ئینگلیسه‌كان له فه‌یلیه‌كان خۆش نابن؟!
شه‌فه‌ق نيوز/ ساڵی 1970 كه رێكه‌وتن نامه‌ی 11ی ئازار واژۆ كرا، رژێمی به‌عس قۆناغی پاكتاوی ره‌گه‌زی له ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ده‌ست پێكرد. له‌و شاڵاوه‌دا كوردانی فه‌یلی كرانه ئامانج و بارزانی نه‌مر بۆ به‌ره‌وانی وهاوسه‌نگ راگرتنی بوونی كورد له به‌غداو باشوور‌و ناوه‌راستی عیراق لێبڕا كه حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم سكرتێری ئه‌و كاته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان كه كوردێكی فه‌یل بوو، له‌سه‌ر پشكی پارتی بۆ جێگری سه‌رۆك كۆمار كاندید بكات. دیاره به‌عس به‌و كاره رازی نه‌بوو و بارزانیش پێداگری ده‌كرد.
هه‌رچی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی بوو ده‌یخواست بۆ به‌رده‌وامی رێكه‌وتنه‌كه نهرمو نیانی زیاتر نیشان بدرێ و خۆی له‌و دۆسیه‌و بابه‌تانه‌ی كه ههستیارو ورووژێنه‌ر بوون له نێوان به‌عس و سه‌ركردایه‌تی كورد به دوور بگرێ.
مه‌كته‌بی سیاسی نه‌یده‌خواست مه‌سه‌له‌ی ده‌ركردنی كوردانی فه‌یلی به بیانووی (ته‌به‌عیه) ی ئێرانی كار بكاته سه‌ر رێكه‌وتنه‌كه و هه‌رچی رژێمیشه پشت ئه‌ستوور به بڕیاری خۆی لێبڕا به ئاشكرا‌و به ره‌سمی ده‌یان هه‌زار كوردی فه‌یلی ده‌ربكات.
من ئه‌و كات وه‌ك ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی وبه‌رپرسی رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان جیا له كاری حزبی له دایره‌ی ( مقاولات عامه)ی سه‌ر به دیوانی رئاسه به‌رپرسی (مخازن و مشتریات) بووم كه ئه‌و كات عه‌دنان قه‌ساب كه خۆی له گه‌روه به‌رپرسانی حزبی به‌عس و ئه‌ندامی (قیاده قطریه)ی ئه‌و حزبه بووه، به‌رێوه‌به‌ری گشتی شه‌ریكه‌ی مقاولات بوو .
له‌و كاتانه‌دا كه ده‌نگۆی دهركردنهكه به‌هێزتر بوودهمویست بزانم ئه‌م بڕیاره به كوێ ده‌گات.
ناسیاوێكم به ناوی ره‌فیق پشده‌ری كه له موخابه‌راتی عیراقی‌دا كاری ده‌كرد و نێوانی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كری سه‌رۆك كۆماری ئه‌و سه‌رده‌مه خۆش بوو، هه‌ر كات ناوه ناوه بۆ سه‌ردانی ئه‌و ده‌چوو، به حوكمی ئه‌وه‌ی كه بینای دایره‌كه‌ی ئێمه به‌رامبه‌ر به كۆشكی سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵكه‌وتبوو ده‌هاته لام و به‌ده‌م چا خواردنه‌وه كه‌مێك گفتوگۆمان ده‌كرد.
له یادمه، له‌و رۆژانه‌ی كه بڕیاری (تسفیرات) فه‌یلیه‌كان گه‌رم بوو، وه‌ك هه‌میشه هاته لام و وتی ده‌چم بۆ لای ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر. ئه‌و هه‌له‌م به ده‌رفه‌ت زانی و داوام لێ‌كرد پرسیاری هۆكاری بڕیاری ده‌ركردنی كوردانی فه‌یلی لی بكات. دوای دیداره‌كه‌ی، هێنده‌ی پێ نه‌چوو كه گه‌ڕایه‌وه بۆ لام ده‌م به پێكه‌نین پێی وتم ؛ سه‌رۆك كۆمار هۆشداری و هه‌ره‌شه‌ی لێكردێ!
وتم بۆههڕهشهم لێ ده‌كات؟! له وڵامدا گوتی؛ پێی بڵێ با خۆی له كار‌و باری ئێمه هه‌ڵنه‌قورتێنێ. ئێمه بڕیارمان داوه په‌نجا هه‌زار كوردی فه‌یلی ده‌ربكه‌ین و ئه‌گه‌ر ئه‌و ژماره‌یه ته‌واو نه‌كرا، دوو دڵ نابین كه فه‌یلیه‌كانی ناو پارتیش، به تایبه‌ت ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی بخه‌ینه ناو لیسته‌كه‌و ده‌ریان بكه‌ین!! خاڵی جێ سه‌رنجم ئه‌وه‌یه كه كاتێك ته‌سفیرات ده‌ستی پێكراو پرۆسه‌ی ئه‌و قۆناغه‌ی سه‌ره‌تاكانی حه‌فتاكان ته‌واو بوو، رێك ئه‌و ژماره‌یه‌ی كه ئاماژه‌ی پێكرا واته 50 هه‌زار كوردی فه‌یلی ده‌ركران .
له یادمه، دواتردهنگۆی ئه‌وه بڵاو كرایه‌وه كه به‌ریتانیایه‌كان پلان دارێژه‌ری ئه‌و به‌رنامه‌یه بوون و ئێران و توركیاشیان قایل كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له نێوان زۆرینه‌ی شیعه و كه‌مینه‌ی سوونه دروست بكرێ، ده‌بێ ژماریه‌ك كوردی شیعه ده‌ربكرێ . به بڕوای من زیاتر له‌وه‌ش هۆشداری بوو بۆ سه‌ركرایه‌تی كورد كه حكومه‌تی ناوه‌ند ده‌توانێ به زۆر شێوه ئازاری بدات، یه‌ك له‌وانه‌ش ده‌ركردنی رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی.
دوودڵ نیم له‌وه‌ی ئه‌مه‌ش به‌رده‌وامی ئه‌و سیاسه‌ته بوو كه له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی عیراق و له پرۆسه‌ی سه‌رژمێری، خه‌ڵك به ته‌به‌عیه‌ی عوسمانی و ته‌به‌عیه‌ی ئێرانی ناو نووس كران. هه‌روه‌ك چۆن كاتێك نه‌یانتوانی كه‌سایه‌تییه‌كی عراقی دهستهمۆوگوێ رایه‌لی گشت لا په‌سه‌ند بكه‌نه حوكمڕانی عیراق ، روویان له خانه‌واده‌ی هاشمیه‌كان كرد و كه‌سیك به ناوی فه‌یسه‌ڵ كه گوایا قورهیشیهو ده‌بێته جێی ره‌زامه‌ندی هه‌موو عیراقیه‌كان، هێنایان و كردیان به مه‌لیكی ئه‌م وڵاته و هاووڵاتیه ره‌سه‌نه‌كانی ئه‌م وڵاته‌شیان (كوردانی فه‌یلی) به بیانووی ته‌به‌عیه ده‌ركرد.
ئه‌و یاسایه 100 ساڵه كاری پی ده‌كرێ ولهم عیراقه‌دا كه‌س هێنده گلهمهندی سه‌پاندن و هێنانی حوكمڕانێكی بیانی نه‌بووه تا دژی بڕیاری شۆفێنیستانهی حوكمڕانه‌كانی بوه‌ستێ و له چه‌وساندنه‌وه‌و ده‌ركردنی هاووڵاتیانی خۆی نارازی بێ.
له سه‌ره‌تای دامه‌زراندی ئه‌م وڵاته و تا نه‌مانی به‌عس و سه‌ددام ، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مینه‌یه‌ك (عه‌ره‌بی سوننه ) پاساویان بۆ حوكم و جێبه‌جێ كردنی سیاسه‌ته‌كانی به‌ریتانیا هه‌بێ، هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات و هه‌رچی ده‌زگای سه‌ره‌كییه له هێزی چهكدارو وه‌زاره‌ته گرنگه‌كان هه‌ر هه‌مووی درابووه ئه‌وان و ته‌نیا هه‌ندێ ده‌زگای مه‌ده‌نی و ناسه‌ربازی درابووه زۆرینه‌ی شیعه و كوردیش له هه‌موو مافه‌كانی بێبه‌ش كرا‌و و به بڕوای من به‌ریتانیا هه‌رگیز له فه‌یلیه‌كان خۆش نه‌بووه.
یه‌دوڵلا كه‌ریم