ئایندەی كوردستان و بەرەنگاربوونەوەی فەرهەنگی توندوتیژی

ئایندەی كوردستان و بەرەنگاربوونەوەی فەرهەنگی توندوتیژی
2019-07-06T23:59:43+00:00

گەلی كوردستان، بەتایبەتی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو بە زۆر قۆناغی سەخت تێپەڕی، بەردەوام دووچاری شەڕی پاکتاوی و جەنگی دەروونی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا توانی بە برینداری هێزی خۆی کۆبکاتەوە و کار بۆ مانەوە خۆی بکات.

لەو قۆناغە و تەنانەت پێش ئەو قۆناغيش ناسەقامگیری لە هەموو ڕوویەکەوە باڵی کێشابوو بەسەر کۆمەڵەی كوردستان.

زۆر بە دەگمەن دەرفەت هەبوو بۆ کارکردن لەسەر پرۆژەی دووبارە بونیادنانی کەسایەتی کوردستانی و دروستکردنی متمانە لە نێو کۆمەڵەی كوردستانی و بڵاوکردنەوەی ئاسایش و ئاشتی لە نێوان نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی کوردستان و هاندانی پرۆژەی سەرخستنی زمانی دیالۆگ بەسەر زمانی زبر و بەکارهێنانی هەڕەشە و تۆقاندن و کارکردن بۆ باڵادەستی زمانی ژیان بەسەر زمانی مەرگ.

گەلی كوردستان ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێ پێویستی بە پرۆژەی درووستکرنی ڕای گشتی نوێ هەیە، کە بونیادنان و پەرەپێدان و پێشکەوتن لە خۆ بگرێت و تێکدان و دواکەوتن ڕەت بکاتەوە.

پرۆژەی ڕاستکردنەوەی چەمکە ناتەندرووستەکان لە ڕێباز و باوەڕ و دەستەواژە پیرۆزەکان پیویستیەکی هەنوکەییە.

ئەو پرۆژەیەی کۆمەڵگا بەهێز دەکات و بەهای دادپەروەی و ئازادی و دانپێنان بە کەسی تر لە خۆ دەگرێت.

ئەو پرۆژەیەی قەناعەتی نوێ بۆ بەکارهێنانی ناتوندوتیژی پشت ئەستوور بە بنچینە و بەها شارستانیەتەکان درووست دەکات.

پێمان وایە هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و مومارەسەیەکی شارستانیانە زەمینە ساز دەکات  دەکات بۆ درووستبوونی دیالۆگی شارستانیانە و قبوڵکردنی کەسی بەرامبەر  لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ ململانێەکان و لە پێناو دەستەبەرکردنی خواست و بەرژەوەندی ئەو لایەنانەی لە مشتومڕن،  بێ پەنابردن بۆ توندوتیژی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان.

دید و چەمکەکان لە بیر و باوەڕ و ڕێبازەکانەوە سەرچاوە دەگرن و ڕەنگدانەوەیان دەبێت لەسەر ڕەفتار و مامەڵەکردنی ڕۆژانە لەگەڵ دەوروبەر .

بۆیە ئاراستەکردنی مرۆڤەکان و گۆڕینی ڕێڕەویان بەرەو ناتوندوتیژی لە خودی مرۆڤ و لە بیر و باوەڕ و دیدگای مەرۆڤەوە دەست پێ دەکات.

بە پێویست دەزانرێت، جەخت لەسەر فەرهەنگی ناتوندوتیژی بکرێت، بۆ چەسپاندنی ڕێبازی ناتوندوتیژی لەناو هزر و  ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگا.

پێویستە کار لەسەر چەمکی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان گەلان و مافی چارەنووس بکرێت.

پێویستە دەقە ئایینیەکان و سەرجەم بەرهەمی گەورە بیرمەند و فەیلەسوف و یاسا جیهانیەکان زەق بکرێنەوە، ئەو تێکستانەی ناتوندوتیژی وەکو فەرهەنگ بەرجەستە دەکەن. پێویستە سەرچاوە ئەرێنیەکان بکرێن بە خۆراكی ڕۆژانەی تاکی کۆمەڵگا، تاوەکو بە ئاسانی کارا بکرێن و لەناو  ڕەفتار و مامەڵەی ڕۆژانەی مرۆڤەکان ڕەنگدانەوەیان هەبێت.

میکانیزمەکانی کارکردن لە سەر ئەم بابەتە بریتین لە ورووژاندنیئەو  زانیاری و بابەتانەی، کە هاندەری داڕشتنەوەی فەرهەنگی ناتوندوتیژین.

بوارەکانی وەکو تەفسیر و گێڕانەوە و مێژوو و ئەدەب و ڕۆمان و هونەر بەهەموو لقەکانی، دەتوانن فەرهەنگی ناتوندوتیژی بکەن بە ناوەڕۆك و دروشم.

پێویستە ئەو میتۆلۆژیا و داستانانە لەناو بدرێن، کە دەبنە مایەی بەردەوامبوون و بووژانەوەی فەرهەنگی توندوتیژی.

پێویستە نوسەر و پسپۆڕ و زانایان کارنامەی میدیا و ئامرازە میدیاییەکان دابڕێژن، یان پەسەند بکەن. هەروەها پێویستە  زانایان و بیرمەندان بەرنامەی هاوچەرخی فێرکردن هەڵبژێرن، تاوەکو لە ڕێگەی ئەو بەرنامانەوە  پەروەردە شێوازێکی مۆدێرن و پر لە بەهاکانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی و زانست و ژینگەپارێزی و مافی مرۆڤ و ئاژەڵدۆستی لە خۆ دەگرێت و کتێب و بەرنامەکانی خوێندن پاك دەکرێتەوە لە هەر بابەتێك، کە پەیوەندی هەیە بە توندوتیژی.

پێویستە لە هەرێمی كوردستان ڕۆژێك دیاری بکرێت بۆ ئاشتی و برایەتی و خۆشەویستی، کە گەورەترین سەرمایەی جیهانە و ئایندەی کوردستان لەسەری بەندە.

دکتۆر سامان سۆرانی

Shafaq Live
Shafaq Live