كه به‌بێ ئه‌و چینه، دیموكراسی ته‌نیا وتار خوێندنه‌وه‌و ئینشا (داڕشتن)و نیاز باشییهو هیچی تر.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، كه‌ئه‌م مه‌سه‌له‌یه لهولاتهكانمان و له‌چه‌ندین ولاتی دیكه‌ی جیهانی سێیه‌مدا (ڤه‌نزوێلای چاڤێزو زیمبابۆیی مۆگابی) مه‌سه‌له‌یه‌كی راسته، ئێمه خۆمان له‌ساته‌وه‌ختێكی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه قورسه‌دا به‌دیكردووه كه‌زاده‌ی پێكه‌وه كۆبوونه‌وه‌ی دیموكراسی و سه‌رمایه‌داریی بازاڕن له‌سایه‌ی قۆناغی گواستنه‌وه‌ی جیهانگیرییدا، ئیدی به‌مشێوه‌یه فاكته‌ری جه‌ماوه‌ری و تۆڵه سه‌ندنه‌وه له‌دیموكراسیدا به‌و پێیه‌ی موماره‌سه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنه رۆڵیان گه‌وره بووه، به‌مشێوه‌یه ئه‌و زۆرینه جه‌ماوه‌رییانه‌ی كهههژاریی برسێتی لێبڕیوون و شۆڕشی دیمۆگرافیا قه‌به‌ی كردوون وایان لێهات. سندوقی هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی تۆڵه ئاسا له‌دژی ئه‌و كهمیانهدا به‌كاربهێنن كه‌زۆربه‌ی جار زاده‌ی ناسنامه‌ی ئایینی یان تایه‌فی یاخود ئیتنیكێكی جیاوازن.
پرسیاره‌كه قورسه‌كه
بۆیه ئه‌و پرسیاره قورسه‌ی كه‌ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕووی دیموكراسیخوازێك ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه ئایا به‌ده‌ستكه‌وتی دیموكراتی رازیت له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربوون له‌چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی دیكه كه لهگرنگییدا هیچیان كه‌متر نییه‌و په‌یوه‌ستن به‌عه‌لمانیه‌ت بوون و خوێندن و خۆراك و پۆشاك و هه‌تا دواییه‌وه؟ دواجار، نه مهنتیقییهو نه‌پێشبینی ده‌كرێت دیموكراسی لهولاتهكهماندا هه‌ڵ بكات به‌ر له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌لتوری خۆرئاوایی و خۆرئاوادا ئاشت ببێته‌وه، دیموكراسی كه له‌كه‌شوهه‌وای جه‌نگ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه جۆراوجۆره چاره‌نووسسازه‌كاندا بوونی نییه، ئه‌مكاره‌ش پێشتر رووی نه‌داوه‌و له‌مه‌ودای نزیكیشدا روونادات، به‌هه‌مانشێوه دیموكراسی به‌فرت و فێڵ یاخود به‌پارچه پارچه‌و هه‌ڵبژاردنی چه‌ند بڕگه‌یه‌ك نابێت، به‌شێوه‌ی: دیموكراسیمان ده‌وێت و عهلمانیهتمان ناوێت (یاخود عهلمانیهتمان ده‌وێت و دیموكراسییمان ناوێت)، یان ئه‌وه‌تا ئاسۆی مۆدێرنێته‌ی مێژووی وه‌رده‌گرین یان پشتگوێی ده‌خه‌ین، خراپیش نییه ئه‌وه وه‌بیربهێنینه‌وه كه هه‌موو به‌روبوومی مۆدێرنێته‌ی (هاورده) هه‌ر بههاوردهیی ماونه‌ته‌وه بێ ئه‌وه‌ی لای ئێمه ملكه‌چی گونجاندن له‌گه‌ڵ ژینگه‌كه‌دا بكرێن، هه‌ر لهنیشتمانپهروهرییهوه تاوه‌كو سۆشیالیزم، كه‌واته بۆچی چانسی دیموكراسی باشتر ده‌بێت؟
ئه‌و تێبینیانه ته‌نیا چه‌ند ناونیشانێكی گشتیین كه لێپرسراوێتی ئێمه وه‌گ گه‌ل و گرووپ و ده‌سته‌بژێر به‌رامبه‌ر چاره‌نووسی خه‌بات له‌پێناوی دیموكراسییدا ده‌رده‌خه‌ن (خۆزگه به‌دروشمی ساده‌تر ده‌ستی پێبكردایه، بۆ نموونه حوكمی یاسا). واچاكه ئه‌م لێپرسراوێتییهمان بخرێته به‌ر گفتوگۆیه‌كی به‌رفراوانه‌وه، چونكه ره‌خنه‌گرتنی چالاكوانانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ له‌رووداوه‌كانی ئهمریكاو (ره‌نگدانه‌وه‌یان) به‌سه‌ر ئێمه‌دا به‌س نییه، ئه‌مجۆره كاره جارێكی دیكه ئه‌و چالاكوانانه ده‌باته‌وه نێو هۆشیارییه‌كی ناسیۆنالیستی وه‌هاوه كه‌هه‌ر ره‌خنه‌گرتنێك له‌پێكهاته‌ی كه‌لتوری و سۆسیۆلۆژیمان به‌كارێكی خراپ ده‌زانێت، بێگومان ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی مه‌به‌سته بنچینهییهكهیانه.